هونەر و كلتوور, ژيان

هەولێر.. مانگی سووری تورکی ١٥٠ سەر ئاژەڵی کردە قوربانی

- بەرپرسی مانگی سووری تورکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، گۆکسەن یەنیگول: "١٥٠ سەر ئاژەڵی گەورەمان کردووەتە قوربانی کە کۆی گشتییان دەکاتە ٣٥ تۆن و بەسەر نۆ هەزار خێزان دابەشی دەکەین و پێشبینی دەکەین کە بەشی ٥٠ هەزار کەس بکات".

Hemin Hüseyin  | 01.09.2017 - نوێکردنەوە : 02.09.2017
هەولێر.. مانگی سووری تورکی ١٥٠ سەر ئاژەڵی کردە قوربانی

Arbil

هەولێر - AA

لە درێژەی هاوکارییەکانییاندا، مانگی سووری تورکی لە رۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا لە سەربڕخانەی هەولێر، ١٥٠ سەر ئاژەڵی گەورەی سەربڕی و بەرپرسی ئەو رێکخراوەش ئاماژە بەوە دەکات کە رێژەیەکی زۆری قوربانییەکە بەسەر ئاوارەی کامپەکاندا دەبەخشرێتەوە.

بەرپرسی مانگی سووری تورکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، گۆکسەن یەنیگول لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو پڕۆژەیەمان بە تەنها لە عێراق نییە بەڵکو لە ٣٢ وڵاتی دیکە بەردەوامە و ئەمە چوارەمین ساڵە لە عێراق ئەم پڕۆژەیە ئەنجام دەدرێت و لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا توانیوومانە هاوکاری بگەیەنینە ٢١٠ هەزار خێزان".

گۆکسەن یەنیگول گوتیشی: "ئەمساڵیش ١٥٠ سەر ئاژەڵی گەورەمان کردووەتە قوربانی کە کۆی گشتی ٣٥ تۆنە و بەسەر نۆ هەزار خێزان دابەشی دەکەین و پێشبینی دەکەین کە بەشی ٥٠ هەزار کەس بکات".

سەبارەت بە شوێنەکانی دابەشکردنەکەش، گۆکسەن یەنیگول گوتی: "سەدا ٨٠ی گۆشتی قوربانی دەنێرین بۆ کەمپەکانی هەولێر و دهۆک، هەروەها لە سەنتەری شاری هەولێریش بەسەر خانەی بەساڵاچووان و منداڵانی بێ سەرپەرشتان دابەشی دەکەین".

بەرپرسی مانگی سووری تورکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، گۆکسەن یەنیگول ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ ئەمساڵ نزیکەی ١٩٣ هەزار دۆلار تەرخان کراوە بۆ قوربانی کردن.

پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی لە میانی بەسەرکردنەوەی سەربڕخانەی هەولێردا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ بە جیا چەند دەزگایەک ئاژەڵەکانییان کردووەتە قوربانی و ناردوویانە بۆ شوێنە جیاوازەکان.

پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی لە لێدوانێکدا گوتی: "ئەمڕۆ ئەو شوێنەمان بەسەر کردەوە بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستی کارەکان بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان بە رێکوپێکی سەرببڕدرێت و بدرێتەوە بە خاوەنەکانییان".

نەوزاد هادی گوتیشی: "پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ٣٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە و دوو هەزار ئاژەڵی بچووک سەرببڕێت بۆ قوربانیکردن کە ئەوانیش بە جیا لە لایەن مانگی سووری تورکی و دەزگای خێرخوازی بارزانی و کۆمەڵێک کۆمپانیا و دەزگای دیکەش بەشدارن کە زۆربەیان بۆ کەمپەکان دەینێرن و بەشێکیش لە خێرخوازان قوربانییەکان دەنێرن بۆ بەرەکانی جەنگ".

مانگی سووری تورکی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، بە بڕی ٥٩٥ هەزار دۆلار هاوکارییەکانی گەیاندووەتە هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆر لەو هاوکارییانەش بەسەر کەمپی ئاوارەکان دابەشکراوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın