ژيان

چیرۆکی دوو برا لە مووسڵ کە داعش دەستی راستی بڕیونەتەوە

- لە کاتێکدا دەیانویست ئەو راشییەی کە فرۆشتوویانە و پارەکەیان وەرنەگرتبوو، وەرگرنەوە و بە ''دزییکردن'' لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە تاوانبارکران و دەستیان بڕایەوە.

, İdris Okuducu  | 25.05.2017 - نوێکردنەوە : 26.05.2017
چیرۆکی دوو برا لە مووسڵ کە داعش دەستی راستی بڕیونەتەوە

Arbil

مووسڵ- AA 

لە کاتێکدا دەیانویست ئەو راشییەی کە فرۆشتوویانە و پارەکەیان وەرنەگرتبوو، وەرگرنەوە و بە ''دزییکردن'' لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە تاوانبارکران و دەستیان بڕایەوە، هەریەک لە ئازاد و محەمەدی برای، سەرەڕای ئاستەنگەکان، هەوڵی مانەوە لەژیاندا دەدەن.

ئەو دوو برایە ئاماژە بەوەدەکەن کە لەدوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بەسەر شاری مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقدا گرت لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤، هاوشێوەی هەمووان ئەوانیش ژیانیان لێ شێوا، باسیان لەوەشکرد سەرەتا لە گەڕەکی تەئمیمی شارەکە وەک خێزانێک کە لە ٩ منداڵ پێکهاتبوون و رۆڵەی باوکێکی خانەنشین بوون، بە شێوەیەکی ئاسایی ژیانیان بەسەر دەبرد.

ئەوان تیشکیان خستە سەر ئەوەی لەدوای دەستبەسەراگرتنی شارەکە لە لایەن داعشەوە، کارەساتی زۆریان بەسەردا هاتووە و سەرەتا برا گەورەکەیان کە پۆلیس بووە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە گولـلـەباران کراوە، دواتر بە تۆمەتی ئەنجامدانی ''دزیی'' دەستی راستی هەردووکیان بڕاوەتەوە، باوکیشیان لەکاتی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵدا قاچی برینداربووە و وەک دوایین کارەساتیش لە ئەنجامی بۆردومانی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق، خانووەکەیان داڕماوە.

ئازاد و محەمەد ئاشکرایان کرد دوای ئەوەی کە بێ خانوو مانەوە لە ئێستادا لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیاندا لە گوندی زێدانییەی سەربە قەزای حەمدانییە، خانوویەکی دوو ژوورییان بە کرێ گرتووە و ماوەی ٥ مانگە لەوێ دەژین، هاوکات داوای هاوکارییان لە حکوومەتی ناوەندیی عێراق کرد.

ئازاد سوڵتان حەسەن باسی لەوەکرد بەرلەوەی داعش دەست بەسەر شارەکەدا بگرێت ئەو وەک هەموو ئەوانی دیکە لاوێکی ئاسایی بووە کە تەواوی ئومێد و هیوای بە تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشەمی ئامادەییەوە و بە خەونی وەرگیران لە زانکۆ، کە هەرگیز نەهاتووەتە دی، گرێداوە.

ئەو باسی لەوەشكرد کە تاکە سەرچاوەی داهاتی خێزانەکەیان لەو سەردەمەدا بریتیی بووە لەو مووچەیەی باوکی کە بە هۆی داگیرکردنی شارەکەیان لە لایەن داعشەوە، نەیانتوانیوە ئەوەش وەربگرن و هەر بۆیە باوکی ناچاربووە کارگەیەکی بچووکی درووستکردنی راشی بکاتەوە، گوتیشی:

''هەموو شتێک ئەو کاتە دەستیپێکرد کە یەکێک لە بەرپرسانی باڵای داعش بە ناوی محەمەد عیسا سەردانی کارگەکەی کرد. ئەو بە بەهای نزیکەی دوو هەزار و ٤٠٠ دۆلار راشی لە ئێمە کڕی بەڵام پارەکەی نەدا. چەند جارێک داوای پارەی راشییەکەمان لە ناوبراو کرد، بەڵام وەڵامی ئەرێنی نەداینەوە. لە کۆتاییدا لەگەڵ براکەمدا بڕیارماندا بچین ئەو راشییە بێنینەوە کە پێمان فرۆشتبوو. دەرگای ئەو کۆگایەی داعشمان شکاند کە راشییەکەی تێدابوو، راشییەکەمان هێنایەوە''.

ئازاد ئاماژە بەوە دەکات دوای ئەوەی داعش بە رووداوەکەی زانی، بڕیاری دەستگیرکردنی داون و دەڵێت:

"ئەوەی مافی ئێمەبوو وەرمان گرتبوویەوە هەر بۆیە بەبێ ترس تەسلیم بووین. بەڵام دوای ئەوە زۆر مەترسیداربوو. لە شوێنێکی مووسڵ کە نازانم بە تەواوی کوێیە، یەک مانگ دەستبەسەر بووین. لەوێ هەموو ئەشکەنجیەکمان بینی. چاومان بەردەوام بەسترابوو. براینە دادگایەک کە لە لایەن داعشەوە دانرابوو. لەوێ کەسێکی لێبوو سعوودی بوو بە ناوی ئەبو حوسێن کە خۆی بە حاکم دەزانی، لەوێ بڕیاری مردن بەسەرماندا درا. دواتر سزاکەیان بۆ سووک کردین و بڕیار درا دەستی راستی من و براکەم ببڕن".

ئازاد ئاماژە بەوە دەکات کە بە چاوی بەستراوەوە هێنرانە گەڕەکی کەڕامە لە مووسڵ تاکو دەستیان ببڕن و گوتی:

"لە ٦ی ئایاری ٢٠١٥دا کاتژمێر١٠ی بەیانی بوو خەڵک لە گەڕەکی کەڕامە کۆکرانەوە نزیکەی هەزار کەس دەبوون، ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنیشی لێبوو. لەسەر مێزێک دەستی راستی هەردووکمانیان بڕی دواتر بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن براینە نەخۆشخانەی کۆماری، لەوێ رۆژێک ماینەوە و براینە ماڵ. دوای هەفتەیەک چەکدارانی داعش هاتنە ماڵەکەمان، گرتەی ڤیدیۆیی ئەو کاتەی دەستمان دەبڕن، تۆمار کرابوو دایان پێمان".

ئازاد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو خوازیاربووە بچێتە زانکۆ بەڵام ئێستا دەستی راستی نییە و ناتوانێت شت بنووسێت هەر بۆیە ئەستەمە.

ئەو قوربانیەی دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئێستا خێزانی پێکهێناوە و بەم نزیکانە منداڵێکیان دەبێت.

برای ئازاد بە ناوی محەمەد سوڵتان حەسەن کە ئەویش دەستی بڕاوەتەوە لە گوندە و سەرقاڵی کاری بیناسازییە لە سەعات ٥ی بەیانیەوە تا ٨ی ئێوارە کار دەکات تەنیا بۆ ٥ دۆلار.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın