ژيان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی: "کوردانی ئێزیدی بەشێکی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی کوردستانن. خۆشی و نەھامەتییەکانی ئەوان خۆشی و نەھامەتیی گەلی کوردستانە".

Hemin Hüseyin  | 18.04.2017 - نوێکردنەوە : 19.04.2017
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان دەکات

Arbil

هەولێر-AA

بەبۆنەی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزیدی"جه‌ژنی چارشه‌مبا سۆر" سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان دەکات و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە کوردانی ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستانن.

پەیامەکەی بارزانی کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە و رایگەیاندووە کە "بە درێژایی مێژوو ئێزدییەکان بەھۆی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییان تووشی کارەسات ھاتوونە، بەڵام پابەندبوونیان بە ناسنامەی کوردایەتی و ئاینییان ھەموو پیلان و ستەمێکی لەدژی ئەوان پووچەڵ کردووەتەوە".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدی، جەژنی چارشەمبا سۆر، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم خوشک و برایانی کوردی ئێزیدی لە کوردستان و جیھان دەکەم.

کوردانی ئێزیدی بەشێکی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی کوردستانن. خۆشی و نەھامەتییەکانی ئەوان خۆشی و نەھامەتیی گەلی کوردستانە. بە درێژایی مێژوو خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بەھۆی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییان تووشی کارەسات ھاتوونە، بەڵام پابەندبوونیان بە ناسنامەی کوردایەتی و ئاینییان ھەموو پیلان و ستەمێکی لەدژی ئەوان پووچەڵ کردووەتەوە.

سوپاس بۆ خودا بە گیانفیدایی پێشمەرگە تیرۆریستانی داعش تێکشکێندران و داعش باجی تاوانەکانیدا و سەری کەوتە ژێر پێی ئێزیدییەکان و چیتر نابێ رێگە بدرێت ھیچ کارەسات و نەھامەتییەکی تر دەرھەق خوشک و برا ئێزیدییەکانمان دووبارە ببێتەوە.

لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدیدا ئەوە دووپات دەکەینەوە کە گەلی کوردستان پاڵپشتی ئێزیدییەکانە و رێگەیش نادرێت ھیچ لایەنێک خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت و بڕیاردان لە چارەنووس و داھاتوویان تەنیا لە دەستی خودی ئێزیدییەکاندا دەبێت.

مسعود بارزانی

18ـی 4ـی 2017

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın