میسر.. بە هۆی هێرشێك سێ پۆلیس كوژران
- لە ئاكامی دەستڕێژی گولـلە لە باكووری رۆژهەڵاتی میسر، سێ پۆلیس كوژران.
Al Qahirah
قاهیرە ــ AA
سەرچاوەیەكی ئەمنی میسر رایگەیاند كە لە ئاكامی دەسترێژی گولـلە كە ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە پارێزگای باكووری سینا باكووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئەنجامیاندا، سێ پۆلیس كوژران.
سەرچاوەكە كە نەیوست ناوی ئاشكرا بكرێت بە میدیاكانی میسری رایگەیاندووە كە ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە گوندی سەبیكە سەربە شاری بئر عەبد لە پارێزگای باكووری سینا، بە دەسترێژی گولـلە هێرشیانكردە سەر ئۆتۆمبێلێك كە سێ پۆلیسی تیایدابوو.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە بە هۆی رووداوەكەوە، سێ پۆلیسەكە كوژران.
بە گوتەی سەرچاوەكە، هێرشەكە لەو كاتەدا ئەنجامدراوە كە سێ پۆلیسەكە بە رێگەوەبوون بچنە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی باكووری سینا.
سەرچاوەكە روونشیكردەوە كە دوای هێرشەكە، چەكدارەكان بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتن.
تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆی میسر هیچ روونكردنەوەی لەبارەی هێرشەكەوە بڵاونەكردووەتەوە و هەروەها هیچ لایەنێكییش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكە رانەگەیاندووە.