سياسەت

پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

"ئەو سەردەمە بەسەرچوو بە زمانی ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوە دژی مافی رەوای گەلی کوردستان بوەستنەوە و حەزیش ناکەین کەس ئەو زمانە بەکار بھێنێت. گەلی کوردستان ئاشتی و برایەتیی دەوێت بەڵام زمانی ھەڕەشە و ئینکار لە کەس قبوڵ ناکات".

Hemin Hüseyin  | 19.07.2017 - نوێکردنەوە : 20.07.2017
پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، رایگەیاند "ئەو سەردەمە بەسەرچوو بە زمانی ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوە دژی مافی رەوای گەلی کوردستان بوەستنەوە و حەزیش ناکەین کەس ئەو زمانە بەکار بھێنێت. گەلی کوردستان ئاشتی و برایەتیی دەوێت بەڵام زمانی ھەڕەشە و ئینکار لە کەس قبوڵ ناکات". 

بارزانی لە پەیامێکدا کە لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، باس لەو سیاسی و کاربەدەستانەی عێراق دەکات کە دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە و ئاماژە بەوە دەکات کە "زۆر باشتر دەبوو ئەم بەڕێزانە بە وردی دەستووری عێراق ببینن چونکە لە دیباجەی دەستووردا بە روونی ھاتووە پابەندبوون بە دەستوور زامنی مانەوەی عێراقە بە یەکپارچەیی".

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

"لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە سیاسی و کاربەدەستانی عێراقی بۆ دژایەتیکردنی ریفراندۆم و مافەکانی گەلی کوردستان باسی دەستوور و پابەندبوون بە دەستوور عێراق دەکەن. زۆر باشتر دەبوو ئەم بەڕێزانە بە وردی دەستووری عێراق ببینن چونکە لە دیباجەی دەستووردا بە روونی ھاتووە پابەندبوون بە دەستوور زامنی مانەوەی عێراقە بە یەکپارچەیی.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا پابەندی دەستوور بوون؟ بە دەیان نموونە ھەیە کە پێشان دەدات حکوومەتەکانی عێراق پابەندی ئەو دەستوورە نەبوون کە خەڵکی عێراق دەنگی پێ دابوو. بە پێچەوانەی دەستوور لە سوپای عێراقدا پارسەنگ تێکدراوە و کورد پەراوێز خراوە ئەوە لە حاڵێکدابوو کە پێشمەرگە بناغەی سەرەکیی سوپای عێراقی لە دوای ٢٠٠٣ پێکھێنا.

لە سلکی دیپلۆماسی و کاروباری دەرەوەدا بە ھەمان شێوە، کار بۆ گۆشەگیرکردن و دەرکردنی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکرێت. چەندین ساڵە پێشمەرگە ئابلوقە دراوە کە بەشێک بووە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق. ئەوە جگە لە پشتگوێخستنی ماددەی ١٤٠ و پێکھێنانی ئەنجوومەنی ئیتحادی، ئەو ئەنجوومەنەی زامنی تەوافوق و هاوسەنگی ناو پێکھاتەکانی عێراقە. بە پێچەوانەی دەستوور ھەوڵدراوە بنەماکانی سیستەمی فیدڕاڵی پێشێل بکرێن یان جێبەجێ نەکرێن. کار گەیشتە ئەوەی نانی خەڵکی کوردستان بە نووکە ئیمزایەک ببڕن و نەمانبینی ھیچ لایەنێکی سیاسی یان ناوەندێکی ئایینی ئیدانەی ئەو بڕیارە نادەستووری و نامرۆڤانەیە بکات کە قووتی خەڵکی کوردستان و شیری منداڵی کوردستانی بڕیووە. بە پێی کام یاسا و کام ماددەی دەستوور حکوومەتی عێراقی ئەو مافەی ھەیە ئیجرائاتی نایاسایی دەرھەق گەلی کوردستان بکات؟.

لە لایەکی دیکەوە لەپێناو شەراکەتی نێوان پێکھاتەکاندا عێراق پێویستی بە بنەمای تەوافوق بوو بەڵام ئەو تەوافوقەشیان تێکدا و ئێستا بانگەشە بۆ زۆرینەی سیاسی دەکەن، زۆر چاکیش دەزانین مەبەستیان لە زۆرینەی سیاسی چییە کە لە راستیدا نەھێشتنی شەراکەت و پەراوێزخستنی پێکھاتە سەرەکییەکانی ترە، بە ھەموو لایەکیش رادەگەیێنین کە ریفراندۆم مافێکی سرووشتیی گەلی کوردستان و ھەموو گەلانی جیھانە و ئەو مافە سرووشتیە دەبێت مومارەسە بکرێت و بۆچی تەنیا ئەو مافە لە گەلی کوردستان حەرام بکرێت؟.

ئێمە ئیلتیزاممان ھەیە بەرامبەر خوێنی شەھیدانمان و رای گشتی و داواکارییە رەواکانی گەلەکەمان.بۆیە لەو مافەی خۆمان پاشگەز نابینەوە و گەلی کوردستان ئەو مافە سرووشتییەی خۆی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی پیادە دەکات. چونکە نامانەوێت ئەزموونی تاڵ و شکستخواردووی پێشوو دووبارە بکەینەوە. بە باشی دەزانین ھەردوولا دراوسێی یەکتر و قووڵایی ستراتیژیی یەکتر بین و وەک برا و دۆست ھاوکار و ھەماھەنگ بین لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

ئەو سەردەمەیش بەسەرچوو بە زمانی ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوە دژی مافی رەوای گەلی کوردستان بوەستنەوە و حەزیش ناکەین کەس ئەو زمانە بەکار بھێنێت. گەلی کوردستان ئاشتی و برایەتیی دەوێت بەڵام زمانی ھەڕەشە و ئینکار لە کەس قبوڵ ناکات".

مەسعود بارزانی

19ـی 7ـی 2017

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن