سياسەت

هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە

- لە ئاكامی دوو هێرشی ئاسمانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە، سێ‌ فەڵەستینی برینداربوون.

Zana Natık Kerem  | 09.08.2017 - نوێکردنەوە : 11.08.2017
هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە

Gazze

كەرتی غەززە ــ AA

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل دوو هێرشی ئاسمانییان كردە سەر كەرتی غەززە و، لە ئاكامدا سێ‌ فەڵەستین برینداربوون كە برینی یەكێكیان سەختە.

بەڕێوەبەری بەشی پێشوازیی و فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی شیفا، ئەیمەن سوحبانی لە روونكردنەوەیەكدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە رایگەیاندووە كە سێ‌ فەڵەستینی هێنراونەتە نەخۆشخانەكەیان كە بە هۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل برینداربوون.

ئەیمەن سوحبانی ئاماژەی بەوەشدا كە برینی یەكێك لە بریندارەكان سەختە.

سەرچاوە ئەمنییەكان لە كەرتی غەززە بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لەو دوو هێرشە ئاسمانییەدا، دوو پێگەی بزووتنەوەی حەماس لە باكووری كەرتی غەززەی كردووەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە دا كە لە هێرشی یەكەمدا، پێگەیەكی بزووتنەوەی حەماس لە باكووری رۆژئاوای شاری غەززە بە چوار مووشەك كراوەتە ئامانج كە بە هۆیەوە هاووڵاتییەك برینداربووە و هەروەها زیانی زۆری ماددیش كەوتەوە.

بە گوتەی سەرچاوەكان هێرشی دووەم، پێگەیەكی بزووتنەوەی حەماس لە باكووری رۆژئاوای شارۆچكەی بەیت لاهیا باكووری كەرتی غەززە بە دوو مووشەك كراوەتە ئامانج كە هیچ زیانێكی لێنەكەوتووەتەوە.

تا ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی دوو هێرشە ئاسمانییەكە بڵاونەكردووەتەوە.

دوو هێرشە ئاسمانییەكە دوای ئەوە ئەنجامدرا كە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، مووشەكێك ئاراستەی شاری عەسقلان باشووری ئیسرائیل نزیك لە سنووری كەرتی غەززە كرابوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın