ژيان

عێراق.. خوانی بەربانگی مانگی سوور و هێڵی ئاسمانی تورکیا بۆ پەنابەران

مانگی سووری تورکیا و هێڵی ئاسمانی تورک خوانی بەربانگیان بۆ هەزار و ٧٠٠ هاووڵاتیی مووسڵ ئامادە کرد کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون و ئاوارەی کەمپەکان بوون.

İdris Okuducu, Ramal Abdullah Mahmood  | 11.06.2017 - نوێکردنەوە : 12.06.2017
عێراق.. خوانی بەربانگی مانگی سوور و هێڵی ئاسمانی تورکیا بۆ پەنابەران

Arbil

هەولێر – AA

مانگی سووری تورکیا و هێڵی ئاسمانی تورک خوانی بەربانگیان بۆ هەزار و ٧٠٠ هاووڵاتیی مووسڵ ئامادە کرد کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون و ئاوارەی کەمپەکان بوون.

هاووڵاتییانی مووسڵ لە کەمپی حەسەن شام کە ٤٠ کیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە گیرساونەتەوە، دوێنێ لەگەڵ بانگی شێوان بەربانگیان کردەوە.

سەرکۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر محەممەد عاکیف ئینام، سەرۆکی لقی عێراقی مانگی سووری تورکیا سەردار یڵماز، کارمەندانی هێڵی ئاسمانی تورک و بەرپرسی کەمپی حەسەن شام رزگار عوبەید بەشدارییان لەو خوانەدا کرد.

سەرکۆنسوڵ ئینام بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، هاوکارییەکان لە مانگی رەمەزاندا تایبەتمەندی جیاواز لەخۆدەگرن و ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا خەڵکی مووسڵی لەبیر نەکردووە.

ئینام خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەهۆی ئەوەی لە کەمپێکی گەورەی وەک حەسەن شامدا خوانی بەربانگ ئامادەکراوە، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەیشی کرد کە رۆڵیان هەبووە لەم چالاکییەدا.

ئینام گوتیشی: "خوا یار بێت خوشک و برا پەنابەرەکانمان بە زووترین کات دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هاتنە ناو ئەو خەڵکە و کردنەوەی بەربانگ لەگەڵیان چێژێکی تایبەتی هەیە".

سەرۆکی لقی عێراقی مانگی سووری سەردار یڵماز سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەوان لەگەڵ گەلی عێراق بوون و بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا دەستی کۆمەکی و هاوکارییان بۆ خێزانە دەستکورتەکان درێژکردووە.

خالید جومعە کە بەهۆی پێکدادانەکان لەگەڵ خێزانەکەی ماڵەکەی بەجێهێشتووە و نزیکەی دوو مانگە لەو کەمپە گیرساونەتەوە، بەهۆی هاوکاری و کۆمەکی بەردەوامی دامودەزگا تورکییەکان سوپاسی گەلی تورکی کرد.

جومعە ئاماژەی بەوە دا ماوەیەکی دوورودرێژە لە سەر سفرەیەکی بەمجۆرە خوانی بەربانگیان نەخواردووە، گوتی: "خوا گەلی تورک بپارێزێت. زۆر دڵخۆشین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın