سلێمانی.. گیان لەدەستدانی منداڵێكی ئاوارەی سووری
بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبووندا لە شاری سلێمانی، منداڵێكی ئاوارەی كوردی سووری كە بەهۆی دۆخی وڵاتەكەیانەوە ماوەی چەند ساڵێكە هاتوونەتە شاری سلێمانی گیانی لەدەست دا.
As Sulaymaniyah
ئاگرەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون بەناوی باڵەخانەی هۆلیود لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لە شاری سلێمانی روویداوە و جگە لە زیانە گیانییەكان زیادی مادی زۆریشی بە باڵەخانەكە گەیاندووە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی، رێكان جەمال لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "باڵەخانەكە 12 خێزانی تێدا بووە كە دوو خێزانیان ئاوارەی عەرەب و كوردی سووریا بوون ، بەهۆی ئاگرەكەشەوە منداڵێكی خێزانە ئاوارەكەی سووریا گیانی لەدەستداوە و خێزانەكانی تریش بەهۆی دووكەڵی ئاگرەكەوە تەندروستییان تێكچووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە".
لە بارەی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەوە، رێكان جەمال گوتی: "هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە، ئاگرەكە لە نهۆمی یەكەمی باڵەخانەكە كەوتووەتەوە و دووكەڵی ئاگرەكە نهۆمەكانی تری باڵەخانەكەی گرتووەتەوە".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، تیمەكانیان بە زوویی گەیشتونەتە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كردووە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی باسی لەوەش كرد، باڵەخانەكە مەرجەكانی سەلامەتی تێدا نەبووە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەیەوە دیاری كراون و رێوشوێنی یاساییان گرتووەتە بەر.