سياسەت

دیندار زێباری: "نەتەوەیەكگرتووەكان رۆڵی هەبووە لە جێبەجێنەكردنی ماددەی 140"

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی لیژنەی باڵای هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانەوە لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی ئازادی ئایینی دەداتەوە.

Hemn Baban  | 23.08.2017 - نوێکردنەوە : 26.08.2017
دیندار زێباری: "نەتەوەیەكگرتووەكان رۆڵی هەبووە لە جێبەجێنەكردنی ماددەی 140"

Arbil

هەولێر-AA

زێباری دەڵێت بە گشتی راپۆرتەكە پێشوازی لێ دەكەن، بەڵام تێبینی و رەخنەشیان لەسەر هەیە.

سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی ئازادی ئایینەكانەوە دەداتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دیندار زێباری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە هۆتێل بیلارۆما لە شاری هەولێر وەڵامی ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای دایەوە كە لە 15ی ئەم مانگە دەرچووە.

لەو بارەیەوە زێباری بۆ دەزگاكانی راگەیاندن كە ئاژانسی ئانادۆڵوش لەوێ بوو روونی كردەوە "ئەمڕۆ وەكو حكوومەتی هەرێم وەڵامی ئەو راپۆرتە گرنگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەدەینەوە كە تایبەتە بە ئازادی ئایینی لە جیهاندا، ئەم راپۆرتە لە كاتێكی گرنگدا دەرچووە كە ئێمە بەرەو پرۆسەی ریفراندۆم دەچین، ئێمە وەكو هەرێم بەشێكین لەو رووماڵەی كراوە، هەروەها بابەتێكی گرنگە بۆ ئێمە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە پابەندبوونی هەرێم لەسەر ئاستی ئازادی ئایینی و بۆ پێكهاتەكانی هەرێم و ئەو شوێنانەشی كە لەمدواییە رزگاركراون".

گوتیشی: "راپۆرتەكە بە گشتی پێشوازی لێدەكەین، راپۆرتەكە لەسەر بنەما سەرەكییەكان لە هەرێمی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی مافە ئیتنی و ئایینیەكانی پێكهاتەكان بە گشتی ناوییەتی رووماڵێكی باشی كردووە، ئەگەرچی رەخنە و تێبینیشیان هەبووە لەسەر هەرێمی كوردستان كە بۆ نموونە باس لە رێگری گەڕانەوەی رۆڵەی پێكهاتەكان بۆ ناوچەكانییان كە لەدەستی داعش رزگاركراون و هەروەها مافی خوێندن لە پێكهاتەكان و لەگەڵ ئەوەشدا گوایە زەویوزاری كریستییانەكان نەگەڕێنراونەتەوە بۆ خاوەكانییان".

گوتیشی: "ئێمە كاری جیددی لەسەر ئەو مەسەلانە دەكەین، لەسەر بابەتی كریستییانەكان چەندین لێژنە دروستكراوە و كارمان بۆ كردووە و بەردەوام دەبین لەگەڵی، هەروەها سەرەدەری لە پڕۆسەی بەشداریكردنی پێكهاتەكان لە حوكمڕانی پێداچوونەوەی بۆ دەكەین و هەڵیدەسەنگێنین، هەروەها لە مەسەلەی پاككردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكان لە دەستی داعش بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان كار لەسەر ئەمەش دەكەین".

زێباری لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات بە پێچەوانەی حكوومەتی ناوەندی دانپێدانانێكی زیاتر و باشتر هەیە بۆ مافی پێكهاتەكان و چەندین نوێنەرایەتیی و شوێنی بۆ پێكهاتەكان دامەزراندووە و ئەوان سەرپەرشتیی دەكەن لە رووی یاساییەشەوە هەرێمی كوردستان بە باشتر دەزانێت".

هەروەها ئەوەشی گوت "ئاسانكارییەكی یەكجار زۆرمان بۆ پێكهاتەكان بۆ بەڕێوەبردنی بۆنەكانییان، جەژنەكانییان، هاوكاری زۆر كراوە بۆ خوێندن بە زمانی خۆیان چی سریانەكان، چی توركمان، تەنانەت عەرەبەكانیش".

گوتیشی: "جگە لە حكوومەتی هەرێم هیچ هەوڵێكی عێراقی نییە بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزدییەكان، حكوومەتی هەرێم سێ هەزار و 48 ئێزدیی لەدەستی داعش رزگاركردووە، راستە سێ هەزار و 369 كەسی تر ماون، بەڵام ئەم پڕۆسەی رزگاركردنەی ئێزدییەكان بە پشتیوانی هەرێمی كوردستان بووە، بۆیە حكوومەتی هەرێم باوەڕی بەوەش هەیە پێكهاتەكان بەشداربن لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی هەرێم و چەندین هێزی فەرمی بۆ ئێزدییەكان و عەرەب و كاكەیی و شەبەك و ئەوانی دیكەش دامەزراون، بۆ ئێزدییەكان چوار هەزار كەس دامەزراون، بۆ عەرەبەكانیش دوو هەزار و بۆ ئەوانی دیكەش لە ناوچەكانی خۆیان هێزی فەرمی پێكهێنراوە، بەمەش پێكهاتەكان یەكسانن لە بەڕێوەبردنی وڵات".

حكوومەتی هەرێم لە ساڵانی رابردوو دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی هەرێممان دروستكردووە بۆ ئەو ناوچانە و چەندین خزمەتگوزاریی لە پێش داعش و دوای داعشیش پێشكەشی پێكهاتەكان كراوە.

گوتیشی: "لەسەر ئاستی پەروەردە خوێندن بە زمانی توركمانی لە هەرێمی كوردستان 21 قوتابخانە هەیە، بۆ خوێندن بە زمانی سریانی زیاتر لە 56 قوتابخانە هەیە، بۆ خوێندنی ئایینی ئێزدیش دەستەیەكی تایبەت دامەزراوە، ئەمە جگە لەوەی لە 550 هەزار ئێزدی كە دەخەمڵێندرێن زیاتر لە 360 هەزار ئێزدی پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، كە ئەمەش بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە كەوتووەتە سەر هەرێم، بەڵام هەرێمی كوردستان ئەو بەرپرسیارێتییەی گرتووەتە ئەستۆ".

سەبارەت بە قوربانییانی ئێزدییەكان لەسەردەستی داعش گوتی: "داعش زیاتر لە هەزار و 300 برای ئێزدی ئێمەی شەهید کرد و ئەوانەش بە بەڵگە و دێكیۆمێنت هەیە و دەبوو پڕۆسەیەكی جیددی لەمبارەیەوە لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایش دەست پێبكرێت".

لەبارەی كریستییانەكان و زەویوزارەكانییان گوتی کە ئەو بابەتە زۆر گەورە كراوە، روونیشی كردەوە "حكوومەتی هەرێم گوندی دروستكردووە بۆ چەندین شوێن بۆ برا كریستییانەكان، بەڵام كەس نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەو شوێنانە، و بوونییان نییە".

هەروەها باسی لەوەشكرد كە لە 28ی ئابی 2016 لیژنەیەكی تەواوكەری كۆتایی دامەزراوە بۆ ئەوەی هەرچی كەیسێك لە دادگاكان هەبێت بەجیددی كاریان لەسەر بكرێت و ئەو مەسەلەیە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.

زێباری رەخنەی لە نەتەوەیەكگرتووەكانیش گرت كە بە هاوكاریی حكوومەتی بەغدا دەستی دەستی كردووە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و دواخستنی ئەو مەسەلەیە.

گوتیشی: "زیاتر لە 20 بڕیار و ماددەی دەستووری هەیە، كەچی نەتەوەیەكگرتووەكان وایكردووە رای بەغدا زاڵ بێت لە مەسەلەیەی جێبەجێ نەكردنی ماددەی 140 و ناوچە كێشە لەسەرەكان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın