ژيان

هەولێر.. رۆژی ڤاڵانتاین

گوڵفرۆش، حوسێن سەلیم: " ئەمساڵ ٢٢٠ هەزار گوڵی سوورمان لە دەرەوە هاوردە کردووە بۆ ئەوەی لە رۆژی ڤاڵانتاین بۆ خەڵک ئامادەی بکەین و هەموو ئەوانەش لە رێگای بەغدا هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەین".

Hemin Hüseyin  | 14.02.2018 - نوێکردنەوە : 15.02.2018
هەولێر.. رۆژی ڤاڵانتاین

Arbil

هەولێر-AA

لە رۆژی ١٤ی شوباتی ھەموو ساڵێکدا، لە سەرانسەری جیھان، وەکو رۆژی خۆشەویستی رێز لەم رۆژە دەگیرێت و عاشقان رۆژێکی تایبەت بەسەر دەبەن، لەم رۆژەدا زۆر کەس لەگەڵ خۆشەویستەکانییان جەژن دەگێڕن و نامەی عاشقانە دەگۆڕنەوە یان کاتێکی پڕ لە خۆشی بەسەردەبەن. لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتان، ئەم رۆژە بە شێوەی جیاجیا بەڕێدەکرێت و عاشقان روو لە دوکانەکانی گوڵفرۆشی دەکەن تا گوڵی سوور پێشکەش بە خۆشەویستەکانیان بکەن و خاوەنی دوکانێکی گوڵفرۆشیش ئاماژە بەوە دەکات کە چەند رۆژێک پێشتر خەڵک سەردانی دوکانەکانییان دەکەن بۆ ئەوەی لە رۆژی ڤالانتیایندا گوڵە سوورەکانییان بە شێوەیەکی جوان بۆ ئامادە بکەین.

خاوەنی دوکانی سپار گوڵ، حوسێن سەلیم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان سەردانمان دەکەن بە تایبەت چەند رۆژێک پێش رۆژی ڤاڵانتاین بۆ ئەوەی بە پێی خواستی ئەوان گوڵەکانییان بۆ ئامادە بکەین و ئەمساڵیش خەڵکێکی زۆر، دە رۆژ پێشتر داوای کردووە کە گوڵەکانیان بۆ بڕازێنینەوە بۆ ئەوەی پێشکەشی خۆشەویستەکانیان بکەن، جگە لە گوڵیش هەندێک کەس کۆتری سپی دەهێنن تا بۆیان بڕازێنینەوە و ئەمەش وەکو ئاماژەیەکی خۆشەویستی و ئاشتیی بۆ خۆشەویستیەکانیان دەینێرن".

ئەو گوتیشی: "گوڵ جۆری زۆرە، گرانترین گوڵەکانی کە لە جیهاندا هەیە، لە جۆرەکانی لیسیانتوس، ڤالەری، گلۆریۆسا، سافڕۆن و گولەیت رۆس. لە هەرێمی کوردستانیش چەند جۆرێک گوڵ هەیە کە لە وڵاتانی هۆڵەندا و کینیا و ئیکوادۆر و هەندێک گوڵی دیکەش هەیە کە ماوەی پێنج ساڵ دەمێنێتەوە کە زیاتر لە هۆڵەندا و ئیکوادۆرەوە هاوردەی دەکەین".

حوسێن سەلیم هەروەها گوتیشی: "جگە لە رۆژی ڤاڵانتاین ئەوا رۆژی ئاهەنگەکانی دەرچوونی قوتابییان و رۆژی دایک و رۆژانی پێنجشەممەش خەڵک خواستیان لەسەر کڕینی گوڵ هەیە، بە گشتی لە بۆنەکان خەڵک خواستی لەسەر کڕینی گوڵ هەیە بۆ ئەوەی وەکو دیاری بیبەخشێت".

سەبارەت بە رێژەی هاوردەکردنی ئەمساڵ حوسێن سەلیم گوتی: "ئەمساڵ ٢٢٠ هەزار گوڵی سوورمان لە دەرەوە هاوردە کردووە بۆ ئەوەی لە رۆژی ڤاڵانتاینەوە بۆ خەڵک ئامادەی بکەین و هەموو ئەوانەش لە رێگای بەغدا هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەین".

ئەو گوڵفرۆشە ئاماژەی بەوەشکرد کە هێنانی گوڵ لە دەرەوە بە رێگای فڕۆکەخانەی بەغدا کاریگەری کردووەتەوە سەر نرخی گوڵەکان و گوتی: "لەبەر ئەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم داخراون بە رووی دەرەوەدا ئەوا ناچارین لە رێگای بەغداوە گوڵەکان هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەین و ئەمەش باج و خەرجییەکی زیاتری تێدەچێت بۆیە کاریگەری لەسەر نرخی گوڵەکان هەیە".

لە هەرێمی کوردستان، جگە لە بەخشینەوەی گوڵی سوور، عاشقان زۆر جار سێوی مێخەکڕێژ پێشکەشی خۆشەویستەکانییان دەکەن و ئەمەش یەکێکە لە دیارییە هەرە بە نرخەکان کە بۆ ماوەیەکی زۆر پارێزراو دەبێت و وێنەی دەگیرێت.

مێژووی ئەم رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رۆمانییەکان، ئەو کاتەی کە بتپەرستی لای رۆمانییەکان وەکو نەریتێکی باو بوو کە ئەوان ئەو جەژنەیان گێڕاوە کە گوزارشت لە خۆشەویستی بتەکان بکات، بۆ ئەم رۆژەش چەندین ئەفسانە دیکە هەیە کە لای رۆمانییەکان و دواتریش لای کریستیانەکان و بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی وڵاتانی جیھان ھەر بەردەوام بووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın