سياسەت

پرسەنامەی سەرکردە ناوخۆیی و بیانییەکان بە بۆنەی کۆچی دوایی تاڵەبانی

پرسەنامەی سەرکردە ناوخۆیی و بیانییەکان بە بۆنەی کۆچی دوایی تاڵەبانی

Mazın Asad  | 03.10.2017 - نوێکردنەوە : 05.10.2017
پرسەنامەی سەرکردە ناوخۆیی و بیانییەکان بە بۆنەی کۆچی دوایی تاڵەبانی

Ankara


ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردووەتەوە، سەرکۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم بۆ کۆچی دوایی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەلال تاڵەبانی پەیامێکی هاوخەمی راگەیاند.

دەقی پەیامی هاوخەمی سەرکۆماری عێراق 

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی جەرگ بڕی ماڵئاوایی سەرۆک کۆماری پێشوو سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆک مام جەلالمان بیست، ئەو کەسایەتیە سیاسییە کوردییە عێراقییە هەڵکەوتووەی کە ئەمڕۆ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیادا لە ئەنجامی نەخۆشییەکەی ماڵئاوایی لەژیان کرد. 

لە کاتێکدا پرسە و ماتەمینیی بە هەردوو گەلی کورد و عێراق رادەگەیەنین بۆ ماڵئاوایی بەڕێز جەلال تاڵەبانی کە سەرکردەیەکی خۆراگر و بەهێزمان لەدەست دا، ئەو سەرکردەیەی فیکری نەتەوەیی مرۆڤ دۆستانە و نیشتمانپەروەریی راستگۆیانە و رووناکبیریی بەرزی یەک خستبوو، باوەڕێکی قوڵ و نەگۆریشی هەبوو بە فیکری دیموکراسیی پێشکەوتنخوازیی و هەستکردنی بەرزی بە لێپرسراویەتیی و بەگژاچونەوەی زۆرداریی و چەوساندنەوە، بە شانازییەوە خەبات و تێکۆشانی لە پێناوی خزمەتکردنی گەل و نەتەوەکەی بەبیر دێنینەوە کە لە هەڕەتی لاوییەوە دەستی پێکردوە، هاوکات زۆربەی رۆڵە مەزنەکانی بەبیر دێنینەوە کە لە نموونەیەکی دیاری قوڵ کردبووەوە لە نێوان فیکر و لێپرسراویەتیدا، یەکێک بوو لە سەرکردە هەرە دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق دژی دیکتاتۆریی و خەباتکردن لە پێناوی عێراقێکی پێشکەوتوو ئازاددا. 

لەم لەدەستدانەدا ئەو مێژووی خەباتی پڕ سەروەرییەی بەبیر دێنینەوە کە هەمیشە لە دڵ و دەروونی گەل و نەتەوەکەی و هەموو ئەوانەدا ئەمێنێتەوە کە ناسیویانە، متمانەی تەواو و نەگۆڕمان هەیە کەناوی مام جەلال لە لاپەڕەیەکی رۆشنی سپیدا لە مێژوی عێراقی خۆشەویستماندا دەنووسرێت. 

سۆز و بەزەیی فراوانی پەروەردگار بۆ گیانی سەرۆک مام جەلال.. پرسە و ماتەمینیی قوڵمان بۆ خانەوادە بەڕێزەکەی و دۆست و ئازیز و هەڤاڵەکانی. 

إنا لله وإنا إليه راجعون. 

فوئاد مەعسوم 

سەرۆک کۆمار 

............................

سەرۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێكی ماتەمینیدا بەبۆنەی كۆچی دواییی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركۆماری پێشووی عێراق، مام جەلال، ڕایگەیاند: "مام جەلال ڕۆڵێكی گرنگ و لەبیرنەكراوی هەبوو لە شۆڕشی كوردستان و تێكۆشانی دیموكراسیدا لە عێراق و خاوەن نێوبانگێكی جیهانی بوو". 

ده‌قی پەیامی سەرەخۆشی بۆ گەلی كوردستان و عێراق و بنەماڵەی مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 

ئەمڕۆ گەلی كوردستان و عێراق، ئازادیخواز و تێكۆشەرێكی گەورەی ئازادیی كوردستان و دیموكراسیی عێراقی لەدەست دا كە ئەویش جەنابی مام جەلالە. بەو بۆنه‌یەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو گەلی كوردستان، گەلی عێراق، هێرۆخان و كاك قوباد تاڵەبانی و كاك بافل تاڵەبانی و هەموو بنەماڵەی جه‌نابى مام جەلال تاڵەبانی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕادەگەیهنم. 

جه‌نابى مام جەلال ڕۆڵێكی گەورەی لە شۆڕشی كوردستاندا هەبوو، هەر لە تەمەنێكی زووی لاوییەوە تێكەڵاوی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و سیاسیی كوردستان بوو، وەك سەركردەیەك ڕۆڵی لە خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان هەبووە و دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو كە هاوشان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا ڕۆڵێكی گرنگیان لە شۆڕش، دروستكردنی بەرەی كوردستانی، ڕاپەڕین و دامەزراندن و پاراستنی دەزگا دیموكراسی و شەرعییەكانی كوردستاندا گێڕا. 

ڕۆڵی مام جەلال لە خەبات دژی دیكتاتۆری و هێنانەكایەی دیموكراسی لە عێراقدا، ڕۆڵێكی گرنگ و لەبیرنەكراوە. خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جەلال لەگەڵ سه‌رۆك بارزانی و سەركردە دیموكراسیخوازەكانی دیكەدا، ڕۆڵی هەرە بەرچاویان هەبوو لە كاركردن و پێداگیریكردن لەسەر دروستكردنەوەی عێراق لەسەر بناغەی سیستەمێكی دیموكراسی و مەدەنی لە عێراقدا و یەكسانیی نەتەوەی كورد و عەرەب و پارێزراوبوونی مافی توركمان، كریستیان و هەموو نەتەوەكان و پەیڕەوانی ته‌واوى ئایین و مەزهەبەكان لە عێراقدا بە پەیڕەوكردنی بنەمای تەوافوق كە كرایە بناغەی بڕیاردان و بەڕێوەبردن بەپێی دەستووری عێراق. 

مام جەلال وەك سەركۆماری عێراق لە بەغدا، لە هەوڵ و ململانێیەكی سەختی بەردەوامدا بوو بۆ جێبەجێكردن و پاراستنی دەستوور. بەهۆی پێگە تایبەتییەكه‌یه‌وه لای هەموو هێزە عێراقییەكان و بەهۆی لێهاتوویی خۆییه‌وه تا ڕادەیەكی زۆر ڕێگری لە پێشێلكردنی بنەمای تەوافوق و پشتگوێخستنی دەستوور دەكرد، هەر لەبەرئەوەش دەبینین دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دووركەوتنەوەی لە پۆستی سەركۆماری لە بەغدا، پێشێلكردنی دەستوور و بنەمای تەوافوق لە عێراق زۆر زیاتر بوو، ئەنجامی ئەوەش پەككەوتنی پرۆسەی سیاسیی عێراق و كارەسات و ماڵوێرانییەكی زۆر بوو بۆ هەموو عێراق. مام جەلال بەو شێوە كاركردنەی خۆی لە سەرۆكایەتیی كۆماردا، ببووە خاوەن نێوبانگێكی جیهانی.

پەیوەندیی من و مام جەلال، پەیوەندییەكی زۆر باش و ڕێزگرتن و لێكتێگەیشتنی بەردەوام بوو، زۆربەی ئەو كێشانەی كە دەهاتنە پێشەوە و دەبوونە بەشێك لە گفتوگۆ و پەیوەندییە بەردەوامەكانی نێوانمان، ئەنجامەكەیان هەمیشە چارەسەركردن بووە. لەگەڵ مندا هەمیشە خاوەن مێشكێكی كراوە بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. 

لەدەستدانی سەركردە و سیاسییەكی وەك مام جەلال، زیانێكی گەورەیە بۆ كوردستان و عێراق و ناوچەكە. دووبارە پرسە و سەرەخۆشی لە هەموو ئەوانە دەكەم كە مام جەلالیان خۆشدەویست و هیوادارین هەموو لایەك بیر لە شێوەی كاركردنی مام جەلال بكەنەوە لە بەڕێوەبردنی كارەكاندا بە تەوافوق لە عێراق. 

یادی هەمیشە بە خێر و جێگەی بەهەشت بێت. 

نێچیرڤان بارزانی 

سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان 

3/10/2017 

...................................

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەستکەوتوون، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەلال تاڵەبانی پەیامی سەرەخۆشی ئاراستەی هاوسەری تاڵەبانی، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد کرد. 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم

بەڕێز ھێرۆ تاڵەبانی

بە خەمبارییەوە ھەوڵی کۆچی دوایی ھاوسەری بەڕێزتان و سەرکۆماری پێشووی عێراق، بەڕێز جەلال تاڵەبانیمان لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ پێگەیشت.

خوالێخۆشبوو تاڵەبانی کە خزمەتێکی زۆری ھەم بە کوردانی عێراق و ھەمیش بۆ تەواوی عێراق کردووە، سیاسەتمەدارێکی بەنرخ و پیاوی دەوڵەت بوو.

خوالێخۆشبوو ھەم لە مێژوو و سیاسەتی عێراقدا و ھەمیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق رۆڵێکی گەورەی ھەبوو.

بەو بۆنەیەشەوە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادەی و برا عێراقییەکانم دەکەم. 

سەرۆکوەزیرانی تورکیا

بینالی یڵدرم

......................

ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبولغێت بە بۆنەی كۆچی داوایی سەركۆماری پێشووی عێراق، جەلال تاڵەبانی، سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی تاڵەبانی كرد.

ئەحمەد ئەبولغێت رایگەیاندووە "بەداخ و پەژاریەكی زۆرەوە هەوڵی كۆچی دوایی سەركۆماری پێشووی عێراق سیاسەتمەداری ناسراو، جەلال تاڵەبانی ـ مان پێگەیشت، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی تاڵەبانی، كۆمار، سەرۆك و گەلی عێراق دەكەین".

گوتەبێژ بەناوی ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی، مەحمود عەفیقی رایگەیاند كە ئەحمەد ئەبولغێت پەیامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی سەركۆماری عێراق كردووە كە تیایدا ستایشی رۆڵی سەرکۆماری پێشوو، جەلال تاڵەبانی كرد كە بۆ یەكخستن و یەكریزی نیشتمانی عێراق بینی بووی بە تایبەتیش لەو كاتەی سەركۆماری عێراق بوو.

گوتەبێژ بەناوی ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی، ئاماژەی بەوەشدا كە هەر بە بۆنەی كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، ئەمینداری گشتی كۆمكاری سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كورد و سەركردە سیاسی و سەرۆکی پارتەكان لە هەرێمی كوردستان كرد و داوای لێخۆشبوونی بۆ تاڵەبانی کردووە.

....................

جێگری سەركۆماری عێراق، ئوسامە نوجێفی رایگەیاند كە بە داخ و پەژاریەكی زۆرە لە میدیاكانی عێراق هەواڵی كۆچی دوایی سەركۆماری پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی بیست.

لە پەیامێكدا كە لە سەر پەیچی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، ئوسامە نوجێفی گوتوویەتی: " كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، زیانێكی گەورەیە و بە بۆنەیەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی تاڵەبانی و پارتەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و گەلەكە و گەلی عێراق دەكەین".

جێگری سەركۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە جەلال تاڵەبانی رۆڵێكی مێژوویی و كارا و حەكیمانەی بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكان بۆ بەرژەوەندی گەل و ژیانی هەبوو.

ئوسامە نوجێفی ئەوەشی گوتووە: "داوا لە خوای گەورە دەكەین كە خوالێیخۆشبێت، بخاتە بەر رەحمەتی خۆی و بە بەهشتی بەرینی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بداتە كەسوكار و گەلەكەی".

............

..بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەلال تاڵەبانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

دەقی برسه‌نامه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی جلال تاڵه‌بانی 

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی بەرێز سەرۆک مام جەلالمان پێ گەیشت، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەرێزی مام جەلال و سەرکرادیەتی و سەرجەم کادیر و ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەموو هاولاتیانی کوردستان دەکەم. خوا سەبووریی هەموو لایەکمان بدات. 

بەرێز مام جەلال کەسایەتیەکی کاریگەری مەیدانی سیاسیی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بووە و بێگومان کۆچی دواییی بۆشاییەکی زۆر دروست دەکات. ئاواتەخوازم بە تەبایی و یەکڕیزی و خەباتی بێ وچانمان بە ئاراستەی بەدیهاتنی ئاواتە دێرینەکەی گەلەکەمان کە ئاواتی لەمێژینەی مام جەلالیش بوو، بتوانین گیانی بەرزەفڕی بەرێزیان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان شاد بکەین. 

مەسرور بارزانی

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

......................

بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەلال تاڵەبانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

دەقی برسه‌نامه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی جلال تاڵه‌بانی 

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی بەرێز سەرۆک مام جەلالمان پێ گەیشت، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەرێزی مام جەلال و سەرکرادیەتی و سەرجەم کادیر و ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەموو هاولاتیانی کوردستان دەکەم. خوا سەبووریی هەموو لایەکمان بدات. 

بەرێز مام جەلال کەسایەتیەکی کاریگەری مەیدانی سیاسیی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بووە و بێگومان کۆچی دواییی بۆشاییەکی زۆر دروست دەکات. ئاواتەخوازم بە تەبایی و یەکڕیزی و خەباتی بێ وچانمان بە ئاراستەی بەدیهاتنی ئاواتە دێرینەکەی گەلەکەمان کە ئاواتی لەمێژینەی مام جەلالیش بوو، بتوانین گیانی بەرزەفڕی بەرێزیان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان شاد بکەین. 

مەسرور بارزانی

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

..........................

میدیای کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان، عه‌لی باپیر بەبۆنەی کۆجی دوایی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەلال تاڵەبانی پرسه‌نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ تاڵەبانی کرد 

ده‌قی پرسه‌نامه‌ی ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان 

بسم الله الرحمن الرحیم 

كل من علیها فان ویبقی‌ وجه ربك ذو الجلال و الاكرام 

به‌ڕێزان بنه‌ماڵه‌ و خزم و نزیكانی‌ مام جه‌لال به‌ گشتی‌ و به‌تایبه‌ت خوشكی به‌رێزمان خاتوو هێرۆ و كاك باڤێڵ و كاك قوباد 

به‌رێزان مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان 

به‌ناوی خۆم و ئه‌نجوومه‌نی‌ سیاسی و سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشیتان لێ ده‌كه‌م و هاوخه‌می خۆمتان پێڕاده‌گه‌یه‌نم، به‌بۆنه‌ی‌ كۆچی دوایی سه‌ركرده‌ی‌ دیار و مێژوویی گه‌لی كورد جه‌نابی مام جه‌لاله‌وه‌، سه‌رۆك كۆماری پێشوی عێراق و سكرتێری یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، كه‌ ڕۆڵێكی گرنگ و به‌رچاوی گێڕا له‌ خه‌باتی‌ ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ گشتی‌ و، هه‌رێمی كوردستاندا به‌تایبه‌ت و، به‌ نه‌خۆش كه‌وتنی‌ و پاشان كۆچی دوایی كردنی‌، كه‌لێن و بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش په‌یدابوو، و ده‌رهاویشته‌ی‌ وای لێكه‌وتنه‌وه‌ كه‌ مایه‌ی‌ زیان بوون بۆ هه‌موو لایه‌ك. 

خوای گەورە به‌ به‌زه‌یی له‌ جه‌نابی مام جه‌لال خۆشبێت و سێبووریی و ئارامیش به‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی‌ ئێوه‌دا بڕێژێ، خوا سه‌رئه‌نجاممان خێر بكات و ده‌رووی خێر له‌ خه‌ڵك و وڵاتمان بكاته‌وه‌، له‌و قه‌یران و كێشانه‌ی‌ تێیان كه‌وتوین. 

برای دڵسۆزتان

عه‌لی باپیر

13المحرم 1439

3/ 10/ 2017

................

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın