سياسەت

"عێراق ئامادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە نییە"

فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركووك، وەستا رەسوڵ: "بەهۆی ئامادەنەبوونی سوپای عێراق دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی حەویجە دواكەوتووە".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 22.02.2017 - نوێکردنەوە : 24.02.2017
"عێراق ئامادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە نییە"

As Sulaymaniyah
سلێمانی AA

فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركووك لیوا رەسوڵ عومەر ناسراو بە( وەستا رەسوڵ) لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی ئێستای شارۆچکەی حەویجە و ژیانی دانیشتوانەكەی و مەترسییەکانی لەسەر شاری کەرکووک، هەروەها پلانی پێشمەرگە و هۆكاری دواكەوتنی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو شارۆچکەیە و دەكات.

وەستا رەسوڵ گوتی: "نزیكەی دوو هەزار تا دوو هەزارو 500 چەكداری داعش لە شارۆچکەی حەویجە هەیە، ئەو شارۆچکەیە لە رووی جوگرافییەوە ناوچەیەكی فراوانە، درێژاییەكەی نزیكەی 200 كیلۆمەتر و پانیەكەی نزیكەی 70 كیلۆمەتر دەبێت و لە سەنتەری قەزا و چوار شارەدێ و 350 گوند پێكهاتووە ".

ئەو گوتی: "حەویجە ناوچەیەكی پڕ لە قەمیش و قەڵەم و هەورازە و زەوییەكی كراوە نییە تا بتوانین لە روی سەربازییەوە بە ئاسانی چارەسەری بكەین، بۆیە لە ئێستادا لە سەر ئەو ناوچەیە تەنها ئەوەیە هێزەكانمان بەرامبەر یەكترن و ناوبەناو وردە شەڕ هەیە لەنێوانماندا كە خۆی لە تەقەی قەناس و دۆشكەدا دەبینێتەوە، تائێستا ئەوان هێرشێكی دیاریكراویان نەكردووە و لەوانەیە لە توانایاندا نەمابێت، بۆ خۆشمان لە بەرنامەداین".

سەبارەت بەهۆكاری ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی شارۆچکەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، وەستا رەسوڵ گوتی: "تا ئێستا شەش جار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی عێراقی بۆ دانانی پلان و بەرنامەی هێرشكردنە سەر قەزاكە دانیشتوین، ئەو دانیشتانانە بۆ لێكتێگەیشتن بووە كە چۆن بەرنامە دابنێین لەو بارەیەوە. ئێمە وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەین و نەخشە و پلانی خۆمان هەیە و ئامادەین، بەڵام ئەوەی كە تائێستا ئامادە نییە هێزەكانی عێراقە و بەو هۆیەوە تائێستا ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام نەدراوە".

وەستا رەسوڵ "هیوای خواست لە رۆژانی داهاتوودا هێزە عێراقییەكان لە شەڕی مووسڵ هەنگاوی گەورە بنێن، تاوەكو دواتر بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكە و دەست بە شەڕی حەویجە بكەن".

لە بارەی رەوشی دانیشتوانی حەویجە، فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركووك گوتی: "رەوشی دانیشتوانی قەزاكە زۆر خراپە و خەڵكەكەی برسییە بەشێوەیەك هاووڵاتیان رۆژانە توانای كڕینی سێ‌ ژەمی خواردنیان نییە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان لەو ئاوارەی كە لەوێ‌ هەڵدێن تێدەگەین خەڵكە لە برس و ترسدا شارەكە بەجێدەهێڵن".

وەستا رەسوڵ باس لە توانای چەکدارانی داعش دەکات و دەڵێت: "داعش لە ئێستادا لە بەرگرییەكی تێكشاو دایە و توانای هیچ هێرشێکی نەماوە، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا بە مەفارزی جۆراوجۆر لێرە و لەوێ‌ بۆ كاری تێكدەرانە بێنە سەر هێزەكانمان و لە جێگایەك دەستێك بوەشێنن و بكشێنەوە".

فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركووك، وەستا رەسوڵ لە بارەی دۆخی ئاسایشی ناوشاری كەركووكەوە رایگەیاند "ئێستا ئاسایش و ئارامی شاری كەركووك بەرەو پێشەوەچونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و لەسەدا 98 ئاسایشی خەڵكەكەی پارێزراوە و شارەکە ئارامە، ئەوەش بەهۆی پارێزگاری پێشمەرگەوەیەوە كە بەشی رۆژئاوای شارەكەی بەتەواوی کۆنتڕۆڵکردووە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın