ژيان

سلێمانی.. دەستپێكردنی خۆپیشاندان

خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێكرد و چەند شەقامێكی سەرەكی داخران، هێزە ئەمنیەكانیش رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتە بەر و چاودێری وردی دۆخەكە دەكەن بۆ پاراستنی رێڕەوی خۆپیشاندانەكان و رێگری لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 27.09.2016 - نوێکردنەوە : 28.09.2016
سلێمانی.. دەستپێكردنی خۆپیشاندان

As Sulaymaniyah

سلێمانی- AA

لە ناو شاری سلێمانی بەرپرسانی ئیداری شارەكە و لیژنەی ئەمنی سلێمانی تەنها دوو شوێنی بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكان دیاریكردووە (بەردەم باڵەخانەی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لەسەر شاڕێی سالم، بەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی لە دەروازەی سەرەكی شارەكە).

لەو كاتەی دەستنیشان كرابوو بۆ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكە لە سەعات 9 بەیانی كە بڕیارە ماوەی دوو سەعات بخایەنێت بەپێی ئەو مۆڵەتەی بۆیان دیاریكراوە، پەیتا پەیتا مامۆستایان و مووچەخۆران و خەڵكانی تری ناڕازی هاتنە شوێنی دیاریكراوی خۆپیشاندانەكان و دەستیان بە گرتنی ئەو دوو شەقامە سەرەكییەی شاری سلێمانی كرد.

خۆپیشاندەران لە هەردوو شوێنە دیاریكراوەكەی سلێمانی ژمارەیان سەدان كەس دەبێت و دەستیان بە هوتاف كێشان كردووە دژی نەبوونی مووچە و داوای باشتركردنی دۆخەكە دەكەن.

لە ئێستاشدا ئەو خۆپیشاندەرانەی لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی كۆبوبوونەوە و ژمارەیان سەدان كەس دەبێت لە ژن و پیاو و چین و توێژە جیاوازەكان بە رێپێوانێك ئاراستەی خۆپیشاندانەكەیان بەرەو پارێزگای سلێمانی گۆڕی لە پێناو قەرەباڵەختركردنی زیاتری خۆپیشاندانەكە و یەكخستنی خۆپیشاندەران.

ئێوارەی دوێنیش قائیمقامی سلێمانی، بەختیار عەبدولرەحمان دوای كۆبوونەوەیەكی لیژنەی ئەمنی شارەكە لە كۆنگرەیی رۆژنامەوانیدا لە بارەی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆوە رایگەیاند: "لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی شاری سلێمانی كۆبووینەوە بۆ پاراستنی ئەو روێوشوێنانەی كە بڕیارە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی تێدا ئەنجام بدرێت كە لەلایەن بەرەی خەڵك و مامۆستایانی ناڕازی ئەنجام دەدرێت بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و هەر حاڵەتێكی نەخوازراو كە رووبدات".

ئەو گوتیشی: "هێزە ئەمنیەكان بۆ پاراستنی هەردوو شوێنەكە كە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی تێدا ئەنجامد دەدرێت سەرجەمیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر رووداوێكی نەخوازراو كە رووبدات".

ئاماژەی بەوەشكرد خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان لە كاتژمێر 9ی بەیانی دەست پێ دەكات تاكو كاتژمێر 11 پێش نیوەرۆ دواتر هێزەكان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان هێزەكان لە ئامادەباشی تەواو دەبن و لەشاری سلێمانی هەموو ئامادەكارییەك كراوە.

ماوەی مانگێكە لە شاری سلێمانی باس لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆ دەكرێت و تەواوی لایەنەكان بە حكوومەت و حزبەكان و هاووڵاتییان و چین و توێژەكان و مەترسی كەوتنەوەی توندوتیژی لێدەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی ئیداری و حزبەكانی شارەكە ماوەی چەند رۆژێكە لە كۆبوونەوە و گفتوگۆدان بۆ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانە و دووركەوتنەوە لە هەر جۆرە توندوتیژییەك.

سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكان ژمارەیەك چالاكوان و مامۆستان و هیچ حزب و لایەنێك خۆیان نەكردووەتە خاوەنی خۆپیشاندانەكە و تەنها پشتیوانی خۆیان بۆ داواكارییەكانیان نیشانداوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın