سياسەت

سلێمانی.. كۆنگرەی عەرەبە نیشتەجێبووەكانی ناوچە جێناكۆكەكان

- لە شاری سلێمانی كۆنگرەی عەرەبە نیشتەجێبووەكانی ناوچە جێناكۆكەكان لە ژێر دروشمی ( كوردستان، نیشتمانی هاوڵاتیبوون و یەكسانی ماف) دەستی بە كارەكانی كرد.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 20.08.2017 - نوێکردنەوە : 21.08.2017
سلێمانی.. كۆنگرەی عەرەبە نیشتەجێبووەكانی ناوچە جێناكۆكەكان

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

كۆنگرەكە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە رێكخراوە و لە رێوڕەسمی كردنەوەی كۆنگرەكەشدا كە ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆك عەشيرەتە عەرەبەكانی ئەو ناوچانە بەشدارن، بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە ئامادەبوون و گوتاری حزبەكەیان لەسەر برایەتی كورد و عەرەب و گرنگی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوە جیاجیاكانی ئەو ناوچانە كرد كە بە ناوچەی ناكۆكی لەسەر لەنێوان ناوەند و هەرێمی كوردستان دەناسرێت.

سەرپەرشتیاری كۆنگرەكە و بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، مەلا بەختیار لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی كۆنگرە، باسی لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و پێكەوە ژیانی كۆنی پێكهاتە جیاجیاكان و هەوڵی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە کرد، هەروەها گرنگی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئەو نەتەوانە لە ئێستادا تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەی بوو.

مەلا بەختیار گوتی: "لەم كۆنگرەیەدا شێخ و سەرۆك عەشیرەتەكان و كەسایەتییە دیارە عەرەبەكانی ئەو ناوچەیە بەشدارن، لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا ئەزموونی هەموو حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانمان تاقیكردووەتەوە و لە دوای رێككەوتنامەی سایكس بیكۆوە لەسەردەمی حكوومەت و یاساكانی ئەو حكوومەتانە ژیاوین كە بەزۆر بەسەر هەموواندا دەیان سەپاند".

ئەو گوتی: "دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای (ئیختیاری) پێك نەهاتووە و لە ساڵی 1921 ەوە تائێستا ئەم دەوڵەتە بەبێ‌ راوێژكردن بە پێكهاتەكانی ناو ئەم دەوڵەتە دامەزراوە و لە رێگەی هێزەوە دەسەڵاتی خۆیان سەپاندووە، لە ئەنجامیشدا سەپاندنی بە زۆری ئەم جۆرە كیانانە دەوڵەتێكی سەردەمی و دیموكراتی و دادوەری پێكناهێنێت".

مەلا بەختیار ئەوەشی گوت: "لەم كۆنگرەیەدا لە كۆتایی دوای داعش و بەرەی نوسرەین، پرسیار دەكەین كە دوای ئەوە ئەركمان چییە؟ ئایا ئەوە دوبارە بكەینەوە كە پێشتر کردوومانە؟ ئەگەر ئەوە ئەركمان بێت مانای وایە پەندمان لە مێژوو وەرنەگرتووە، ئەوەش هەڵەیەكی كوشندەیە و نەوەكانی داهاتووشمان روبەڕووی هەمان ئەو مەینەتیانە دەبنەوە كە رووبەڕومان بوونەتەوە لە پێشتردا".

بەرپرسەكەی یەكێتی لە كۆنگرەی عەرەبەكانی نیشتەجێی ناوچە جێناکۆکەکان، ئاماژەی بە سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و پرسی ریفراندۆم كرد و گوتی: "ئێستا وەفدێكمان لە بەغدایە و یەکێک لە داواكارییە سەرەكییەكانمان جێبەجێكردنی ماددەی 140 ە ، ئەو ماددەیە 10 ساڵ بەسەر دەركردنیدا رۆشتووە و حكوومەتی عێراقی تائێستا ئامادە نەبووە جێبەجێی بكات كە ماددەیەكی دەستووریە، ئێمە ترسمان هەیە لە سەردەمی دوای داعش، مكوڕین لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییە، لەكاتێكدا لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە لەماوەی 14 ساڵی رابردودا تائێستا 55 مادەدی دەستووری جێبەجێ‌ نەكراوە و ئامادە نین جێبەجێی بكەن".

ئەو باسی لەوەش كرد، هەموو وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی هەرێمی و لایەنەكان سورن لەسەر ئەوەی پەیوەندی بەو شاندەوە بكەن و لەگەڵیان كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردنی ئەو بابەتانە بە وردی، ئەو هەروەها گوتی: "سبەی وەفدەكە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و زۆر بابەت لە هەگبەكەیاندا هەیە كە وەك سەركردایەتی سیاسی كورد گفتوگۆی لەسەر بكەین ، بە دڵنیاییەوە ئێمە سورین لەسەر ئەوەی باشترین پەیوەندیمان هەبێت لەگەڵ عێراق و پێكهاتە جیاكانی ئەم وڵاتەدا و ئەوان نزیكترین كەسن لێمانەوە، بەڵام لەسەر بنەمایەكی نوێ‌".

مەلا بەختیار جارێكی تر ئەوەی بۆ عەرەبە بەشداربووەكانی كۆنگرەكە دوپات كردەوە، كە دوای 96 ساڵ لە پێكهێنانی دەوڵەتی عێراقی و تاقیكردنەوەی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، بەڵام تائێستا ترسیان هەیە و هیچ دەستكەوتێكیان لەو حكوومەتانە دەست نەكەوتووە و دڵنیا نین لە داهاتووی خۆیان .

مەلا بەختیار لە كۆتایی كۆنگرەكەدا ئامانجی كۆنگرەكەی بۆ بەشداربووان رونكردەوە و گوتی: "ئەم كۆنگرەیە لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییانەی نێوان هەردوولا و پێشكەوتن و كردنەوەی دەرگایەكی نوێیە بۆ پەیوەندییەكانی نێوانمان، ئێوە ئازادن لەم كۆنگرەیەدا و هیچ شتێكتان لەسەر ناسەپێنین، دەتانەوێت بژین لەگەڵمان و رێككەوتنێكی مێژوویمان لەگەڵ ئیمزا دەكەن ئەوا دڵنیاتان دەكەینەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و وەك رێكەوتنەكانی دیکەی عێراق نابێت، دڵنیاتان دەكەین ئێوە هەر بڕیارێك بدەن لەم كۆنگرەیەدا، ئێمە پابەند دەبین پێیەوە".

نوێنەری عەرەبە نێشتەجێبووەكانی ناوچە جێناكۆكەكان شێخ ئەحمەد شەهاب لە گوتەیەكدا لە ناو كۆنگرەكە باسی لە مێژوو گرنگی پێكەوە ژیانی عەرەب و كورد لەو ناوچانە كرد و گوتی: "هیوادارین لە ئامادەبووانی ئەم كۆنگرەیە رێكبكەوین لەسەر ئەوەی بنەمایەكی بەهێز بۆ ژیانێكی خۆش و دەستبەركردنی ماف و ئەركەكانی هاوڵاتیان و یەكسانی و ژیان بەشێوەیەكی ئاشتیانە رێكبكەوین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın