سياسەت

رێكکەوتنی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال

مەحما خەلیل: "حەشدى شەعبى و چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى شنگال بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و کار کردن بە بنەما یاسایی و دەستوورییەکان لەسەر هەمووشتێک رێککەوتوون، قایمقامى قەزا و بەڕێوەبەرى ناحییەکانى سنوونێ و گرعوزێر لەلایەن پەکەکە بەڕێوە دەبرێن"

Azad Mohammad  | 02.11.2017 - نوێکردنەوە : 04.11.2017
رێكکەوتنی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال

Arbil

هەولێر – AA

حەشدى شەعبى و چەکدارانى پەکەکە لە ئێستادا لە تەواوى سنوورى شنگال باڵادەستن، لەسەر دابەشکردنى سنوورى دەسەڵات و بەڕێوەبردنى یەکەى کارگێڕى ناوچەکە رێککەوتوون.

قایمقامى قەزاى شنگال مەحما خەلیل لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "حەشدى شەعبى و چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى شنگال بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و کارکردن بە بنەما یاسایی و دەستوورییەکان لەسەر هەمووشتێک رێککەوتوون، خاکەکەیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە هەر گرووپێکى پەکەکە یان حەشدى شەعبى لە سنوورێک دەسەڵاتدارە، ئەمەش ترس و نیگەرانى لەلایەن هاووڵاتییانى سنوورەکە دروست کردوە و و بەهۆیەوە هەزاران کەس لە شنگال ئاوارەى سنوورى پارێزگاى دهۆک بوونە".

مەحما خەلیل کە وەک قایمقامى قەزاى شنگال لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکرابوو و دوای رووداوەکانی ئەم دوایە و هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە لە لایەن ئەم هێزانە لە پۆستەکەی لادراوە، دەڵێت: "پەکەکە چەند یەکەیەکى کارگێڕى شنگالى لەژێر ناو و سیماى حەشدى شەعبى وەرگرتووە، بۆ نموونە چەند کەسێکى دەستڕۆیشتووى ریزەکانى چەکدارانى پەکەکە لەژێر ناوى حەشدى شەعبى قایمقامیيەتى شارۆچکەى شنگال و بەڕێوەبەرایەتى شارەدێى سنون و گرعوزێرییان وەرگرتووە، تەواوى یەکە کارگێڕییەکانى دیکەى شارۆچکەکە لەلایەن حەشدى شەعبییەوە بەڕێوە دەبرێن. لە کارەکانیاندا یاساى تایبەتیان بەخۆیان هەیە و بەهیچ شێوەیەک کار بە یاساى عێراق ناکەن".

بە گوتەی ئەم بەرپرسەی قەزای شنگال، دەڵێت "بەڕێوەبردنى یەکە کارگێڕییەکانى شنگال لەلایەن حەشدى شەعبى و چەکدارانى پەکەکە پێچەوانەى دەستوور و یاسایە، لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و ئەنجوومەنى قەزاى شنگال رەتکراوەتەوە و بە داگیرکارى یەکە ئیدارییەکان لە قەڵەم دراون".

دەشڵێت "لە کاتێکدا یەکە کارگێڕییەکانى قەزاى شنگال لەلایەن چەند چەکدارێکى تێکدەر بەڕێوە دەبرێت و سنوورەکە بووەتە شوێنى ئاژاوە نانەوە و شەڕ فرۆشتن بە هاووڵاتییان و پێکهاتەکانى ناوچەکە، کەچى حکوومەتى عێراق هیچ روونکردنەوەیەکى لەسەر دۆخى شنگال و دەوروبەرى نەداوە".

مەحما خەلیل رایدەگەیەنێ "لە سنوورى شنگال چەندین گرووپى چەکدارى لە بازنەى پەکەکە و حەشدى شەعبى چالاکى ئەنجام دەدەن و دامودەزگاکانى حکوومەت و بارەگاى حیزبەکان بۆخۆیان بەکاردەهێن و ماڵ و حاڵى هاووڵاتییانیش بە تاڵان دەبەن، مانەوەى شنگال لەژێر دەستى حەشدى شەعبى و پەکەکە هەڕەشەیەکى گەورە دەخاتە سەر ئایندەى شنگال و بە دووریشى نازانین ببنە هەڕەشە لەسەر هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دیکەى ناوچە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın