سياسەت

عەزیز وەیسی:"لە شەڕی دژبە داعش پێشمەرگە ئینتیمای حزبی خۆی پێش نەخست "

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی: "دوای گەڕانەوەی لەشکری رۆژ بۆ سووریا سیاسەتی نەتەوەیی پەیڕەو دەکەن، نەک وەک پەیەدە و لقەکانی سیاسەتی بە کوشتدانی خەڵک".

Ekip  | 29.05.2017 - نوێکردنەوە : 31.05.2017
عەزیز وەیسی:"لە شەڕی دژبە داعش پێشمەرگە ئینتیمای حزبی خۆی پێش نەخست "

Arbil

ھەولێر-AA

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە گوندی کۆجۆ کرد ئەو گوندەی کە بووە رەمزی کارەساتی ئێزدیەکان، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە کۆنتڕۆڵکردنی لە لایەن داعشەوە، لە لایەن حەشدی شەعبیەوە کۆنترۆڵکرایەوە و گوتی: "ماوەیەکە رێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق واژوو کراوە بۆ رزگارکردنی عێراق بە گشتی و ناوچەکانی نەینەوا بە تایبەتی لە دەست داعش، پێشمەرگەیش رۆڵێکی گەورەی ھەبووە لە راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش. بە بێ رۆڵی پێشمەرگە حکوومەتی عێراق نەیدەتوانی سوپای عێراق بنێرتە ناو مووسڵ، بە ھەمان شێوە لەو رێککەتنەی نێوان ھەولێر و بەغدا ئەرک و رۆڵی ھێزەکان دیایکراوبوون، بۆ نموونە ناوچە کوردستانییەکان پێشمەرگە رزگاری بکات و ناوچە عەرەبنشینەکان سوپای عێراق کۆنتڕۆڵی بکاتەوە. ناوچەکانی بەعاج و بلێج و ھەندی شوێنی دیکە شنگال لەو ناوچەیە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا بوون، بەڵام بە داخەوە حەشدی شەعبی پێشێلی رێککەوتنەکەی کرد".

- "ئێران لە رێگەی حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵی ھەموو جومگە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراقی کردووە"

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی گوتی: "ئێمە لەناو ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیداین و پابەندی رێنمایەکانی سەرووی خۆمانین، بەڵام حەشدی شەعبی حکوومەتێکە کە لەناو حکوومەتی عێراق دروست بووە و، ئێران لە رێگەی حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵی ھەموو جومگە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراقی کردووە و عێراق ئیتر ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵاتێکی ئەوتۆی بەسەر حەشدی شەعبییەوە نیيە و سوپای عێراق ئیتر ئەو ھێزە نەماوە بە فەرمی بەرگری لە عێراق بکات. تەنانەت حەشدی شەعبی لەناو حکوومەتی عێراق ھێندە تەشەنەی سەندووە کە بە پرۆژە یاساییەک لە پەرلەمانی عێراق بە ھێزێکی فەرمی ناسێنرا".

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی گوتیشی: "با ئەوەش لە بیر نەکەین، ئێران بە ھەموو ھێزی خۆی لە عێراق و سووریا دایە و دەیەوێت رۆڵ و کاریگەری سوننەکان لە ناوچەكە نەھێڵێت، ئێمەش وەک ھەرێمی کوردستان نامانەوێت بکەوینە کێشەوە و لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و کۆمەڵگەی عەرەبی و سوننەکان لەو دەستوەردانەی ئێران نیگەرانن و قبووڵیشی ناکەن".

لیوا عەزیز وەیسی دووپاتی دەکاتەوە کە بەڵێندراوە ھەموو ناوچە کوردستانیەکان لەسەر دەستی پێشمەرگە بگەڕێنەوە سەرخاکی ھەرێمی کوردستان.

لەبارەی بوونی پەکەکە لە شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکەی ھەرێمی کوردستان فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی گوتی: "لە سەرەتا پێویستە چاوەڕێی ئەنجام بکەین و ئەوە بزانین کە پەکەکە روو لە ھەر ناوچەیەکی کوردستان بکات مەترسییە، پێش ھەموو شتێک پێویستە پەکەکە وەک دراوی رەش لە سەرەتا خۆی سپی بکاتەوە و دەست ھەڵگرێت لە سیاسەتی تاکڕەوی و تیرۆر و کێشە بۆ خەڵک دروست نەکات، دەبێت ئەوەش بزانین کە پەکەکە بەو شەڕەی لە رەققە و ناوچە کوردییەکان لە سووریا دەیکات ناتوانێت خۆی سپی بکاتەوە، بەڵکو پەکەکە لە ھەموو روویەکەوە پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی ھەیە".

- "زیاتر لە ٦٠٠ شەھید و دوو ھەزار بریندارمان لە پێناو شنگال داوە"

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی باس لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال لە لایەن پێشمەرگە دەکات و دەڵێت "لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال زیاتر لە ٦٠٠ شەھید و دوو ھەزار بریندارمان داوە، توانای ئەوەیشمان ھەبووە مووسڵ و بەعاج و بلێجیش کۆنتڕۆڵ بکەینەوە، بەڵام بە گشتی بە رێککەوتن بووە".

لیوا عەزیز وەیسی دەشڵێت "بۆ بابەتی دەرچوونی پەکەکە لە شنگال، حکوومەتی عێراق سیاسەتێکی ھەڵە جێبەجێ دەکات بەرامبەر تورکیا و خۆی بەرەو شەڕێک دەبات کە خراپە، ئەو کارەی عێراق لە لایەن تورکیا قبووڵ ناکرێت کە پەکەکە لە عێراق خۆی پڕ چەک بکات و مووچەی چەکدارانی و چەک و تەقەمەنی لە عێراق وەردەگرێت و لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و وان کاری تێرۆریستی پێ ئەنجام بدات. تورکیا وڵاتێکی دراوسێیە و دەبێت عێراق رێزی لێ بگرێت، ئێمەیش قبووڵی ناکەین پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان خۆی لە سەر ئێمە فەرز بکات و لە وڵاتانی دراوسێ کاری تێرۆریستی ئەنجام بدات".

- "پەکەکە لە تورکیاش نوێنەرایەتی کورد ناکات"

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی دەڵێت "پەکەکە ئیتر ناتوانێت لە تورکیا جێگەی خۆی لەناو دڵی خەڵکدا بکاتەوە، ئەو شەڕ و خەندەق ھەڵکەندنەیان کە لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا دەستی پێکردووە بووەتە ھۆی ئاوارە بوون و وێرانبوونی ماڵ و حاڵی ھاووڵاتییان".

لیوا عەزیز وەیسی دەشڵێت "پەکەکە ئیتر ناتوانێت لە تورکیاش نوێنەرایەتی کورد بکات، ھەروەھا لە ئێران پژاکی دروست کردووە ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژانە ئێران چەک و تەقەمەنی بە پەکەکە و حەشدی شەعبی دەدات بۆ ئەوەی ئاژاوە بخاتە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان. لە سووریاش گەورەترین زوڵم لە ھاووڵاتییان دەکات بەو چەک و تەقەمەنییە".

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی سیاسەتی پەکەکە لە سووریا لە سیاسەتی رژێمی بەعس خراپتر ناوزەند کرد و گوتی: "ئەو سیاسەتەی پەکەکە لە سووریا پەیڕەوی دەکات خراپترە لە دەسەڵاتی رژێمی بەعس. ھەموومان دەزانین کە رژێمی بەعس ترسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەرە، بەڵام پەکەکە وەک گرووپە مافیاکانیش نین کە بنەمایان ھەبێت، بەڵکو ئەوان لە سووریا ئازادییان لە تاک ستاندووەتەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش بوونە ھۆکاری ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند پێشمەرگە و خەڵکی سیڤیلی بکەنە قوربانی".

لیوا عەزیز وەیسی ئاماژە بە ھەستیاری قۆناغەکە دەکات و دەڵێت "ئێمە لە ناوچەکە نامانەوێت بکەوینە شەڕێک کە شەڕی کورد نیيە. بەڵکو دەبێت ئەو ھەلەی بۆ ئێمە ھاتووەتە پێش بیقۆزینەوە، چونکە ناوچەکە بە تەواوی لە گۆڕانێکی خێرادایە".

- "ئەمریکا تەنھا بۆ شەڕکردن ھاوکاری سەربازی پەیەدە دەکات"

سەبارەت بە ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ چەکدارانی پەیەدە لە سووریا، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی پێیوایە کە ئەمریکا ھاوکاری پەیەدە ناکات، بەڵکو ھاوکارییە سەربازییەکانی تەنھا بۆ ئەو گرووپانەیە کە شەڕی رەققە بۆ ئەمریکا دەکەن و گوتی: "لە سووریا و لەو ناوچانە تەنھا ئەو گرووپە چەکدارانەی تێدایە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو ھاوکارییە سەربازییانەی ئەمریکا کاتین و بۆ قۆناغێکی دیاریکراوە، نەک ستراتیجی. تەنانەت راشیانگەیاندووە کە ئەوان ھیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ پەیەدە نییە".

لیوا عەزیز وەیسی لەو باوەڕەدایە کە ئەمریکا ناتوانیت بە ھۆی پەیەدە دژایەتی تورکیا بکات و گوتی: "ئاشکرایە کە تورکیا زیاتر لە ٥٠ ساڵە ھاوپەیمانییەتی ھەیە لەگەڵ ئەمریکا و پێکەوە کار دەکەن و ئەمریکا چۆن دەتوانێت ھاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ تورکیا تێکبدات لە پێناو رێکخراوێک کە خۆی بە تیرۆریستی دەزانێت".

- "ئامادەکاری زۆر کراوە بۆ گەڕانەوەی لەشکری رۆژ"

فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی لەبارەی لەشکری رۆژی سەربە فەرماندەیی زێرەڤانی گوتی: "سیاسەتی لەشکری رۆژ ھەرگیز لە سووریا وەک پەکەکە و لقەکانی نابێت کە گەنجانی کورد بە کوشت بدات، لەشکری رۆژ ئەگەر سیاسەتیش بکات لە چواچێوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی گەلی کورد دەبێت".

گوتیشی: "پێشمەرگەی رۆژ دەگەڕێتەوە و و ئامادەکارییەکی زۆریش کراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو ھێزە، سەرۆک بارزانی ھەرگیز رێگە نادات شەڕی کورد لەگەڵ کورد دروست بێت".

لیوا عەزیز وەیسی ئەوەیشی گوت: "لە سووریا یەپەگە بۆ پاراستنی خەڵک نەھاتووە، بەڵکو بۆ تێکدان ھاتوون و ئێران پشتگیریان دەکات و رژێمی بەعسیش دامودەزگاکانی خۆی رادەستکردن، ئێران و سووریا ئامانجی دیکەیان لەو پیلانەدا ھەیە".

لە کۆتاییدا، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی لەبارەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە گوتی: "تا ئێستا ئێمەیش چاوەرێی گوڕانکارین و ئەوەی دڵخۆشمان دەکات ریفۆرم بەردەوامە و بارودۆخ بەرەو باشبوون دەچێت، وڵات زیاتر دەبێتە دامەزراوەیی و پێشمەرگە ئیتر حزبی نابێت و نیشتمانی دەبێت و بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان ئەو کارە باش بەرێوە دەچێت، با ئەوەش بە بیری ھەموو ھاووڵاتییان بھێنینەوە کە لە شەڕی دژبە داعش پێشمەرگە ئینتیمای حزبی خۆی پێش نەخست و ھەموو پێشمەرگەیەک ئینتیمای پێشمەرگایەتی و نەتەوەیی پێش ھەموو شتێک بوو، سەرکەوتووش بوون لەمەدا".















بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın