عه‌لی، قوربانییه‌كی شه‌ڕ كه خوا قاچه‌كانی پێدا و داعش په‌ڕاندنی
عه‌لی، گه‌نجێكی پارێزگای ئه‌نباره، هێشتا 26 به‌هاری ته‌مه‌نی نه‌ڕۆیشتووه، ئه‌و دوو قاچه‌ی پێشتر كاری ئاسانكردبوون، داعش به‌بۆمبێك هه‌ڵیوه‌راند و كردنی به رابردوو.
Arbil
هه‌زاران كیلۆمه‌تر و مه‌ترسییه‌كانی رێگه‌ی بڕی تا بگاته هه‌ولێر و له بری ئه‌و دوو قاچه‌ی خوا پێی‌دابوو و داعش لێی وه‌رگرته‌وه دوو په‌لی ده‌ستكردی بۆ دروست كردبێت، ئه‌و په‌لانه‌ی هیچ نه‌بێت له پاڵ دوو دارشه‌قه‌وه بۆ ئه‌و ئێستا ئومێدێكن تا دووباره هه‌ڵسێته‌وه سه‌ر پێ و هه‌نگاوه‌كانی هه‌ڵنێته‌وه.
عه‌لی گه‌نجێكی باریكه‌له‌ی ئه‌سمه‌ر، ریشێكی ته‌نكی هێشتووه‌ته‌وه و هێشتا بیست و شه‌ش به‌هاری ته‌مه‌نی پڕ نه‌كردووه‌ته‌وه، چاوه‌كانی بریسكێكی جوانییان تێا هه‌ڵكه‌وتووه، پێچه‌وانه‌ی پێشووتری ژیانی ئێستا بۆ هه‌ڵسانه سه‌ر پێ ناچاره داوای هاوكاری له ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بكات.
عه‌لی عاید یه‌كێكه له قوربانییانی ده‌ستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش كه له‌ساڵی 2014 پارێزگای مووسڵ و ئه‌نباریشیان كۆنتڕۆڵكرد به قه‌زای حه‌دیسه‌شه‌وه كه عه‌لیی لێ نیشته‌جێ بوو، داعش یه‌كه‌م جار له‌و ساڵه‌دا عه‌لی و خانه‌واده‌كه‌یانی ئاواره‌كرد، دواتر هه‌ر به‌هۆی ئه‌وانه‌وه بوو كه له ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراو له نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا هه‌ردوو قاچی په‌ڕینه‌وه.
ئه‌و له‌نێو هۆڵی راهێنانی بنكه‌ی راهێنانه‌وه‌ی جه‌سته‌یی سه‌ر به كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور له‌سه‌ر یه‌كێك له كورسییه‌كان دانیشتبوو تا ئه‌و په‌لانه‌ی بۆی دروستكراون تاقی بكاته‌وه، دوو قاچی ده‌ستكرد و دوو دارشه‌قیش ناگه‌نه‌وه ئه‌و دوو قاچه‌ی له رووداوه‌كه‌دا له‌ده‌ستی داون، به‌ڵام هێشتا له چاوه‌كانی ئومێد هه‌یه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی له‌سه‌رنوێی ژیان، به‌ڵام ژیانێكی جیاواز.
عه‌لی له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌یه‌وه چیرۆكی په‌ڕینی قاچه‌كانی ده‌گێڕایه‌وه و نێوچاوەکانی پڕبووبوون له فرمێسك گه‌لێك كه هه‌م رێگه‌ی قسه‌كردنییان لێ گرتبوو، هه‌میش بۆخۆیان هه‌موو گوزارشتێك ئه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه و چه‌شنی وێنه‌یه‌كی بێ قسه هه‌موو شته‌كان ده‌ڵێت، عه‌لی كه هێشتا دوو مانگ به‌سه‌ر هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی تێنه‌په‌ڕی بوو كاتێك پێیه‌كانی ده‌كه‌وێته سه‌ر پارچه ئاسنێكی ته‌نراو به ته‌قه‌مه‌نی له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كه ده‌بێت ئاسایش و ئارام بێت ئیدی هه‌موو ژیان و چاره‌نووسی بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌گۆڕێت و ئه‌وه‌ی له بیریدا نه‌بوو رووده‌دات، ئه‌و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "پێشتر كه داعش هێرشی هێنا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی حه‌دیسه كه ئێمه نیشته‌جێی ئه‌وێ بووین هه‌ڵاتین بۆ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، دواتر له كۆتا رۆژی نیسانی 2017ی گه‌ڕاینه‌وه بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆمان و بینیم ماڵه‌كه‌م به‌شێكی كه‌وتووه، ئیدی پێم نایه نێو ماڵه‌كه‌وه و چوومه ژووره‌وه بۆمبێكی چێنراو پێم‌دا ته‌قییه‌وه و هه‌ردوو قاچی په‌ڕاندم، ئه‌مه بۆ من كاره‌ساتی گه‌وره‌ترین بوو، ناخۆشترین رۆژی ژیانم بوو".
شه‌ڕی داعش هه‌زاران كه‌سی له عێراقدا كردووه‌ته قوربانی، جگه له سووریا و وڵاتانی دیكه‌ش، ئه‌گه‌رچی له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2016 عێراق هه‌ڵمه‌تێكی بۆ له‌ناوبردنی داعش ده‌ست پێكرد و له ته‌مووزی 2017 كۆتایی به‌و شه‌ڕه هێنا و داعش له‌و شه‌ڕه‌دا دۆڕا، به‌ڵام هێشتا قوربانییه‌كانی داعش و شه‌ڕه‌كه‌شی ده‌ناڵێنن و به‌شێكیان تا مردن ناتوانن وه‌كو پێشتر بن، هه‌روه‌ها ئێستا له عێراقدا داعش میراتییه‌كی به‌جێهیشتووه كه بریتییه له مرۆڤی بێ په‌ل.
عه‌لی عاید له‌دایكبووی 1992ه، پێش ئه‌وه‌ی چه‌كداره توند ئاژۆكانی داعش ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئه‌و لێی نیشته‌جێ بوو كۆنتڕۆڵ بكات له 2014 به جوتیارییه‌وه سه‌رقاڵ بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و هه‌ردوو قاچه‌كانی به‌ته‌واوه‌تی له‌ده‌ستداوه، به‌چه‌شنێك سمت و له‌شی قورسییه‌كی زۆرن به‌سه‌ر ئه‌و دوو په‌له ده‌ستكرده‌ی بۆی دروستكراوه، ئه‌و له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو " ئێمه ویستمان له ئاواره‌یی رزگارمان بێت و بگه‌ڕێینه‌وه ماڵه‌كه‌ی خۆمان تا پشوویه‌ك بده‌ین پاش سێ ساڵ له ئاواره‌یی، كه‌چی ئه‌و رووداوه‌م به‌سه‌ردا هات و هه‌موو ژیانی گۆڕیم".
بنكه‌ی بوژانه‌وه‌ی جه‌سته‌یی سه‌ر به كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سووره له عێراقدا، له‌ساڵی 1980ه‌وه كار ده‌كات، كۆمیته‌كه له ساڵی 1993ه‌وه هاوكاری پرۆگرامی بوژانه‌وه‌ی جه‌سته‌یی ده‌كات و له‌ساڵی 1996ه‌وه بنكه‌ی خۆی له شاری هه‌ولێر كردووه‌ته‌وه و ئێستا هاوكاری و یارمه‌تی بۆ 10 بنكه‌ی دیكه له عێراق پێشكه‌ش ده‌كات، له‌م بنكه‌یه په‌لی ده‌ستكرد دروست ده‌كرێت، ئه‌و په‌لانه‌ی له‌م سه‌نته‌ره دروست ده‌كرێن به‌ته‌نها بۆ قوربانییانی شه‌ڕی داعش نیین، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له عێراقدا هه‌ڵگیرساون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ له 10ی حوزه‌یرانی 2014 و دواتر سێ له‌سه‌ر یه‌كی خاكی عێراق له لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه كه قه‌ڵه‌مڕه‌وییان گه‌یشته پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌دین، دیاله و به‌شێكی كه‌ركوكیشی گرتەوە و دواتر له‌سه‌ر ئه‌و بونیاده ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌یان له عێراق و شام له ناواخانی ده‌وڵه‌تی عێراق دامه‌زراند و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی‌یان به بنچینه‌ی حوكمڕانییان دیاریكرد و ئه‌بو به‌كر ئه‌لبه‌غدادییان به ئه‌میری موسوڵمانان ناو لێ نا.
عه‌لی كه‌م قسه بوو، به‌ڵام دانیشتن و نیگاكانی زۆر شتی پێده‌گوتین، ئه‌و به یارمه‌تیی فه‌رمانبه‌رێكی بنكه‌كه بۆ راهێنان له‌سه‌ر رۆیشتن یارمه‌تی ده‌درا، ئه‌مه ژیانێكی نوێیه بۆ ئه‌و، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئێستا له روومادی له پارێزگای ئه‌نبار دیسانه‌وه تووشی ئاواره‌یی بووه‌ته‌وه، به‌ڵام چه‌ندین جار په‌شیمانی له‌نێو قسه‌كانیدا نیشاندا و گوتی "من ئێستا كه‌م ئه‌ندامم، یه‌كێكم له قوربانییانی جه‌نگ، ژیانم به‌ته‌واوه‌تی ناخۆش و زه‌حمه‌ت بووه، ئه‌وه‌ی جاران ده‌مكرد ئێستا بۆم هه‌ڵناسوڕێ، ئه‌گه‌ر خێزانه‌كه‌م یارمه‌تیم نه‌دات ناتوانم هه‌ڵسمه‌وه سه‌ر پێ به‌رداخێك ئاویش بخۆمه‌وه، توانای كاركردن و بژێوی دابینکردنی ژیانم نه‌ماوه كه خێزانه‌كه‌می پێ بژێنم، ئێستا ناتوانم كار بكه‌م، هیچ توانایه‌كم نه‌ماوه".
عه‌لی تاقه قوربانییه‌ك نییه كه جه‌نگ ئازیزه‌كانی جه‌سته‌ی لێ سه‌ندبێته‌وه، نموونه له چه‌شنی عه‌لی سڤیل زۆرن كه شه‌ڕ نه‌فره‌تی به‌سه‌ردا داباریون و ژیانی لێ كردوون به دۆزه‌خ، ئیدی له شه‌ڕدا سڤیله‌كانیش پتر ده‌بنه قوربانی نه‌وه‌ك به‌س شه‌ڕكه‌ره‌كان، یان ژیانییان لێ ده‌ڕفێنرێت، یان به‌شه ئازیزه‌كانی جه‌سته‌یان، به‌شێوه‌یه‌ك زۆرێك هه‌ن له‌وان تا مردن ده‌بنه بارگرانیی به‌سه‌ر له‌شی خۆیان و ژیانه‌وه.
شه‌ڕی داعش كه له‌نێوان ساڵی 2014 تا 2017ی خایاند ده‌یان هه‌زار قوربانیی لێ كه‌وته‌وه، ئه‌م شه‌ڕه به یه‌كێك له قورسترین شه‌ڕه‌كانی سه‌رده‌م داده‌نرێت، چونكه گرووپێكی چه‌كداریی ده‌وڵه‌مه‌ند توانی جیاواز له گرووپه چه‌كدارییه‌كانی دیكه سنووری دوو وڵات بكات به‌یه‌ك و ده‌وڵه‌تێكی له‌سه‌ر دابمه‌زرێنێت.
له‌م راپۆرته‌دا هه‌رچییه‌ك بنووسرێت و نیشان بدرێت ناكاته یه‌ك رۆژ له ساته پڕ ئازاره‌كانی ژیانی عه‌لی و هاوشێوه‌كانی كه ئیدی ژیان بۆ ئه‌وان وه‌كو جاران نابێته‌وه، به‌ڵام هێشتا به ئومێدی ژیانه‌وه‌ن و ده‌یانه‌وێت په‌له ده‌ستكرده‌كانییان ببێته راگرێك بۆیان و كه‌مێك له مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیانییان سووك بكاته‌وه.