رێککەوتنی ئەمریکا و رووسیا لەبارەی ئاگربەستی سووریا
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، هێربەرت ئار ماکماستەر: ''ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢:٠٠ بە کاتی ناوخۆی دیمەشق رێککەوتنی ئاگربەست دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ناوچە دابڕێنراوەکان لە جەنگ، ئەولەویەتیان بۆ ئەمریکا هەیە"
Washington DC
واشنتۆن- AA
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، هێربەرت ئار ماکماستەر وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئەو ئاگربەستەی وڵاتەکەی و رووسیا سەبارەت بە باشووری خۆرئاوای سووریا لەسەری رێککەوتوون، ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢:٠٠ بە کاتی ناوخۆی دیمەشق دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و باسی لەوەشکرد ناوچە دابڕێنراوەکان لە جەنگ ئەولەویەتیان بۆ ئەمریکا هەیە و ئەو بەرەوپێشچوونەی کە لەو رێککەوتنەوە دێتە ئاراوە جێگەی ئومێدە.
هێربەرت ئار ماکماستەر لە راگەیەنراوێکدا هەڵسەنگاندنی بۆ رێککەوتنی ئاگربەست کرد کە ئەمریکا و رووسیا سەبارەت بە سووریا ئەنجامیانداوە.
ماکماستەر باسی لەوەکردووە رێککەوتنەکە لە نێوان هەریەک لە ئەمریکا، ئوردن و رووسیادایە و رایگەیاندووە:
''دوای ئەوەی لەگەڵ هەریەک لە حکوومەتەکانی ئوردن و رووسیادا گەیشتینە رێککەوتن، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مای و راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ و چەندین سەرکردەی دیکەدا، لە پەراوێزی لووتکەی G-20دا تاوتوێی رێککەوتنەکەی کرد. ئەمریکا ئەوەی لە توانایدا بێت ئەنجامی دەدات بۆ شتکستپێهێنانی داعش، کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان. ئەم رێککەوتنە لەو روانگەیەوە رێککەوتنێکی گرنگە''.
ئەو رێککەوتنەش لە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرا کرا. لە کاتێکدا لەم ماوەیەی دواییدا لە باشووری سووریا یەکەکانی سوپای سووریای ئازاد و هێزەکانی رژێمی ئەسەد لە شەرێکی قورسدان.
لە کۆبوونەوەی لووتکەی G-20دا، ترەمپ و پوتین کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا و رووسیا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی باشووری رۆژئاوای سووریاو لە ٩ی تەمموزدا کاتژمێر ١٢:٠٠بە کاتی دیمەشق، ئاگربەستەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.