سياسەت

هەڕەشەی روحانی سەبارەت بە ''کشانەوە لە رێککەوتننامەی ناوەکیی''

- سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی: "ئەگەر بێت و ئەمریکا پابەند نەبێت بە رێککەوتننامە ناوەکییەکەوە، ئەوا 'لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا' دەتوانن بگەڕێنەوە دۆخی بەر لە رێککەوتننامەکە".

Muhammet Ali Kemal  | 15.08.2017 - نوێکردنەوە : 16.08.2017
هەڕەشەی روحانی سەبارەت بە ''کشانەوە لە رێککەوتننامەی ناوەکیی''

Istanbul

تاران - AA

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی، رایگەیاند، ئەگەر بێت و ئەمریکا پابەند نەبێت بە رێککەوتننامە ناوەکییەکەوە، ئەوا ''لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا'' دەتوانن بگەڕێنەوە دۆخی بەر لە رێککەوتننامەکە.

ئاژانسی هەواڵیی ئیرنا بڵاوی کردەوە، حەسەن روحانی لە گوتارێکدا لە میانی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان بۆ کابینەی ١٢ی حکوومەتەکەی، رایگەیاندووە ''ئەگەر بێت و ئیدارەی نوێی ئەمریکا نیازی ئەوەیان هەبێت بۆ سزا و فشارەکانی بەر لە رێککەوتننامە ناوەکییەکە بگەڕێنەوە، ئێمەش دوودڵ نابین لەوەی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ دۆخی بەر لە رێککەوتننامەکە و تەنانەت دۆخێکی پێشکەوتووتر لەو دۆخەی هەبوو''.

حەسەن روحانی باسی لەوەشکردووە کە ئێران رێککەوتننامە ناوەکییەکە وەک دەرفەتێکی باش بۆ هاریکاریی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا و بنیاتنانی کەشی متمانە، دەبینێت و وڵاتەکەشی پاپەندە بە بەندەکانی رێککەوتننامەکەوە.

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەو پرۆژە یاسایەی پەسەندکرد بوو کە سزای نوێ بەسەر هەریەک لە رووسیا و کۆریای باکووردا دەسەپێنێت.

ئەو بەشەی پرۆژە یاساکە کە تایبەتە بە ئێران، ناونیشانی ''یاسای بەرەنگاربوونەوەی ئەو چالاکییانەی ئێران کە دەبنە مایەی تێکدانی سەقامگیریی'' هەڵگرتووە.

یاساکە رێنمایی ئەوە دەداتە هەریەک لە وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگریی و گەنجینەی ئەمریکا و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی نیشتمانیی کە پەرە بە ستراتیجێک لەبەرامبەر ئەو چالاکییانەی ئێران کە دەبنە مایەی تێکدانی سەقامگیریی، بدەن و سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئەو وڵاتەدا لەبەرامبەر بەرنامەی مووشەکیی بالیستیی، لەخۆدەگرێت.

ئەو پرۆژە یاسایە کە هاوکات سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر سوپای پاسداران و گەمارۆی چەک لە خۆدەگرێت، دەستەبەری ئەوەش دەکات کە هەرکەسێک پەیوەندیی بەو سوپایەوە هەبێت، بخرێتە ناو لیستی کەسایەتییە سزادراوەکانەوە.

ئەمە جگە لەوەی پرۆژە یاساکە پێشنیازی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر حکوومەتی تاراندا بە هۆی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، دەکات و داوا دەکات سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی ئەمریکا کە لە ئێران دەستبەسەرکراون بە شێوەیەکی رێکوپێک راپۆرت بدرێتە کۆنگرێس.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın