پەروەردەیی

"بڕوانامەی ساختەی زمانی ئینگلیزی پێشكەش بەوەزارەت و زانكۆكان كراون"

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، عەباس ئەكرەم: "بڕوانامەی ساختەی زمانی ئینگلیزی پێشكەش بەوەزارەت و زانكۆكان كراون".

Zana Natık Kerem  | 28.02.2017 - نوێکردنەوە : 01.03.2017
"بڕوانامەی ساختەی زمانی ئینگلیزی پێشكەش بەوەزارەت و زانكۆكان كراون"

هه‌ولێر

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، عەباس ئەكرەم رایگەیاند كە دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە بڕوانامەی تاقیكردنەوەی توانستی زمانی ئینگلیزی كاندید و خوێندكارانی خوێندنی باڵا، ماستەر و دكتۆرا دەركەوت ژمارەیەك لە بڕوانامەكان ساختەن.

لە بەیاننامەیەكدا كە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، عەباس ئەكرەم ئاماژەی بەوە داوە كە دوای بەدواداچوونێكی ورد و ئەنجامدانی راست و دروستی (صحە صدور) بۆ بڕوانامەی تاقیكردنەوەی توانستی زمانی ئینگلیزی (TOEFL-iBT, TOEFL-PBT, IELTS, PEARSON-PTE)، كە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و ناوەوەی هەرێمی كوردستان لەلایەن پێشكەشكاران بەدەست هێنراون بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا، ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆ حكوومیيەكانی هەرێمی كوردستان بۆساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧)، دەركەوت دەیان لەو بڕوانامانەی توانستی زمانی ئینگلیزی بەشێوەی ساختە بەدەست هێنراون و پێشكەش بەوەزارەت و ژمارەیەك لە زانكۆكان كراون، گوتیشی: "لە ئێستادا كاروبارەكانی ئەم پڕۆسەیە كۆتایی پێهاتووە و لە ماوەیەكی نزیكدا، كاری پێویست ئەنجام دەدرێت".

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راشیگەیاندووە كە چارەنووسی ئەو كاندید و خوێندكار و قوتابیانەی خوێندنی باڵا كە بەڵگەی ساختەی زمانیان پێشكەش كردوە بەپێی رێنمایی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠١٦)ی خوێندنی ماستەر و، رێنمایی ژمارە (٥)ی خوێندنی دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧)، كە لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان) بڵاوكراوەنەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، وەك لە رێنماییەكاندا هاتووە "هەر پێشكەشكارێك هەر جۆرە زانیاریەكی نادروست و بڕوانامەی ساختەی توانستی زمانی ئینگلیزی پێشكەش بكات، ئەوا سڕینەوەی ناوی لە خوێندن بۆ دەكرێت و، بەرپرسیاریەتی یاسایی دەكەوێتە ئەستۆ و، بەپێی یاسا و رێنماییەكان رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın