پەروەردەیی

سلێمانی.. پڕۆسەی خوێندن لە خوێندنگەكانی تایبەت بە ئاوارەكان

لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 55 هەزار قوتابی ئاوارە و پەنابەر درێژە بە خوێندن دەدەن و 118 خوێندنگەیان بۆ كراوەتەوە

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 16.12.2016 - نوێکردنەوە : 18.12.2016
سلێمانی.. پڕۆسەی خوێندن لە خوێندنگەكانی تایبەت بە ئاوارەكان

سلێمانی

بە پێچەوانەی خوێندنگەكانی تری ناوخۆی سنووری پارێزگاكە كە تائێستاش لە زۆربەیاندا بەشێوەیەكی رەسمی دەرگای قوتابخانەكان نەكراوەتەوە و قوتابیان نەگەڕاونەتەوە پۆلەكانیان، ماوەی دوو مانگە لەناو شاری سلێمانی و قەزاكانی دەورووبەری زیاتر ئەو قوتابیانە دەبینرێن كە ئاوارەی ناوچەكانی تری عێراقن و لەم پارێزگایە نیشتەجێن و درێژە بە پڕۆسەی خوێندن دەدەن و رۆژانە دەچنەوە قوتابخانەكانیان. 

خوێندن لەو خوێندنگەیانەدا لەسەر هەمان بەرنامە و پڕۆگرامی ناوچەكانی تری عێراقە و راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە سەرپەرشتیان دەكرێت، پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ هاوشێوەی عێراق لە رۆژی یەكی تشرینی یەكەمی رابردووەوە دەستی پێكردووە و لە ئێستادا ئامادەكاری بۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی یەكەم دەكەن.

بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، خۆگر خالید وەك سەرپەرشتیاری خوێندنگاكانی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەرەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەی لە بارەی ئەو خوێندنگایانەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەسەر عێراق و سووریادا هات، ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی ناوخۆی ناوچەكانی تری عێراق و پەنابەری سووری روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، وەك وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی رێكکەوتنێكمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق كرد بۆ كردنەوەی خوێندنگەی تایبەت بۆ ئاوارەكان و درێژەدانی ئاوارەكان بە پڕۆسەی خوێندن".

خۆگر خالید گوتی: "ئەوەی لەسەر ئێمەیە بۆ ئەو خوێندنگایانە بریتیە لە دابینكردنی شوێن بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان لەلایەن رێكخراوەكانەوە، هەروەها دانانی مامۆستایاكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان وەك یاریدەدەر لەو خوێندنگایانەدا".

بەرپرسەكەی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، جگە لە خوێندنگەكانی تایبەت بە ئاوارە عێراقییەكان، دوو قوتابخانەی تری بنەڕەتی تایبەتیان بۆ پەنابەرانی سووری كردووەتەوە كە زیاتر لە سێ‌ هەزار قوتابیان هەیە و راستەوخۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەیە.

سەبارەت بە كاریگەری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەسەر خوێندنگاكانی تایبەت بە ئاوارەكان، خۆگر خالید لە وەڵامدا گوتی:" هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئەو خوێندنگەیانە نییە و دەوامی خوێندنگەكانی ئاوارەكان لەگەڵ عێراق دەستی پێكردووەتەوە و مووچەی مامۆستاكانیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە دابینكراوە، خوێندنی پەنابەرانی سووریاش لە رۆژی یەكی تشرینی یەكەمی رابردووەوە دەستی پێكردووەتەوە و مووچەی مامۆستاكانیان لەلایەن رێكخراوەكانی یونیسێف و یونیسكۆ وە دەدرێت".

ماوەی دوو ساڵە لە شاری سلێمانی نوێنەرایەتی تایبەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ كاروباری پەروەردەی ئاوارەكان كراوەتەوە، رۆژانە ژمارەیەكی زۆری مامۆستا و قوتابیان و ئاوارەكان سەردانی ئەو نوێنەرایەتییە دەكەن بۆ راییكردنی كاروبارەكانیان.

بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتییەكە، ئیمان حەیدەر لە بارەی پڕۆسەی خوێندنی ئاوارەكانەوە بۆ ئانادۆڵو دوا و گوتی: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی 116 قوتابخانەمان هەیە كە 71 قوتابخانەیان بنەڕەتییە و 45 یان ناوەندییە، كۆی گشتی قوتابییەكانمان دەگاتە زیاتر لە 51 هەزار قوتابی لە قۆناغی بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیی".

ئەو بەرپرسەی پەروەردەی ئاوارەكان ئاماژەی كرد بەوەی، "لەماوەی ئەمساڵدا و دوای رزگاركردنی ناوچەكانیان لە دەست داعش نزیكەی 14 هەزار قوتابی ئاوارە لە پارێزگای سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان كە زۆربەیان لە پارێزگای سەڵاحەددین و ئەنبار بوون، لە بەرامبەردا لەماوەی دوو مانگی رابردوودا و دوای دەستپێكردنی جەنگی رزگاركردنی مووسڵ سێ‌ هەزار قوتابی تازەمان بۆ هاتووە لە مووسڵ و دیالە و هەندێكیشیان لە بەغداوە هاتوون".

ئیمان حەیدەر باس لەوەش دەكات کە دواكەوتنی خوێندنی خوێندنگە كوردییەكانی تری سنووری پارێزگای سلێمانی هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئەوان نەكردووە، بەڵام نیگەرانن لەو دۆخە و خوازیاری ئەوەن دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە و ئەوانیش دەست بە دەوام بكەنەوە.

زۆرینەی ئەو خوێندنگەیانەی ئاوارەكان تێیدا دەخوێنن باڵەخانەی ئەهلییە و لەسەر حسابی وەزارەتی پەروەردەی عێراق و خێرخوازان بە كرێ‌ گیراون، خوێندنگەی رەسافی بنەڕەتی دەكەوێتە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی و سێ‌ دەوامی بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیی كوڕان و كچانی تێدایە، بەتەنها لە دەوامی بنەڕەتییەكەیدا زیاتر لە هەزار و 200 قوتابی هەیە.

بەڕێوەبەری خوێندنگەكە، فەیسەڵ سەعد لەو بارەیەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "خوێندن لەم خوێندنگەیەدا بەپێی پڕۆگرامی عێراقییە و زیاتر لە هەزار و 200 قوتابیمان لە پۆلی یەك تا شەشی سەرەتایی هەیە، دەوام بەشێوەیەكی ئاسایی دەڕوات و لە ئێستادا تاقیكردنەوەكانی مانگی دووەمی وەرزی یەكەم ئەنجام دەدەین و لە ئامادەكاریداین بۆ تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی یەكەم".

ئەو وەك ئاوارەیەك تائێستاش خوازیاری ئەوەیە هەموو ناوچەكانی عێراق لە دەست داعش و كردەوە تیرۆریستییەكان رزگاریان بێت و رۆژێك هەمووان پێكەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان و پێكەوە وڵاتەكەیان ئاوەدان بكەنەوە.

سەعد عەبدولعەزیز قوتابییەكی تەمەن دە ساڵانی ئاوارەی پۆلی سێی سەرەتایی قوتابخانەكەیە، ئەم منداڵە ئاوارەیە خۆشحاڵە بە بەردەوامیدان بە پڕۆسەی خوێندن لە ئاوارەیدا و سوپاسی هەموو ئەو كەسانەش دەكات كە هاوكار بوون لە كردنەوەی خوێندنگەكەیاندا.

ئەو قوتابیەش هاوشێوەی بەڕێوەبەرەكەی نزای رزگاربوونی وڵاتەكەی لەدەست داعش و گرووپە تیرۆریستیەكان و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی دەكات، تاوەكو بە ئارامی و بەشێوەیەكی ئاسایی بتوانێت پڕۆسەی خوێندن تەواو بكات و پاشەڕۆژی خۆی رووناك بكاتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın