سياسەت

مەلا بەختیار: -"ماددەی ١٤٠ی دەستوور قابیلی دەستکاری و ھەموار نییە"

بەرپرسی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار: "خەیاڵێکی ترسناکە ئەگەر ھێزێک یان دووھێز پێی وابێت حکوومەت دەڕوخێنێت و بەدیلی بۆی ھەیە".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 19.02.2017 - نوێکردنەوە : 20.02.2017
مەلا بەختیار: -"ماددەی ١٤٠ی دەستوور قابیلی دەستکاری و ھەموار نییە"

Arbil

سلێمانی - AA

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مەلا بەختیار لە بەشی دووەمی دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە پرسی ئایندەی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوای شەڕی داعش، پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا، دۆخی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان، کێشە و چارەنووسی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکات.

ـ تەوەری سێیەم: دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان

"خەیاڵێکی ترسناکە ئەگەر ھێزێک یان دووھێز پێی وابێت حکوومەت دەڕوخێنێت و بەدیلی بۆی ھەیە"

پاش زیاتر لە ساڵێک لە پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمان و قووڵبونەوەی قەیرانی سیاسی و کێشەکان، ھەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بەکوێ گەیشتووە ؟ چارەسەری دۆخەکە چییە؟

لە وەڵامدا بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە لە ھەمانکاتدا بەرپرسی شاندی گفتوگۆکانی حزبەکەشە گوتی: "پێش پەکخستنی پەرلەمانی کوردستانیش کێشەی سیاسیمان ھەبوو، لەکاتی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان کێشەکەمان قووڵتر بوو. لەدوای ئەوە کێشەکانمان بەردەوامە، کەوابێت لە بنەڕەتدا ھەڵەیەک ھەیە لەم پەیوەنديیە سیاسیەدا، نەبە عەقڵیەتی حاکمی رەھا ئەم وڵاتە دەچێت بەڕێوە، نەبە عەقڵیەتی ئۆپۆزسیۆنی رەھا ئەم وڵاتە دەچێت بەرێوە، خراپترین حاڵەت ئەوەیە بڵێین ئەم حکوومەتە دەڕوخێنین، بەدیلەکەی چییە. لە ئەورووپا لە ھەڵبژاردن کە دەگوترێت دەستا و دەستی دەسەڵات دەکەین ھەموو حزبێک توانای ئەلتەرناتیڤی ھەیە لە حوکمڕانیدا، یان ئۆپۆزسیۆنی چەکداری شۆڕشگێری، راپەرین لە دنیادا کە حکوومەت دەڕوخێنن ئەوان بەدیلیان ھەیە، بەڵام ئێمە بەدیلمان ھەیە کە میللەتێکی بچووک ھێشتا چواردەورمان گیراوە و ١٠٠ گرفتمان لەناو عێراق ھەیە چارەسەر نەکراوە مایە ئەم حکوومەتەمان ھەیە و ئەگەر بێت و پێمان وابێت ھێزێک یان دووھێز یەک بگرن و بڵێن ئەم حکوومەتە بڕوخێنین و بەئاسانی دەتوانێت بەدیلەکەی بھێنێتە سەر حکوم، من پێم وایە ئەمە خەیاڵە، خەیاڵێکی ترسناکە بەڕاستی. دەبێت ئێمە دانیشین پێش ھەموو شتێک لەسەر بابەتە یاساییەکان، پاشان بابەتی سیستەمی حکومڕانی قسە بکەین، دواتر لەسەر دەسەڵاتەکان قسە بکەین، ئەم دەسەڵاتەش کە ئێستا ھەیە پینە بکەین، بابەتە یاساییەکان و گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانی بەدی نەھێنین، دوای دووساڵ و ساڵ و نیوێکی تر ھەمان کێشە تووشمان دەبێتەوە".

"پێویستە سەرەتا کێشەی دەستوور و سیستەمی حوکمڕانی چۆن چارەسەر بکەین"

مەلا بەختیار ئەوەشی گوت "سەرچاوەی گرفتەکانی ئێمە سیستەمێکی دواکەوتووی حکومڕانی ھەیە و ئێمە مەرجەعیەتی دەستوورمان نییە لە ھەرێمی کوردستان کە مەرجەعی دەستوورنەبێت حزب دەبێت بەمەرجەعی حوکمڕانی تاکە شەخس دەبێت بەمەرجەعیەت ئەو سەرۆکایەتیەش بەپێی بەرژەوەندی حزبەکەی و دنیا بینینی سەرۆکەکان کە چ سەرۆکێک زۆر نفوزی ھەبێت ئەوە دەتوانێت ئیدارەی وڵاتەکە بکات بەڵام ئەوکاتە مەرجەعەکەی دەستوور نییە.

ئێستا لە عێراقدا کام سەرۆکوەزیرانمان بەدڵ نییە کام سەرۆکمان بەدڵ نییە ئەمە بابەتێکی ترە، بەڵام ناتوانین بڵێن دەستوورمان بەدڵ نییە، خۆ خۆمان لە راپرسیەکەدا بووین لە چەسپاندنیا بووین، بۆیە بەبڕوای من پێچەوانەی کەینەوە لە بری ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە کێشەی سەرۆکایەتیەکانی ھەرێمی کوردستان چۆن چارەسەر بکەین، بێین کێشەی دەستوور و سیستەمی حوکمڕانی چۆن چارەسەر بکەین. دەبێت لەسەر ئەمە رێکبکەوین باشترە لە بری شتی تر".

- "رەخنەمان لە ئەدای حکوومەت ھەیە"

لە بەشێکی تری ئەم تەوەرەیە و لە بارەی ھەڵوێستی یەکێتی لە بارەی ئەدای حکوومەتی ھەرێم و کاندیدانی حزبەکەیەوە لە حکوومەت، ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی گوتی: "ئێمە بێگومان رەخنەمان لە ئەدای حکوومەت ھەیە، بەڵام ئێمە بەشێکین لەم حکوومەتە و بەرپرسیارێتی ئەم حکوومەتە بەچاک و خراپی تەحەمول دەکەین، ئەگەر ئەم حکوومەتە گۆڕانکاری بەدی ھێنا ئێمە بەشێکین تێیدا، ئەگەر پێشکەوتن و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بەدی نەھێنابێت ئێمە بەشێکین تێیدا، ئەگەر کەموکوڕی و گەندەڵی و مشەخۆریشی تێدایە و رانەپەڕاندنی ئەرکەکانیشی تێدایە، ئێمە بەقەدەر پشکی خۆمان مەسئولیەتی دەگرینە ئەستۆ و تەحەموولی دەکەین، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین لە حکوومەت بکشێینەوە لەبەر ئەوەی باسم کرد، لەگەڵ ئەوەدا نین ھێزی پێشمەرگە جیاکەینەوە لەبەر ئەوەی باسم کرد کە زەمانی شەڕ لەگەڵ داعش و ئەگەرەکانی دوای داعشیش یەکگرتووی ھێزی پێشمەرگەیە، لەگەڵ بەغداش ئێمە لەگەڵ ئەوەین بەیەکگرتووی ھێزە کوردستانیەکان گفتوگۆ بکەین نەک ھەر حزبێک بەئارەزووی خۆی بچێت گفتوگۆ بکات".

تەوەری چوارەم: ناوچە دابڕاوەکان

"لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ناکشێینەوە"

"ماددەی ١٤٠ی دەستوور قابیلی دەستکاری و ھەموار نییە"

زۆر باس لە ناوچە دابڕاوەکان دەکرێت و بەرپرسانی عێراقی ناوبەناو داوای کشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەکەن، مەلا بەختیار لە بارەی ھەڵوێستی حزبەکەی کە دەسەڵاتێکی بەشێکی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستدایە و چارەنووسی ئەو ناوچانە و چارەسەرەوە دوا و گوتی: "کورد ئامادە نییە لەو ناوچانە بکشێتەوە، ئێمە ئەوکاتە سوور دەبین لەسەر ئەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و سەقفێکی زەمەنی دیاریکراو ھەبێت بۆ ئەوەی لەسەر ئەو ناوچانە چۆن لەگەڵ بەغدا بگەینە دوا ئەنجام، یەکەم فیدڕاڵی بێ سنوور نییە، دووەم ماددەی دەستووری ١٤٠ قابیلی دەستکاری و ھەموار نییە، سێیەمیش ئێمە دەستی بەدەستیمان نەکردووە بەحکوومەتی عێراقی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، ئەوە حکوومەتی عێراقە لەسەر دەستی چوار سەرۆکوەزیران دەستی بەدەستی بەئێمە کردووە، لەبەر ئەوە ئێمە کە مافی خۆمان بێت و مافی ھیچ لایەکمان نەخواردبێت ئێمە بۆ بکشێینەوە".

گوتیشی: "فەرموو با نەتەوەیەکگرتوەکان بێن سەرپەرشتی بکەن یاخود ھێزێکی تر سەرپەرشتی بکەن یان ھەر زەمانەتێکی تر لە عێراق بەئێمە دەدرێت کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت، ئەوکات ئێمە لەسەر کشانەوە و نەکشانەوە ئامادەین لەگەڵ حکوومەتی عێراقی گفتوگۆ بکەین بۆئەوەی رێک کەوین، بەڵام بڵێن بکشێنەوە و بێمنەتیشمان بکەن لەوەی کە بڵێن ماددەی ١٤٠ جێبەجێ ناکرێت و کێشەکانی وەکو دوزخورماتوو دروست بکەن کە ئێستا دروست بووە و چارەسەر ناکرێت، ئەمەیان مەترسییەکی گەورە ھەیە بۆ دوای شەڕی داعش بۆسەر ئەو ناوچانە، ئێمە دەبێت ئامادەیمان ھەبێت بەرامبەر ھەر مەترسیەک کە پێشبینی بکەین. بەم عەقڵیەتەی حوکمڕانی، بەم بوونەی ھێزەکانی ناڕێکخراو کە لە سوپای عێراقدا نەبوون، بەم شێوەیەی کە ماوەی نۆ ساڵە دەستی بەدەستیمان پێ دەکەن بۆ جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠، بێگومان دیارە کە لە دوای داعش ئەم سیاسەتە فراونتر و قوڵتر دەکرێتەوە بەرامبەر بەئێمە".

تەوەری پێنجەم: پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ تورکیا

ئاستی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ تورکیا لە چ ئاستێکدایە؟ کردنەوەی کونسوڵخانەی تورکیا لە سلێمانی بەکوێ گەیشتووە؟.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو بارەیەوە گوتی: "لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی خراپمان نییە و لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئاشتی ئیقلیمییەوە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا پەیوەندی خۆمان ھەیە و تێکیشی نادەین، چارەسەری کێشەی دیموکراسی بێگومان جیاوازی بیرکردنەوەمان ھەیە، ئێمە لەناو حزبەکانی ھەرێمی کوردستانیش جیاوازی بیرکردنەوەمان ھەیە و لەگەڵ دەوڵەتی ئیقلیمیش ھەمانە، بەڵام ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی تورکیا و پێمان وایە بەدیموکراسی چارەسەر دەکرێت، جەخت دەکەینەوە بەزیندانیکردنی ئۆجەلان و سەڵاحەددین دەمیرتاش و ھاوسەرۆکەکەی و زیاتر لە ١٢٥ شارەوانی و کادری ھەدەپە و بەم رێگایە کە ئەمڕۆ حکوومەت بەکاری دەھێنێت لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوو ھەموو حکوومەتەکان ئەوەیان تاقیکردووەتەوە و شکستی ھێناوە".

بەڕەسمی رەزامەندیمان داوە لەسەر کردنەوەی کونسوڵخانەی تورکیا لە سلێمانی و ئەوان ھاتوونەتە لامان و پێکەوە لەسەر ئەوە کۆبووینەتەوە، ھەموو ئامادەکارییەکانیان کردووە و بەڵام نازانین ھۆکاری دواکەوتنی کردنەوەی چیيە".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın