سياسەت

هۆزەکانى نەینەوا دژى بەرفروانبوونى دەسەڵاتى حەشدى شەعبین لە شنگال

- زیاتر لە ٢٨ هۆزى عەرەبى پارێزگاى نەینەوا دژى بەرفراوانبوونى دەسەڵاتى حەشدى شەعبى و هەژموونى ئێرانن لە سنوورى شارۆچکەى شنگال، بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنى مافى پێکهاتەکان داوا لە ئەمریکا دەکەن سنوورێک لە بەردەم حەشدى شەعبى دابنێن.

Azat Muhammet  | 16.05.2017 - نوێکردنەوە : 17.05.2017
هۆزەکانى نەینەوا دژى بەرفروانبوونى دەسەڵاتى حەشدى شەعبین لە شنگال

Dahuk

دهۆک -AA

گوتەبێژى فەرمى هۆزە عەرەبەکانى نەینەوا، شێخ مزاحم ئەحمەد ئەلحویت ئۆپەراسیۆنەکانى حەشدى شەعبى لە ناحیەی قەیرەوانى سەربە قەزای شنگال بە پیلانگێڕى ئێران و سووریا دەزانێت و، دەڵێت "دواى باڵا دەستبوونى حەشدى شەعبى لە ناوچە سنوورییەکانى عێراق و سووریا هەڕەشە دەکەوێتە سەر ئاشتى و پێکەوە ژیان لە ناوچەکە".

گوتەبێژى فەرمى هۆزە عەرەبەکانى نەینەوا، شێخ مزاحم ئەحمەد ئەلحوێت لە لێدوانێکى بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند "حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى سەربازى بۆسەر ناحیەی قەیرەوان و گوند و کۆمەڵگەکانى دەورووبەرى جگە لەوەى رێککەوتنى سەربازى نێوان هەولێر، بەغدا و هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژبە داعشى پێشێل دەکات، گومان لەوەدا نییە کە دەرگاى فیتنە و ئاژاوەگێڕى لە تەواوى سنوورى نێوان عێراق و سووریا بە سنوورى قەزای شنگال و تەلەعفەریشەوە دەکاتەوە، ئەمەیش بۆ هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا جێگەى نیگەرانییە و قابیلى قبووڵکردن نییە".

ئەلحوێت راشیگەیاند "ئێران و سووریا بە رێککەوتن لەگەڵ یەکترى هەوڵى بەدیهێنانى ئامانجەکانى خۆیان لە رێگەى حەشدى شەعبى و چەکدارانى پەکەکە لە عێراق دەدەن، ئەم پیلانگێڕییە لە بەرژەوەندیی گەلانى عێراق نییە، بۆیە ئیمە بە هەموو شێوەیەک دژایەتى خۆمان لە بەرفراوان بوونى دەسەڵاتەکانى حەشدى شەعبى و هەژموونى ئێران بەسەر عێراق رادەگەیەنین، قبووڵى ناکەین چەکدارانى حەشدى شەعبى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم داگیر بکات کە لە دەستوورى عێراق بە ماددەى ١٤٠ ناودەبرێت".

گوتەبێژى فەرمى هۆزە عەرەبەکانى نەینەوا دەڵێت "داوا لە ئەمریکا دەکەین بە زووترین کات رێگرى لە دەستوەردانەکانى ئێران و جموجۆلە سەربازییەکانى حەشدى شەعبى بکات، پێش ئەوەى مەترسى بکەوێتە سەر ژیانى هاووڵاتییانى سڤیلى ناوچەکە لە تەواوى سنوورى شنگال و سنوورى عێراق و سووریا".

وەک مزاحم خۆى دەڵێت "کردنەوەى رێگایەکى وشکانى بە هاوکارى چەکدارانى حەشدى شەعبى و چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى سووریا و عێراق، بۆ دروستکردنى هیلالێکى شیعییە لە نێوان سووریا، عێراق، ئیران و لوبنان، ئەوەى لەسەر ئەرزى واقع روودەدات دەستوەردانى سەربازى ئێرانییە لەسەر خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەمەیش پێویستى بە رێگریکردنە لە لایەن هاوپەیمانان".

چەکدارانى حەشدى شەعبى پێش چەند رۆژێک ئۆپەراسیۆنێکيان لە سنوورى قەزای شنگال دەستپێکرد تا ئێستا شارەدێى قەیرەوان و چوار گوندى سەربە ناحیەکەیان لەژێر دەسەڵاتى داعش دەرهێناوە و خستوویانەتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیان.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın