ژيان

تیمی پزیشکی ئافاد نەخۆشەکانی بەمۆی بەسەر کردەوە

Hemin Hüseyin  | 16.11.2017 - نوێکردنەوە : 17.11.2017
تیمی پزیشکی ئافاد نەخۆشەکانی بەمۆی بەسەر کردەوە

Arbil

سلێمانی - AA

بە هۆی بوومەلەرزەکەی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک هاووڵاتی بوونە قوربانی و ماڵەکانیان خاپوور بوو.

یەکێک لەوانە پیاوێکی بەساڵاچووی خەڵکی شارەدێی بەمۆیە کە بە تەنیا دەژیت و بە هۆی رووخانی خانووەکەی لە بوومەلەرزەکەدا زامدار بووە.

شەریف فەرەج پیاوێکی تەمەن ٨٧ ساڵەی خەڵکی گوندەکەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو شەوە بە هۆی بەهێزی بوومەلەرزەکەوە بەردی خانووەکەم بەر سەرم کەوت و سەرم شکا، بە هۆی ئەوەی بە تەنیا دەژیم بۆیە نەمتوانی خۆم رزگار بکەم و دوای کەمێک برازایەکەم هات و برینەکانی بۆ پاککردمەوە. دوو شەوە لە جێگای دیکە دەخەوم بە هۆی رووخانی خانووەکەم، بەڵام ئێستا حکوومەتی تورکیا خیوەت و خواردنی ناردووە و سوپاسیان دەکەین کە لەم بارودۆخەدا بە فریامان کەوتن".

هەر خیوەتێک لە خیوەتەکانی ئافاد رووبەری ١٦ مەترە چوارگۆشەیە و بۆ خێزانێکی پێنج کەسی دروستکراوە کە پێکدێت لە شوێنی خەوتن و کۆگایەکی بچووک کە دەتوانرێت وەک چێشتخانە بەکاربهێنرێت.

دواتر شەریف فەرەج داوای لە تیمی پزیشکی ئافاد کرد کە پشکنین بۆ قاچەکانە بکەن کە بە هۆی کەوتنەوە ئاوسابوو، دوای پشکنینیش چارەسەری پێویستیان پێیدا.

سامان سلێمان فەرەج کە برازای ئەو پیاوەیە گوتی: "لەکاتی بوومەلەرزەکەدا پێش هەموو شت رامکرد بەرەو ماڵی مامم چونکە بە تەمەنە بە تەنیا دەژیت کە چوومە ئەوێ بینیم سەر و لووتی برینداربووە و هەندێک حەبی ئازارم بۆ ورد کرد و لەسەر برینەکانی دەموچاویم دانا".

ماڵەکەی شەریف فەرەج دەکەوێتە رۆژئاوای ئەو شارەدێیە کە لە شوێنێکی بەرز هەڵکەوتووە و مێژووی دروستکردنیشی کۆنە کە لە دروستکردنیدا تەنیا بەردی شاخ بەکارهاتووە.

شارەدێی بەمۆ بە چەقی بوومەلەرزەکە دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان و سەنتەری شارەدێیەکە لە کۆی ٨٥ خانوو ٢٥ خانوویان بە هۆی بوومەلەرزەکەوە توانای ژیانی تیادانەماوە، ئەم شارەدێیە دەکەوێتە باشووری شاری هەڵەبجە و لە رووی ئیداریشەوە سەر بەم شارەیە، هاوکات ئەم شارەدێیە زیاتر لە ٣٠ گوندی لەسەرە و بە هۆی هاوسنووری لەگەڵ گوندی ئەزگیلەی ئێران مەرزێکی نافەرمیی هەیە لە نێوانیان بەناوی مەرزی پشتە کە رۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێوە دەکرێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın