سياسەت

"پێویستە خەڵكی كوردستان سزا نەدرێت"

ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، فاروق عەلی دەڵێت، "ئەوەی بە هۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە بەسەر هەرێمی كوردستان هات هەڵەی دەستەیەكی سیاسیە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەڵەی هەموو خەڵك و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی نەزانن".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 25.10.2017 - نوێکردنەوە : 26.10.2017
"پێویستە خەڵكی كوردستان سزا نەدرێت"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، فاروق عەلی رایگەیاند "ئەو شكستەی هاتووە شكستی نەتەوە و پێشمەرگە نییە، شكستی نوخبەیەكی سیاسییە كە شكستیان خواردووە لە خوێندنەوەی واقیعەكە و هەنگاویان ناوە بۆ بابەتێك كە زەمینەسازی لەبار و باشی بۆ نەكراوە، بۆیە ئەوانە شكستیان هێناوە پێویستە دان بە شكستی خۆیان بنێن بۆ ئەوەی چیتر بە بڕیارە هەڵەكانی ئەوان و بە خوێندنەوە نادروستەكانی ئەوان، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەرەو قەیرانی گەورەتر و شكستی گەورەتر نەبات".

فاروق عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك كۆمەڵی ئیسلامی پێشتر ئەوەمان راگەیاندووە كە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بارودۆخێكی وەهادا كە زەمینەسازی بۆ نەكراوە، هەرێمی كوردستان بەرەو بارودۆخێكی سەخت و دژوار دەبات، ئەو لایەنەی ئەم شكستەی بەسەر هاووڵاتییان و هەرێمی كوردستاندا هێناوە و تەواوی دەستكەوتەكانی كوردی لەبار بردووە، پێویستە خۆیان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و بۆ خۆیان واز بهێنن و دەست لەكاربكێشنەوە و چیتر وەك نوێنەرایەتی كورد رۆڵ نەگێڕن، رەنگە بۆ قۆناغی داهاتووش دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە پێویست نەمێنێ‌ت، هەروەها پێویستە ئەو كەسانەی پێش 16ی مانگ حوكمڕانیان كردووە جارێكی تر ئەوان بڕیار نەدەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ گەیشتن بە رێگا چارەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە كە بە شێوەیەك ئاڵۆز كراوە بە رۆژ و دوو رۆژ ناگاتە ئەنجام".

لە بارەی پشتیوانی ئیسرائیل بۆ هەرێمی كوردستان و هاوسۆزی لەگەڵ ئەو وڵاتە و كاردانەوەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بەرامبەر هەرێمی كوردستان، ئەندامەكەی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە وەڵامدا گوتی: "لە سەرەتاوە كە باسی ئیسرائیل دەكرا و پەرچەمی ئیسرائیلیان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان رادەوەشاند، پێمان وابوو كە ئەوە راكێشانی وەرەقەیەكی هەڵەیە لە دۆخێكی وەهادا، چونكە پێویستە جێكەوتەی واقعی جوگرافی هەرێمی كوردستان بزانین كە كێ‌ چواردەوری داوین، دەبێت ئەوەش بخوێنینەوە كە ئەگەر ئیسرائیل پشتیوانی هەرێمی كوردستان بكات لە خۆشەویستی كورد و هەرێم نییە بە ئەندازەی ئەوەی كە ئەو دەیەوێت دەوڵەتێكی بەهێزی وەك عێراق بەو شێوەیە نەمێنێتەوە، ئیسرائیل بەرژەوەندی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە وڵاتانی دەورووبەری پێكهاتبێت لە كۆمەڵێك وڵاتی بچووكی بێهێزی بێكاریگەر".

فاروق عەلی پێی وایە، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر پێویستە حزبەكەی لەگەڵ گۆڕان هەوڵەكانیان چڕتربكەنەوە تاوەكو بتوانن متمانەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان بگێڕنەوە، ئەو لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوە كارێكی زەحمەتە و پێویستە ئەو دۆخەی هێنراوە بەسەر هەرێمی كوردستان بە هەڵەی تەواوی خەڵكی كوردستان و سیاسییەكانی نەزانن، بەڵكو پێویستە بە هەڵەی دەستەیەكی سیاسی بزانن كە عیناد و لەخۆبایبونیان گەیشتە ئاستێك كە گوێیان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەگرت تا دۆخەكەیان بەو ئاستە گەیاند".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın