سياسەت, archive

لێژنەی پێشمەرگەی پەرلەمان: "هاوكاریی هاوپەیمانان لە ئاستی شەڕی داعشدا نییە"

لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بەهار عەبدولڕەحمان رایدەگەیەنێت هەرێمی كوردستان هەزار و 200 شەهید و نزیكەی حەوت هەزار برینداری لە شەڕی داعشدا هەیە.

16.09.2015 - نوێکردنەوە : 16.09.2015
لێژنەی پێشمەرگەی پەرلەمان: "هاوكاریی هاوپەیمانان لە ئاستی شەڕی داعشدا نییە"

هەولێر - ھێمن بابان 

 

 بڕیاردەری لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بەهار عەبدولڕەحمان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە دوایین سەردانی لێژنەكەیاندا بۆ لای وەزیری پێشمەرگە بەرچاو روونییان لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی شەڕی داعش پێ دراوە. 

ناوبراو لەم بارەیەوە دەڵێت: "سەردانەكەی ئێمە بەمەبەستی بەدواداچوون و گفتوگۆ بوو لەبارەی بارودۆخی پێشمەرگە، چ لە بەرەكانی جەنگ چ وەكو باروگوزەرانیان بەگشتیی، ئەوەی پەیوەندیی بە بەرەكانی جەنگەوە هەیە بەرچاو روونیی باشمان پێ درا".

هەرچی لەبارەی بارودۆخ و ژیانی پێشمەرگەشەوەیە گوتی: "ئێمە بڕیاری ژمارە 19ی پەرلەمانمان هەیە كە سەرجەم ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە دامەزراوەییكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخ و ژیانی هێزی پێشمەرگە دەگرێتەوە، دیارە ئەو هەنگاوانەی وەزارەتیپێشمەرگە ناویەتی سست و هەنگاوی كردارەكی زۆر كەمن" ئەو پێی وایە ئەگەرچی قەیرانی دارایی و شەڕ پاساوە بۆ هەندێك مەسەلە، بەڵام هەندێك خاڵ هەیە كە پەیوەندیی بەو دووەوە نییە، رەنگە نەبوونی سەلیقەی ئیداری و بوونی هەیمەنەی حزب بەسەر دەسەڵات و ململانێی حزبی رێگر بن.

 ئەو نموونەشی هێنایەوە و گوتی: "ئێمە بە وەزیری پێشمەرگەمان گوت كە 50 نووسراومان بۆ ناردوون وەڵامتان نەداوەتەوە، ئەوانیش بێ ئاگایی خۆیانی دەربڕی كە پێدەچێت لەبەر ململانێی حزبی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاشیان لەیەك نەبێت و لەم دانیشتنەدا سەرجەم ئەو نووسراوانەیان بە وەزیری پێشمەرگەگەیاندووەتەوە".

سەبارەت بە باشتركردنی ژیانی پێشمەرگەش بەهار عەبدولڕەحمان دەڵێت: "جەختمان لە وەزیری پێشمەرگە كردەوە لەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران زۆرترین داكۆكی بكات بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی، كاریگەریی لەسەر ژیانی پێشمەرگە نەبێت چونكە ئەوە ئەگەر ببێت زەرەری بۆ هەموو كوردستان و هەیبەتیشی هەیە، بۆیە داكۆكی دەكەین كە باشترین ژیان بۆ پێشمەرگە دەستەبەر بكرێت".


رەخنەی لە سەرۆكایەتی پەرلەمانیش گرت لەوەی 46 پەرلەمانتار داوای هەمواركردنەوەی بڕیاری ژمارە 19یان كردووە، كۆكردووەتەوە بەڵام تا ئێستا سەرۆكی پەرلەمان نەیخستووەتە بەرنامەی كارەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و هەوڵ بۆ ئەوە ئەدەن لە ئایندەدا.


بڕیاردەری لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بەهار عەبدولڕەحمان لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشكی خستەسەر بەرەكانی شەڕ لەگەڵ داعش و روونی كردەوە "هەتا ئێستا وەكو بەرەكانی جەنگ هێزیپێشمەرگە لە پێشڕەوی دایە و سەركەوتنەكانی بەردەوامن، ئەو ناوچانەی كە لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراق بوون، ئێستا بە كردەیی گەڕاونەتەوە سەر هەرێم، چونكە رزگاركراون و لە ژێر دەستی پێشمەرگەدان و پلان بۆ ئازادكردنی هەموو ئەو شوێنانەی تریش كە ماون هەیە، ئێستا 95 لەسەدی ئەو ناوچانەی كە دەبوو رزگاری بکرێن، ئازاد كراون".


گوتیشی وەكو بارودۆخی جەنگ جگە لە قارەمانێتی خۆیان هێزیپێشمەرگە چەك و پێویستییەكانی شەڕیشی وەكو پێویست نییە، چونكە شەڕی تیرۆر شەڕێكی ئاسان نییە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەتوانرێت شەڕی تیرۆر بكرێت، بۆیە پێشمەرگە بووەتە سیمبول لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بووەتە جێگەی سەرنجی زلهێزان و ئەوەش وای كردووە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە بكەن.


ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ئێستا پێشمەرگە باشتر شەڕی داعش دەكەن لەبەر شارەزابوونییان لە تەكنیك و تاكتیكی شەڕی ئەوان، هەروەها پلان و نەخشەی تۆكمەتریان هەیە و ئەو چەكانەشی پێیانە تا رادەیەك باشترە لە هی جاران كە كۆن بوون.


لەبارەی قوربانیانی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش بەهار عەبدولڕەحمان روونی كردەوە "لە رووی ئامارەوە لەسەرجەم دەزگاكاندا كێشەمان هەیە، تەنانەت وەزارەتی پێشمەرگە ئەو لیستەشی كە بۆمانی ئامادە دەكەن بۆ پەرلەمان كەموكورتی زۆری تێدایە، چونكە لەنێو لیستی شەهیداندا چەندین ناوی دووبارە، ناوی بریندار، ناوی دیل، تەنانەت ناوی ساغیشی تێدایە، بەگشتیی هەزار و 200 شەهیدمان هەیە و نزیكەی حەوت هەزار برینداریش". باسی لەوەشكرد كە داوایان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە لیستی ئەو پێشمەرگانەی كە كۆچ دەكەن بۆ لێژنەكەیان بنێرن. 

لەگەڵ ئەوانەشدا پێی وابوو ژمارەی كوژراوانی داعش زۆر زیاتر لە قوربانییانی هێزەكانی پێشمەرگەیە.

دەربارەی خەرجییەكانی شەڕی داعشیشەوە بەهار عەبدولڕەحمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناتوانیین بە وردی بڵێین خەرجییەكان ئەوەندەن، لەبەر ئەوەی  خەرجییەكان بەتەنها لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، هاوكاری نێودەوڵەتی دەكرێت و ئەو چەكانەی دێت هاوكاریین و ناتوانرێت بخەمڵێندرێت". باسی لەوەشكرد كە چەندین وڵات بەردەوامن لە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بەڵام هاوكارییەكان لە ئاستی داخوازیی شەڕەكەدا نییە. هێمای بۆ ئەوەشكرد كە هێشتا مەترسی داعش كۆتایی نەهاتووە".


لەبارەی شەڕی مووسڵ و بەشداریی هێزی پێشمەرگەش لەو شەڕەدا ناوبراو لە کۆتاییدا گوتی: "ئێستا بنكەیەكی هەماهەنگی لە هەرێمی كوردستان لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروست كراوە بۆ تاوتوێكردن گرتنی مووسڵ بەڵام وردەكارییەكانی دیاری نەكراوە، پرسی جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە لە دەسەڵات پەرلەمانی كوردستانە و هەر كاتێك پێویستی كرد دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان. هەتا ئێستا بەفەرمی هیچمان پێ نەگوتراوە وەكو لێژنەكە بەڵام ئێمە شتێكمان ئامادە كردووە كە ئەگەر شتی وا رووی كردە پەرلەمان هەڵوێستمان دەبێت چی بێت. وتوومانە دەبێت بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان رەچاو بكرێت و پەرلەمان مەرجەع بێت".

 
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın