سياسەت

نێچیرڤان بارزانی: "کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی زۆر گرنگ بوو"

نێچیرڤان بارزانی: "کۆبوونەوەی ئەم دواییە پارتی و یەکێتیی ئەنجامیاندا زۆر گرنگ بوو".

Hemin Hüseyin  | 19.01.2017 - نوێکردنەوە : 20.01.2017
نێچیرڤان بارزانی: "کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی زۆر گرنگ بوو"

Arbil

هەولێر-AA

نێچیرڤان بارزانی: "بە دڵنیاییەوە ئێمە لەسەر ئەوە رێککەوتین تاوەکو بگەین بە تێڕوانینێکی هاوبەش، بە تایبەت لەو کۆبوونەوەی ئەم دواییە پارتی و یەکێتیی ئەنجامیاندا زۆر گرنگ بوو، بەڵام مانای ئەوە نییە کە لایەنەکانی دیکە بەشدارنابن، ئەوەی کە بەرپرسیاریەتی گەورەی هەیە، یەکێتیی و پارتییە کە دەبێت تەحەمولی ئەوبەرپرسیاریەتییە بکەن". ,

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بگەنە تێڕوانینێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و ئەو کۆبوونەوەیەش درێژەپێدانی کۆبوونەوەکانی پێشووتر دەبێت.

دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگایەکی ھونەری ‌ لەسەر قەڵای شاری ھەولێر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی داھاتووی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە لە نێوان ھەردوولادا وەک بەردەوامیی کۆبوونەوەی ھەفتەی رابردوو ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی لەسەر کۆی ئەو کێشانەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە بگەن بە تێڕوانینێکی ھاوبەش و چارەسەریان بکەن".

دەربارەی ئەو‌ەی کە یەکێتی و پارتی بە یەک شاند سەردانی لایەنەکانی دیکە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "تا ئێستا ئەو بڕیارە نەدراوە کە بەیەکەوە سەردانی لایەنەکان بکەین، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە ھەردوولامان رێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە ئێمە لەسەر کۆبوونەوەکان بەردەوام بین تا دەگەین بە بۆچوون و تێڕوانینێکی ھاوبەش بۆ کۆی ھەموو ئەو کێشانەی کە ھەیە".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئێمە وەکو پارتی ھیچ لارییەکمان لەسەر ئەم بابەتە نییە و زۆر خۆشحاڵین، ھیچ کێشەیەکیش لەوە نییە کە پڕۆژەیەکی ھاوبەشمان ھەبێت و پێکەوە سەردانی لایەنەکان بکەین، بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە ئەمە لە کۆبوونەوەی پێشوو بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوا نەخێر بڕیاری لەسەر نەدراوە. ئێمە لە کۆبوونەوەی پێشتردا بە ‌شێوەیەکی گشتی باسی کێشەکانمان کرد و لەو کۆبوونەوانەشدا کە بریارە ئەنجام بدرێن، دەچینە ناو وردەکاری ئەو کێشانە و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیش بەڕێزیان گوتی: "بێگومان ئەو کۆبوونەوەی بەم دواییانە لەگەڵ یەکێتی ئەنجاممان دا کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ بوو، ئەمەش مانای ئەوە نییە لایەنەکانی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکان نابن، بەڵام ئەو لایەنانەی کە سەرەکین و بەرپرسیاریەتییان ھەیە لەم وڵاتەدا زیاتر یەکێتی و پارتین کە پێویستە بەرپرسیارێتیی خۆیان ھەڵبگرن، ھەر بۆیە کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو، بە ئومێدەوە سەیری بەردەوامیی ئەو کۆبوونەوانە دەکەین تاکو بگەینە تێڕوانینێکی ھاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کۆی ئەو کێشانەی لە کوردستاندا ھەیە و چۆنیەتیی حوکمڕانی لە ئایندەی کوردستاندا".

دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و سەردانی لێژنەیەکی پێکھاتوو كە ھەموو لایەنەکانی کوردستان لە خۆ دەگرێت، سەبارەت بە باسکردنی پرسی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا "ھەماھەنگی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە،‌ بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ھەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر کراون و ھیچ کێشەیەک نەماوە و لێژنەی ھەرێمی کوردستانیش سەردانی بەغدا دەکات و ئەو بابەتەش یەکێکە لە تەوەرکانی کۆبوونەوەی داھاتووی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ بکرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın