سياسەت

دهۆک.. بەڕێوەچوونى کۆنفرانسى ئایندەى کوردستانى دواى داعش

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى پارێزگارى دهۆک و ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسانى باڵاى حکومى و حزبى لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى دهۆک یەکەم رۆژى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانست بەڕێوەچوو.

Azat Muhammet  | 23.04.2017 - نوێکردنەوە : 24.04.2017
دهۆک.. بەڕێوەچوونى کۆنفرانسى ئایندەى کوردستانى دواى داعش

Dahuk

دهۆک-AA

لە سەرەتاى کۆنفرانسەکەدا، پارێزگارى دهۆک، فەرهاد ئەمین ئەتروشی وێڕاى بەخێرهاتنى میوانان و خۆشحاڵى دەربڕین رایگەیاند "دواى ساڵى ٢٠١٤ و تەنگەژە سیاسى و ئابوورى و سەربازییەکانى بە هۆى شەڕى داعش و بڕینى مووچە و بوودجەى هەرێمى کوردستان، هەرێم دووچارى دۆخێکى نا هەموار بوویەوە، لەگەڵ ئەو هەموو ئاڵوگارییانە زۆر شتى باش و پڕۆژەى باشیش کرا کە پێویستە ئەم خزمەتگوزارییانە بەردەوام بن".

دواتر پڕۆفیسۆر و رۆناکبیرى تورک، ئیسماعیل پێشکچى لە وتاریکدا لە بارەى سنوور، ریفراندۆم و سەربەخۆیی کرد و سەرەتا باسى لە رۆڵى زانکۆ کرد و گوتى: "رۆڵى زانکۆکان بۆ سەربەخۆیی زۆر گرنگە و پێویستە لە زانکۆکاندا ئازادى و ئازادى رادەربڕین بوونى هەبێت، چونکە ئەمە بنەماى کۆمەڵگەیەکى تەندروستە بۆ دەوڵەتێکى تەندروست و سەرکەوتوو".

ئیسماعیل بێشکچى گوتیشى: "بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان دەبێت کورد کیمیابارانى هەڵەبجە لەبیر نەکات و، بزانێت چۆن و بۆچى ئەنفال کراوە هەروەها ناوەندى ئاسایشى سلێمانى سەردەمی بەعس (ئەمنە سوورەکە)یان لەبەرچاو بێت، دواى ئەو هەموو کارەساتە دەبێت کورد سەربەخۆ بێت ریفراندۆم ئەنجام بدات و لە رێگەى ریفراندۆمەوە ئامانجەکانى بپێکێت، کورد ئەگەر ئەمنە سوورەکەى سلێمانى بەبیر بێت و بزانێت چى تێیدا روویداوە و چەند کەس کوژراون و چەند کەسى دیکە ئەشکەنجە دراون، بیر لەوە بکەینەوە چۆن دەتوانین بڵێین یەکپارچەیی خاکى عێراق با بەردەوام بێت؟ نەخێر ناتوانین بڵێین بەڵێ بۆ یەکپارچەیی خاکى عێراق مەگەر هەموو پێکهاتەکان هەموو پێکەوە بن بە یەکسانى بژین ئەمەش نەبووە".

ئینجا لە پانێلێکى کراوەدا لە یەکەم کۆنفرانسى نێودەوڵەوتى زانست بۆ ئایندەى کوردستان دواى نەمانى داعش یاریدەدەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هێمن هەورامى هۆکارى دروستبوونى داعشى بۆ بوونى بۆشایی ئەمنى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گێڕایەوە و گوتى: "بۆشایی ئەمنى لە رۆژهەلاتى ناوەڕاست و عێراق بوونى هەبووە، بۆیە داعش وا سەریهەڵدا و پەرەى سەند، پێشبینییەکان بۆ ساڵى ٢٠٢٥ ئەوەیە کە ململانێکانى نێوان شیعە و سوننە هەروەها شیعە لەگەڵ شیعە و سوننە لەگەڵ سوننە لە عێراق زیاتر دەبێت و بەرەو ناکۆکى توندوتیژ دەچێت، بە پێى زۆرترین سەرچاوە هەموو پێشبینى و بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن".

هێمن هەورامى ئاشکراى دەکات لەگەڵ فراوانبوونى بۆشایی حکومڕانى، بۆشایی سیاسى، ئەمنى، سەربازى و دامەزراوەیی هەروەها لەگەڵ شکستخواردنى وڵاتانى ناوچەکە رێژەى کردەوەى تیرۆریستى زیاتر بووە لە بە پێى ئامارەکان لە ساڵى ١٩٩٨ بۆ ٢٠٠٤ ساڵانە ٣٠٠ کردەوەى تیرۆریستى هەبووە، بەڵام لە ساڵى ٢٠١١ بۆ ساڵى ٢٠١٤ رێژەى کردەوەى تیرۆریستى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ساڵێکدا ٤ هەزار و ٥٠٠ بەرزبووەتەوە، بۆیە هەموو مەبەستێکمان ئەوەیە کە ئێمە لە ژینگەیەکدا دەژین بۆ ئەوەى خۆمان بپارێزین، جگە لە سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان هیچ شتێکى دیکە نییە لەو ژینگە ئاڵۆزەدا بمانپارێزیت".

گوتیشى: "هەڕەشەکانى داعش و قاعیدە بۆ دە ساڵى ئایندە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەردەوام دەبێت. لە ئێستادا بۆ وشکردنى سەرچاوە داراییەکانى تیرۆریستان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ساڵى ٢٠٢٥ پێویستیمان بە دابینکردنى ١٠٥ ملیۆن هەلى کارە بۆ هاووڵاتییان، تاوەکو داعش سوودمەند نەبێت لە رێژەى بێکارى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست".

یاریدەدەرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هێمن هەورامى دەڵێت "بۆ قۆناغى دواى تێکشکانى سەربازى و جوگرافى داعش لە مووسڵ، جگە لە سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان هیچ بژاردەیەکى دیکەى لەبەردەم نەماوە، چونکە دەیان بژاردەى دیکەى چەندین ساڵى رابردوومان تاقیکردووەتەوە".

دەشڵێت "هەڵوێستى وڵاتان پێش راگەیاندنى سەربەخۆیی نییە، هیچ وڵاتانێک پێش راگەیاندنى سەربەخۆیی داننانێت بە سەربەخۆییەکەت، بەڵکو دواى راگەیاندنى سەربەخۆیی، هەموو ئەوانەى دەڵێن ئێستا کاتى دەوڵەتى کوردى نییە و هەبوونى قەیرانى دارایی و پەرتەوازەیی نێو ماڵى کوردى دەکەنە بیانو، پەیامى ئێمە بۆ ئەوان ئەگەر ئێستا کاتى دەوڵەتى کوردى نەبێت کەى کاتیەتى؟ بۆیە داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە ئەمە پرسێکى نەتەوەییە و با دەست لەناو دەست سەرى بخەین".

هەورامى دوایین هەڵوێستى ئەمریکا لەبارەى گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و رۆژهەڵاتى ناوەراست ئاشکرا کرد و گوتى: "دوایین هەڵوێستى ئەمریکا و ئیدارەى نوێى ترەمپ لە چوار ساڵى داهاتوودا سەرەنج دەخاتە سەر دوو خاڵى سەرەکى یەکەمیان کەمکردنەوەى هەژموونى ئێران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دووەمیشیان پێشختنى سیستەم و سەقامگیرى ناوچەیەکەیە".

پاشان سەرۆکى پێشووى دەستەى ناوچە دابڕێندراوەکانى هەرێمى کوردستان، دکتۆر محەمەد ئیحسان گوتى: "ئێمە لەگەڵ عێراقدا گەیشتینە قۆناعێک کە کۆمەڵانێک بوونە سەرکردەى بە بێ سەرۆک، باشترین سیناریۆ رێککەوتنى سیاسى نێوان بەغدا و هەولێرە لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم، ئەگەر بەغدا راست دەکات کە هەرێمى کوردستان بەشێکە لە عێراق با خۆى بفەرموێت ئێوە بۆچى سەربەخۆییتان دەوێت، بەڵام بە داخەوە ئەمە سیفاتى عەقڵییەتى عەرەبییە تەنها خۆیان بە پلە یەک دەبینین".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن