سياسەت

یادداشتێک لە نێوان عێراق و ئێران واژو کرا

- فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی عێراق لیوا شێرکۆ عەبدوڵڵا: "لەکاتی روودانی هەر کێشەیەک، هاووڵاتییان دەتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و ئێمە و ئەوانیش پابەندین بۆ بەدواداچوون لە سکاڵاکانیان".

hemn husain  | 21.07.2016 - نوێکردنەوە : 25.07.2016
یادداشتێک لە نێوان عێراق و ئێران واژو کرا

هەولێر

بەمەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنی سەر سنوور و پاراستن و کۆنترۆڵکردنی ھەر کارێکی نایاسایی کە ھەڕەشە لە سەقامگیری ھەر دوو وڵات بکات، شاندێکی ئەمنیی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ شاندێکی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی عێراق کۆبوونەوە و پاشانیش یادداشتێکیان لە شاری هەولێر واژو کرد.

ساڵانە یادداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان فەرماندەی پاسەوانی ئەمنیی سنووری عێراق و ئێران واژو دەکرێت و بەگوتەی فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی عێراق، ئەم کۆبوونەوەیە ساڵێک لە خاکی ئێران و ساڵێک لە خاکی عێراق ئەنجام دەدرێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هەردوولا تیشکیان خستەسەر گرنگی یادداشتنامەکە و فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی عێراق لیوا شێرکۆ عەبدوڵڵا گوتی: "بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی لە نێوان عێراق و ئێران کراوە، پێویستە فەرماندەی گشتیی ئەم دوو وڵاتە، ساڵانە جارێک کۆببنەوە، جارێک لە تاران و جارێک لە بەغدا، لە کۆبوونەوەکانماندا زیاتر باسی کارە هونەرییەکان دەکرێت".

سەبارەت بە کارە هونەرییەکانیش لیوا شێرکۆعەبدوڵڵا گوتی: "باسمان لە رێگەگرتن لە گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا باسی هاتوچۆی نایاسایی هاووڵاتیانمان کردووە. یەکێک لە خاڵەکانی ناو کۆبوونەوەکە باسی ئەوەمان کردووە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان پێیە و لەناو خاکی ئێران تووشی کێشە دەبن، ئەوە ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەوان و کێشەکانی دیکەی هاووڵاتییان دەکەین و هاووڵاتییان دەتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و ئێمە و ئەوانیش پابەندین بۆ بەدواداچوون لە سکاڵاکانیان".

ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا جموجۆڵی سەربازیی لەسەر سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، بەهۆی چالاکی هێزەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەوەی ئێران لەئارادا بوو، فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات کە خاڵەکانی ناو یادداشتەکە فەرمین و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە فەرماندەی پاسەوانیکردنی سنوورەکانین وەکو هاتوچۆکردن یان ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن و چۆنیەتی شێوازی رادەستکردنەوەیان و دانانی میکانیزمێک بۆ ئەو شتانەی کە رۆژانە روو دەدات".

دواتر فەرماندەی ئەمنیی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ لیوا محەمەد عەباسی گوتی: "ئێمە بڕیارمان داوە هەر شەش مانگ جارێک لەگەڵ بەرپرسانی پاراستنی سنووری عێراق کۆببینەوە بۆ ئەوەی ئەو رێکارانەی پێویستە بۆ پاراستنی سنووری هەردوولا بیگرینەبەر و لەهەمانکاتدا هاوکاری یەکتریش بکەین".

سەبارەت بە تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە پاساوی هەبوونی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیی ئێران، فەرماندەی ئەمنیی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئیڕان، حکوومەتێکی بەتوانایە و دەستوپێوەندی زلهێزەکان و تیرۆریستەکان بەکەڵکوەرگرتن لەو بۆشاییانەی کە لە مەرز هەیە بیانەوێت هەندێ جار بێنە نێو خاکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەوپەڕی تواناوە دەستی ئەم کەسانە دەبڕینەوە و رێگە نادەین بەهیچ شێوەیەک بوونیان هەبێ هەرچەند بەداخەوە بەهۆی بوونی ئەم دەستوپێوەندییانەی زلهێزەکان و تیرۆریستەکان هەندێ خەڵکی مەدەنی و هێزی سەربازییمان شەهید بوون".

فەرماندەی ئەمنیی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ هەروەها لە کۆتاییدا گوتیشی: "ئەو بۆشاییانەی کە لە مەرزەکانەوە هەیە لە وڵاتی دراوسێەوە دێنە ناو خاکی ئێمە و ئەو هێزانە نەیانتوانیوە دەرباز ببن و هەر لەناو خاکی ئێراندا تێداچوون و هەر هێزێک بیەوێت خەڵکی بەڕێزی ئێمە و هاووڵاتییان بێزار بکات، بێگومان ئەوە سنوورپارێزانمان لە خاڵی سیفری مەرزییەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە و رێگەی هیچ جۆرە نفووزێک بە نێو خاکمان نادەین".

جێی ئاماژەیە رۆژنامەنووسان چەند پرسیارێکی گرنگیان لە فەرماندەی ئەمنیی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێ کرد سەبارەت بە قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی ناوچەکەیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زیانی بەرکەوتووە بەڵام ناوبراو وەڵامی پرسیارەکەی نەدایەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın