هونەر و كلتوور

سلێمانى.. كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رى

له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى ئامار و كارو چالاكییه‌كانى دووساڵى رابردووى راگه‌یاند.

Cemal Sargati  | 11.05.2017 - نوێکردنەوە : 12.05.2017
سلێمانى.. كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رى

As Sulaymaniyah

سلێمانى - AA

له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى ئامار و كارو چالاكییه‌كانى دووساڵى رابردووى راگه‌یاند.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى، بابه‌كر دڕه‌یى رایگه‌یاند "ئامانج له‌م كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ ده‌رخستى كاروچالاكییه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رییه‌ له‌ سلێمانی كه‌ تاوه‌كو خه‌ڵكى شارى سلێمانى و هه‌رێمى كوردستان بزانن كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا چى كراوه‌ بۆ شارى سلێمانى و ده‌ورووبه‌رى".

گوتیشى: "كاره‌كانی ئێمە 13 شار و ناوچه‌ له‌خۆده‌گرێت کە کاروچالاكى رۆشنبیرى و هونه‌ریمان تیادا ئه‌نجام داوە كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ قه‌ڵادزێ، رانیه‌ ، چوارقوڕنه‌ ، حاجى ئاوا ، دوكان ، چه‌مچه‌ماڵ ، كه‌ركووك ، ده‌ربه‌ندیخان و سلێمانى وه‌ك ناوه‌ندى قه‌زا سه‌یدسادق ، پێنجوێن ، شارباژێر و شاره‌زوور".

بابه‌كر دڕه‌یى لە میانی راگەیاندنی ئامارى كارو چالاكییه‌كان گوتى: "لەماوەی دووساڵی رابردوودا تەنها بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی 300 چالاکی ئەنجامداوە. بەشی شانۆ 50 چالاکییان ئەنجامداوە، بەشی شێوەکاری 45 پێشانگای تایبەت و هاوبەشیان ئەنجامداوە، بەشی موزیک 15 چالاکی ئەنجامداوە و به‌شى رۆشنبیرى منداڵان 100 چالاكى و به‌شى چالاكى وێژه‌یی 15 چالاكى و هه‌روه‌ها له‌ به‌شى سینه‌ماش 40 چالاكى ئه‌نجام دراوه‌، به‌شى كارگه‌ى مافور 20 چالاكى ئه‌نجامداوه‌ هه‌روه‌ها به‌شى هونه‌ره‌ میللیه‌كان 40 چالاكى ئه‌نجامداو".

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رى سلێمانى، بابه‌كر دڕه‌یى راشیگه‌یاند "لێرە و لەوێ دەگوترێت کە هۆڵی رۆشنبیری و هۆڵی هونەر چالاکنین، بەڵام لەم دووساڵەدا زیاتر لە 250 چالاکی تیادا ئەنجامدراوە و، بەردەوام لە هەوڵی چاکردنیدان".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بابه‌كر دڕه‌یى باسی لە کێشە و گرفتەکانیان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ناتوانن کارمەندی نوێ دابمەزرێنن و ئەو ستافەی ئێستا هەیە کۆنە و گوتی: "روونە کە پێشتر چۆن ئەو ستافە کۆنانە دامەزراون کە رەنگە توانای باشی هونەری نەبێت یان بە پێی ئامانجەکەت کارناکەن، ئەمەش کێشەیەکە".

باسی لەوەشکرد کە لە شارو شارۆچکەکاندا بوودجەی لۆکاڵی نەماوە و هیچ کام لە فەرمانگەکانیان بوودجەیان نییە، ئەمەش پەیوەندی بە کێشەی هەموو کوردستانەوە هەیە.

روونیشیکردەوە کە تاوەکو ئێستا بڕیار نییە بۆ کردنەوەی فەرمانگەیەکی حکومی بۆ ئەو شار و شارۆچکانەی ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە.

هاوکات باسی لەکار و پڕۆژەی داهاتوویان کرد و گوتی: "بڕیارە لە مانگی شەشدا کۆنفڕانسێک بۆ کاروباری سینەما بکەین، بۆ ئەوەی بە یاسا سینەما رێکبخرێت، هاوکات ئەمڕۆ دیدارێکی شێوەکاری هەیە، هەروەها لە داهاتوودا فێستیڤالی شمشاڵ ئەنجامدەدرێت، بەشداری فێستیڤالی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەن و تەلاری هونەریان بۆ دابیندەکەن و سیستمی DCPیان بۆ دابیندەکەن و ستۆدیۆیەکی دەنگی حکومی دەکرێتەوە" .

ئه‌و هێمای بۆئەوەشکرد کە سەرای سلێمانی کە حەفتا ژوورە دەکرێتە مۆزەخانەیەکی مێژوویی و لەم هەفتەیەدا دەست دەکەن بە تەواوکردنی پڕۆژەیه‌ش.

راشیگەیاند کە حکوومەتی هەرێم نۆ ملیار دیناری بۆ کارگەی جگەرەى سلێمانى تەرخانکردووە بۆ ئەوەی بکرێتە سەنتەرێکی کولتووری.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın