سياسەت

دەستەى مافى مرۆڤ: "رێژەى پێشێلکارى بەرامبەر مافى مرۆڤ زیادبووە"

زیا پترۆس: "بە پێى ئەو راپۆرتانەى هەفتانە و رۆژانە بە دەستمان گەیشتووە لە دهۆک هەزارو ١٨٧ کەس دادگا کراون، هەزار و ١٠٤ کەس سەرووى ١٨ ساڵین و ٥٠ کەسیش منداڵن و هەروەها ٣٣یان ئافرەتن، ئەم رێژەیە بۆمان دەردەخات کە رێژەى تاوان و پێشێلکارى زیاد بووە".

Azat Muhammet  | 22.05.2017 - نوێکردنەوە : 25.05.2017
دەستەى مافى مرۆڤ: "رێژەى پێشێلکارى بەرامبەر مافى مرۆڤ زیادبووە"

Dahuk

دهۆک-AA

سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤ، زیا پترۆس داواى لە داواکارانى گشتى لە پارێزگاى دهۆک کرد کە زیاتر و چالاکانەتر بەدواداچوون لە بەشێک لە کەیسەکانى شارەکە بکەن، تاوەکو رێژەى تاوان و پێشێلکارى بەرامبەر بە مافەکانى مرۆڤ کەمتر بکرێتەوە، چونکە لە پارێزگاى دهۆک هەندێک کێشە و پێشێلکارى هەن مافى گشتییە و لەسەر داواکارى گشتییە بە ئەرکى خۆى هەڵستێت بە بێ ئەوەى هیچ کەس سکاڵاى یاسایی تۆمار بکات".

سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤ، زیا پترۆس ئەمڕۆ لە نووسینگەى مافى مرۆڤ لە پارێزگاى دهۆک لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى گوتى: "دەستەى مافى مرۆڤ گرنگى بە هەموو ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان دەدات و پارێزگاى دهۆکیش یەکێک لە شوێنە گرنگەکان بۆ دەستەى مافى مرۆڤ، ئەمڕۆ سەردانى پارێزگاى دهۆکمان کردووە چونکە لەو پارێزگایەدا چەند کەیسێکى مافى مرۆڤ هەن تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە و ئەنجامەکانیشى بۆ راى گشتى ئاشکرا نەکراوە، لەوانەیش کەیسى کوشتنى ویداد حوسێن و هەروەها کەیسى بڕینەوەى دەستى منداڵێکى تەمەن دووساڵ بە ناوى سەنا کە بە هۆى هەڵەى پزیشکییەوە دەستى بڕایەوە، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کەیسانە ئەمڕۆ لەگەڵ داواکارى گشتى دانیشتمان هەیە".

گوتیشى: "بە پێى ئەو راپۆرتانەى هەفتانە و رۆژانە بەدەستمان گەیشتووە رێژەى تاوان و پێشێلکارى زیادى کردووە تەنها لە پارێزگاى دهۆک هەزار ١٨٧ کەس دادگا کراون، هەزار و ١٠٤ کەس سەرووى ١٨ ساڵین و ٥٠ کەسیش منداڵن و هەروەها ٣٣یان ئافرەتن، ئەم رێژەیە بۆمان دەردەخات کە رێژەى تاوان و پێشێلکارى زیاد بووە، ئەم رێژە زۆر مەترسییە و پێویستە پێشى لێبگیرێت و کەمتر بکرێتەوە، دەبێت هەموو میکانیزمەکانى چۆنیەتى کەمکردنەوەى ئەو رێژەیە بگرینەبەر".

سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤ، زیا پترۆس داواى لە ئیدارەى پارێزگاى دهۆک کرد رێگرى لە پێشێلکارى بەرامبەر بە مافى مرۆڤ بکەن، چونکە لە ئەگەر کەمتەرخەمى لەبەردەم پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ تەشەنە بسەنێت و لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، ئەرکى سەرشانى ئەوان چاودێر بین لە کەیسەکانى مافى مرۆڤ.

ئاماژەى بە پێشێلکارى بەرامبەر بە مافى ئافرەتاندا و گوتى: "پێشێلکارى و توندوتیژى بەرامبەر بە ئافرەت بەردەوامە و بەردەوام مافى ئافرەت پێشێل دەکرێت، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە ئێستا پێویستیمان بە رۆشنبیرى زیاترە بۆ پاراستنى مافى ئافرەت، دەشبێت لە کۆمەڵگەى ئێمەدا زیاتر کولتوورى رێزگرتن لە ئافرەت بچەسپێندرێت، چونکە ئافرەتیش یەکسانە لەگەڵ پیاو دەبێت مافى خۆى بەدەستبهێنێت و وەک مرۆڤ مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت".

گوتیشى: "ئێمە هەموو حاڵەتە پێشێلکارییانە تۆمار دەکەین و ئاراستەى داواکارى گشتى پارێزگاى دهۆکی دەکەین و ئەرکیشە لەسەریان چالاکانەتر بەدواداچوون لە بەشێک لە کەیسەکانى شارەکە بکەن، تاوەکو رێژەى تاوان و پێشێلکارى بەرامبەر بە مافەکانى مرۆڤ کەمتر بکرێتەوە، چونکە لە پارێزگاى دهۆک هەندێک کێشە و پێشێلکارى هەن مافى گشتییە و لەسەر داواکارى گشتییە بە ئەرکى خۆى هەڵستێت بەبێ ئەوەى هیچ کەس سکاڵاى یاسایی تۆمار بکات".

زیا پترۆس لەگەڵ ئەوەى بە باشى وەسفى بەندیخانەى گەورانى پارێزگاى دهۆکى کرد رەخنەى لە بەندیخانەى ئافرەتان و نەوجەوانانى دهۆک گرت و گوتى: " لەن رووى بینا و باڵەخانە بەندیخانەکانى ئافرەتان و نەوجەوانان شیاو نین و پێویستە باشتر بکرێن".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
ە
Bu haberi paylaşın