سياسەت

یەکەمین پارێزگاری ھەڵەبجە دەسەڵاتەکانی رادەستی جێگرەکەی کرد

لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا و پاش ساڵێک و ھەشت مانگ لەدەستبەکاربوونی، یەکەمین پارێزگاری ھەڵەبجە، دەسەڵاتەکانی خۆی رادەستی جێگرەکەی کرد.

Salim Xemexan  | 29.08.2016 - نوێکردنەوە : 30.08.2016
یەکەمین پارێزگاری ھەڵەبجە دەسەڵاتەکانی رادەستی جێگرەکەی کرد

ھەڵەبجە

ھەڵەبجە - AA

لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا و پاش ساڵێک و ھەشت مانگ لەدەستبەکاربوونی، یەکەمین پارێزگاری ھەڵەبجە، دەسەڵاتەکانی خۆی رادەستی جێگرەکەی کرد.

یەکەمین پارێزگاری ھەڵەبجە، عەبدوڵا محەمەد عەبدولمحەمەد پاش ساڵێک و ھەشت مانگ لەدەستبەکاربوونی ئەمڕۆ لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵۆ ئامادەیبوو، رایگەیاند: "ھەرچەندە بەندە ماوەی کەمتر لەدوو ساڵە وەک پارێزگاری ھەڵەبجە دەستبەکاربووم، بەڵام لەسەر داوای سەرکردایەتی ھاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەمەبەستی چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەشێوەیەکی مەدەنیانە، ئامادەم دەست لەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەشبکەم، لەکاتێکدا بەدڵسۆزیی و تەندروستییەکی باشەوە لەھەوڵی بەردەوامدام بۆ بەئەنجامدانی کارە ھەڵپەسێردراوەکانی پارێزگا، ئەنجومەنی پارێزگا و دامودەزگاکان، کە لەکاتێکی نزیکدا بەویستی خوای گەورە و ھەوڵی دڵسۆزان ئامانجەکانمان بێتە دی".

پارێزگاری پێشووی ھەڵەبجە گوتیشی:"جێی شانازیمە لەکاروانی سەروەریەکانی ھەڵەبجەدا، بەندە وەک یەکەم پارێزگار شەرەفی ھاوڕێیەتی ئەو کاروانەم پێبەخشرا، لەرابردوودا بەوپەڕی دڵسۆزیەوە لەگەڵ ھاوکارانم لەھەوڵی بەردەوامدا بووین، تا ئەم پارێزگاية، سەرەتاکانی دامودەزگاکانی بۆدابمەزرێت، سەرەرای بەربەستی روون و ئاشکرای سیاسیی و کارگێڕیی بۆپەکخستنی ئیرادەی خەڵکی بەشمەینەتی ئەم شارە".

گوتیشی:"ناکرێت ھەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی مامەڵەی حیزبییانەی لەگەڵ بکرێت و چیدی بکرێتە قوربانی ململانێکان، با ئەم پارێزگایە خاڵی بێت لەمەرامی سیاسیی، باخەڵکی تەکنۆکرات و بەئەزموون لەھەرشوێنێکی ئەم دونیایە بوونیان هەیە و دڵسۆزی ئەم گەل و خاکەن، بانگھێشت بکرێن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە، بۆئەوەی بەھەموو لایەکمانەوە ئەو نەخشە رێگایە تەواوبکەین و نەھێڵین کوێربێتەوە".

لەوەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵۆ سەبارەت بە رادەستکردنی دەسەڵاتەکانی، عەبدوڵا محەمەد گوتی: "پێنج شەممەی رابردوو، بەنووسراوێک دەسەڵاتەکانی پارێزگارمان رادەستی بەڕێز عەلی عوسمان (جێگری پارێزگار) کردووە و ئێستا بەڕێزیان پارێزگارە بەوەکالەت، نووسراوی دەست لەکارکێشانەوەشم ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە بۆپەسەندکردنی".

لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی نێوان یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، پۆستی پارێزگاری ھەڵەبجە کە پێشتر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەوەکالەت درایە عەلی عوسمان (جێگری پارێزگار بۆکاروباری کارگێڕی) و بڕیارە بزوتنەوەی گۆڕانیش کاندیدی خۆی بۆ جێگری پارێزگاری شارەکە پێشکەش بکات، ھەرچەندە عەبدوڵا محەممەد رایگەیاند کە بزوتنەوەی گۆڕان کێشەی سیاسی و یاسایی ھەیە بەڵام کاندیدی خۆی دەبێت، بەبێ ئەوەی ناوی کاندیدەکانی بۆپۆستی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە و قائیمقامی قەزای ناوەندی شارەکە ئاشکرابکات.

بەڵام بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بزووتنەوەکە لێپرسراوی مەکۆی سەرەکیی گۆڕانی لە هەڵەبجە، شاھین حەمە رەزا، بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە کاندید کردووە و بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە، حەمید بارام کە لەپشکی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەوەکالەت پۆستی قائیمقامی قەزای ناوەندی ھەڵەبجە وەردەگرێت، وێڕای بەردەوامبوونی وەک بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە.

لای خۆیشیەوە پارێزگاری ھەڵەبجە بەوەکالەت عەلی عوسمان لەھەمان کۆنگرەی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ دەستبەکاربوونمان وەک ستافی پارێزگا، جەنابی پارێزگار و ھەردوو جێگرەکەی بەیەک ستاف کارمان کردووە و پرۆژەی جۆراوجۆرمان ھەبووە لەبوارە جیاوازەکاندا بۆبەرەوپێشبردنی ھەڵەبجە، بۆیە درێژەپێدەری کارەکانی پێشوومان دەبین و ئەو رێگایە دەگرینەبەر کەپێشتر پێکەوە ھەنگاوەکانیمان دەستپێکردووە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن