سياسەت

مەلا بەختیار: "شاندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەردانی تورکیا دەکات"

- بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وردەکاری سەردانی شاندی حزبەکەیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پرسی ریفراندۆم ئاشکرا دەکات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەسەر بانگھێشتی تورکیا شاندی حزبەکەی سەردانی ئەنقەرە دەکات.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 20.07.2017 - نوێکردنەوە : 21.07.2017
مەلا بەختیار: "شاندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەردانی تورکیا دەکات"

As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
سەرەتای ئەم ھەفتەیە شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی جێگری سکرتێری گشتی حزبەکە کۆسرەت رەسوڵ عەلی سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و ئەندامی شاندەکە، مەلا بەختیار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی باسی لە دەرەنجامی سەردانەکە و ھەڵوێستی ئەو وڵاتە لەسەر ریفراندۆم کرد.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا مەلا بەختیار گوتی: "پێش ئەنجامدانی ئەو گەشتە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووینەوە و لەسەر سەردانەکە گفتوگۆمان کرد، دوێنێ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیمان ئەنجامدا و دەرەنجامی سەردانەکەمان باس کرد، سەرەتای ھەفتەی داھاتووش زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان دەبێت لە گەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەرەنجامی سەردانەکە و خستنەڕووی بیروبۆچوونی یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و شێوازی کاراکردنەوەکە".
لەبارەی ھەڵوێستی ئێران لەسەر ریفراندۆم، مەلا بەختیار گوتی: "پێشتر ئێران لەسەر ھەموو مینبەرەکانی، لە مەقامی رەھبەری تا وەزارەتی دەرەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ھەڵوێستی خۆیان راگەیاند و گوتیان جیابوونەوە و راپرسی قبوڵ ناکەین، ئێمەش رۆیشتین و زیاتر ھەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو پرسە روونکردەوە و راپرسییەکەیان رەتکردەوە، ئێمەش داکۆکیمان کرد و پێشمان راگەیاندن ھەڵوێستەکەیان دەبەینەوە و لەگەڵ حزبەکەیان کۆدەبینەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکەین".
بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی کرد بەوەی ئێرانییەکان ئالیيەتی بڕیاردانی ریفراندۆمیان لەلا نەبووە و بۆیان روونکردوونەتەوە کە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن ١٦ حزبی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لەسەردراوە و بڕیارێکی کۆدەنگ بووە.
مەلا بەختیار نەیشاردەوە کە بەرپرسانی ئێرانی مکوڕ بوون لەسەر دژایەتی کردنی ئەنجامدنی ریفراندۆم و گوشارکردن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە کۆبوونەوەکاندا پێیان راگەیاندوون کە دواتر پەشیمان دەبنەوە لەسەر ئەو پرسە.
مەلا بەختیار پێشوازی لە بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی کرد ( رۆژی رابردوو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بڕیاریدا بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی ١ی تشرینی دووەمی داھاتوو) و باسی لەوە کرد حزبەکەی ھیچ لارییەکی نییە لەسەر ھەڵبژاردنەکە ئەگەر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان بتوانن لەو وادەیە پڕۆسەکە ئەنجام بدەن.
مەلا بەختیار گوتیسی: "جەخت لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەین بەڵام ھیچ شتێکیش لەسەر ئەو پرسە پەک ناخەین، ھەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆمان ھەیە و بە وردی باس لە شێوازی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەین".
بەرپرسەکەی یەکێتی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم نوێنەرانی حزبەکەی بەشدارییان کردووە، ئەو باسی لەوەکرد لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و لیژنەی باڵای ریفراندۆم، نەجمەدین کەریم وەک نوێنەری یەکێتی و پارێزگاری کەرکوک و قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکوەزیران و کوڕی سکرتێری گشتی حزبەکەی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە.
لە بارەی سەردانی داھاتووی شاندی یەکێتی، مەلا بەختیار گوتی: "لەسەر بانگھێشتی رەسمی تورکیا ، شاندی باڵای یەکێتی بەمزوانە سەردانی ئەو وڵاتە دەکات، پێشتر شاندی یەکێتی بانگھێشتی ئەو وڵاتە کراوە و بڕیاری سەردانەکە دراوە، ھەروەھا لیژنەی باڵای ریفراندۆمیش سەردانی شاری بەغدا دەکەن".
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەلا بەختیار لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا گوتی: "لە ماوەی ٩٧ ساڵی رابردودا کورد لە عێراق ستەم لێکراو بووە، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیبراھیم جەعفەری و نوری مالیکی و حەیدەر عەبادیش ستەمی زۆر لە کورد کراوە و مافەکانی ھەرێمی کوردستانیان پێشێل کردووە، لە عێراقدا شەراکەتی راستەقینە نەماوە و تەنھا دوو وەزیرمان ماوە لە کابینەی حکوومەتی عێراقی، ئێستا لاوازترین پێگەمان لە بەغدا ھەیە". بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın