توركيا, سياسەت

وادەی ئاک پارتی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەسەر دەستووری تورکیا

- ئاک پارتی بەرنامەڕێژیی بۆ ئەوە کردووە گشتپرسی بۆ یاسای هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا لەنێوان 26ی ئادار تاوەکو 16ی نیساندا ئەنجامبدات. - رۆژی چوارشەممە 18ی کانوونی دووەم خولی دووەمی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لەسەر پرۆژە یاساکە دەست پێ دەکاتەوە.

Muhammet Ali Kemal  | 16.01.2017 - نوێکردنەوە : 16.01.2017
وادەی ئاک پارتی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەسەر دەستووری تورکیا

TBMM

ئەنقەرە - AA

ئاک پارتی بەرنامەڕێژیی بۆ ئەوە کردووە گشتپرسی بۆ یاسای هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا لەنێوان 26ی ئادار تاوەکو 16ی نیساندا ئەنجامبدات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، ئاک پارتی پێشبینی ئەوە دەکات کە لە کۆتایی مانگی ئادار تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نیسان گشتپرسی لەسەر یاسای هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا کە لە ئێستادا لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەنجامبدرێت.

دوای ئەوەی دوێنێ خولی یەکەمی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیا لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری ئەو وڵاتە کۆتایی هات، ئاک پارتی پلانی داناوە تاوەکو رۆژی چوارشەممە 18ی کانوونی دووەم خولی دووەمی کۆبوونەوەکان لەو بارەیەوە دەست پێ بکەنەوە و ئەو 6 ماددەیەی پرۆژە یاساکە کە ماون پەسەندبکرێن و تاوەکو رۆژی شەممەی 21ی کانوونی دووەم، پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی دەستوور ببێتە یاسا.

چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەوەی کە پرۆژەکە بوو بەیاسا، لەنێوان رۆژانی 23-24ی کانوونی دووەمدا ئاراستەی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان بکرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی و سەرکۆمار بەپێی یاسا ماوەی 15 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. لەگەڵ پەسەندکردنیشیدا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، وادەی ئەنجامدانی گشتپرسیی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا لەلایەن گەل، رووندەبێتەوە.

دواتر یاساکە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و وادەی گشتپرسی دەبێتە یەکەم یەکشەممەی دوای 60ەمین رۆژ لە بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەکەدا.

بەو پێیەی کە سەرکۆمار ماوەی 15 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ پەسەندکردنی یاساکە، چاوەڕوان دەکرێت زووترین وادەی راپرسی رۆژی یەکشەممەی 26ی ئادار و درەنگترین وادەش رۆژی یەکشەممەی 16ی نیسان بێت.

بۆ ئەوەش کە یاساکە لەلایەن گەلەوە لە گشتپرسیدا پەسەندبکرێت، پێویستی بە بەدەستهێنانی نیوە کۆ یەکی ئەو دەنگانەیە کە لە گشتپرسییەکەدا دراون و دەنگی ئەژمارکراون.

هاوکات ''پاکێجی پرۆژە یاساکان'' کە 38 ماددەیە و تێیدا رێژەی هاندانی خاوەنکارەکان، وەبەرهێنان و هەناردەکاران زیاددەکات و لەحاڵەتی پەسەندکردنیدا گۆڕانکاریی لە پاداشتی خانەنشینی کارمەندانی حکوومەتدا دەکات و گفتوکان لەبارەیەوە بەنیوەناچڵی مابوونەوە، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی سێشەممەی 17ی کانوونی دووەم دەست بەتاوتوێکردنی لەپەرلەمان بکرێتەوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın