هونەر و كلتوور

ھەڵەبجە.. سێیەمین فیستیڤاڵی ھەنار

سێیەمین فیستیڤاڵی ھەناری بۆ بەرھەمە خۆماڵییەکانی لە ھەڵەبجە کرایەوە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش رایدەگەیەنێت کە "باشترین رێگا بۆ بەبازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران بە پیشەسازیکردنی خۆراکە بۆ بەرھەمەکانی جووتیاران و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان".

Salim Xemexan  | 26.10.2017 - نوێکردنەوە : 31.10.2017
ھەڵەبجە.. سێیەمین فیستیڤاڵی ھەنار

As Sulaymaniyah

ھەڵەبجە - AA

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عەبدولستار مەجید لە دوای کردنەوەی سێیەمین فیستڤاڵی ھەنار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "پێم وانییە ناردنە دەرەوەی بەرھەمە خۆماڵییەکان چارەسەرێکی باش بێت بۆ بەبازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران، بەڵکو باشترین رێگا بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران بە پیشەسازیکردنی خۆراکە بۆ بەرھەمەکانی جووتیاران و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، بۆ ئەمەش ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کارگە دابنێین کە ئەرکی کەرتی تایبەتە و ئێمەیش ھەمیشە رامانگەیاندووە کە ئامادەین ھاوکاریی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان بکەین، تا کارگە بکەنەوە".

عەبدولستار مەجید گوتیشی: "خەڵکی زۆریش ھاتووە بەدەم بانگەوازەکەمانەوە بۆ کردنەوەی کارگەی جۆراوجۆر بۆ بە پیشەسازیکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، بەڵام ئەم بارودۆخەی ھاتە پێش ئەو کۆمپانیایانەی دوودڵ کردووە، ئەگەر نا کۆمپانیای گەورە گەورەی وڵاتان ھاتوون و ئامادەکاریان کردووە، ئومێد دەکەم ئەم بارودۆخە کۆتایی پێ بێت و بتوانین لە پرۆسەی بە پیشەسازیکردنی بەرھەمە کشتوکاڵیەکاندا سەرکەوتن بەدەست بھێنین".

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئێمە بۆ بە پیشەسازیکردنی بەرھەمی جووتیاران ھەوڵەکانمان بە کرداری کردووە، بە جۆرێک بۆ نموونە کارگەی بەرھەمھێنانی ئاوە تەماتەمان کردووەتەوە کە ساڵانە بەرھەمێکی باشی تەماتەی جووتیاران دەکڕێتەوە، بە ھاوکاریی و پاڵپشتی ئێمە کارگەیەکی جبسی پەتاتە دانراوە، کە ساڵانە بڕێکی زۆری پەتاتەی جووتیارانی ئێمە ساغ دەکاتەوە، لەگەڵ پرۆژەیەکی گوشین و وردکردنی زەیتون بۆ بەرھەمھێنانی رۆنی زەیتون کە بە ھاوکاریی وڵاتی ئیتاڵیایە و رەزامەندیی کردنەوەی کارگەی دووەمیشمان وەرگرتووە لێیان".

ئەنجوومەنی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە کە لە ئەمڕۆوە ناوەکە گۆڕا بۆ تۆڕی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە دامەزراوە و بیست و پێنج رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی ئەندامی ئەم تۆڕەن و ساڵانە فیستیڤاڵی ھەنار رێکدەخات.

لای خۆشیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە، فەرھاد قادر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "بەئامانجی بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران و خستنەرووی جۆرە جیاوازەکانی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، وەکو ئەنجوومەنی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە سێیەمین فیستیڤاڵی ھەنارمان بۆ بەرھەمە خۆماڵییەکانمان بەئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ساز کرد، لەم فیستیڤاڵەدا بە پلەی یەکەم تیشک خراوەتە سەر بەرھەمی ھەنار و پاشان بەرھەمە خۆماڵیەکانی تری ناوچەکە، لێرەشەوە بوارێکی گونجاومان بۆ جووتیاران رەخساند، تا راستەوخۆ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ دابنیشن و تاوتوێی کێشە و گرفتەکانیان بکەن و چارەسەری پێویستیان بۆ دانبێن".

لای خۆیەوە کەریم حەسەن عەبدولقادر کە جووتیارێکی خەڵکی نەیجەڵەیە و خاوەنی باخی ھەنارە لە ناوچەی تلەوەرێی سازان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "لە راستیدا ئەم جۆرە پێشانگایانە سەرچاوەیەکی باشن بۆ خستنەڕووی بەرھەمەکانی جووتیاران، بەڵام ئەمە بۆ وڵاتێک و حاڵەتێکی ئاسایی باشە نەک بۆ ئێستای ھەرێمی کوردستان، حکوومەتیش ئەگەر راست بکات پێویستە بازاڕ بۆ بەرھەمە کشتوکاڵیەکان دروست بکات، خۆ ئەگەر بازاڕش نییە باساردخانەی پێویست بۆ ھەڵگرتنی بەرھەمی جووتیاران دروست بکات، نەک لە ماوەی مانگێکدا ھەموو بەرھەمە کشتوکاڵیەکان پێ بگات و تەنھا لەو مانگەدا بخرێتە بازاڕ".

ئەو جووتیارە گوتیشی: "ئێمە لەم شارەدا ساردخانەمان نییە بۆ ھەڵگرتنی ھەنار لە کاتێکدا وەرزی پێگەیشتنی ھەنار زۆر خێرایە و زۆریش بەپەلە بەسەر دەچێت، ئێمە ھەمیشە داوای دروستکردنی ساردخانەمان کردووە، بەڵام تا ئێستا حکوومەت ھاوکار نەبووە و بێباک بووە بەرامبەر بە جووتیاران، لە کاتێکدا جووتیاران ئامادەن پارەش بدەنە حکوومەت لەبەرامبەر ھەڵگرتنی بەرھەمەکانیان بۆ ماوەی چەند مانگێک".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın