سياسەت, ژيان

کچێکى ئێزدى بە بەشێک لە کەسوکارى شادبوویەوە

- دواى رزگارکردنى کچێکى تەمەن دە ساڵ لە لایەن نووسینگەى رزگارکردنى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش لە مووسڵ لە شارۆچکەى شێخان بە بەشێک لە کەسوکارى شادبوویەوە. بە هۆى قەدەغەکردنى بەکارهێنانى زمانى کوردى لە لایەن داعشەوە کچە زمانى کوردى لەبیر کردبوو.

Azat Muhammet  | 23.05.2017 - نوێکردنەوە : 25.05.2017
کچێکى ئێزدى بە بەشێک  لە کەسوکارى شادبوویەوە

Dahuk

دهۆک-AA

بەرپرسى نووسینگەى رزگارکردنى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش، حوسێن کۆرۆ رایگەیاند "دواى هەوڵ و ماندووبوونێکى زۆرى نووسینگەى رزگارکردنى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش هەروەها لە سایەى هەماهەنگى هێزەکانى پێشمەرگە و ئاسایشى هەرێمى کوردستان توانیمان ئەو کچە تەمەن دە ساڵییە لە چنگ تیرۆریستانى داعش رزگار بکەین، خۆشبەختانە پلانى رزگارکردنى دوو کچى دیکە سەرکەوتوو بووە تەنها ئەوە ماوە بیانگەڕێنینەوە هەرێمى کوردستان".

ئەو کچە کوردە ئێزدییە تەمەن دە ساڵەى لە مووسڵ لە لایەن نووسینگەى رزگارکردنى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش رزگار کرا، دانیشتووى گوندى گرعوزێرى سەربە شارۆچکەى شنگال، بە جۆرێک لە داعش شڵەژاوە هێشتا باوەڕ ناکات رزگار بووە و ترس و دڵەڕاوکێیەکى زۆر لە سیماى بەدى دەکرێت.

ئەو کچە دایک، باوک، خوشک و براکانى لەژێر دەسەڵاتى داعش ماون ئەوانەى لە پێشوازى گەڕانەوەى بوون داپیر و مام و خال و پورەکەی بوون کە نزیک دەبێتەوە لێیان داپیرى کچە رزگار بووەکە بە گوتنەوەى ووشەى (هۆ نازدارەکەم، هۆ شرینەکەم، جەرگەکەم و رۆڵەکەم) لە ئامێزى خۆى گرت، بە هەڵڕشتنى فرمێسک و گریانێکى بە کوڵ غەریبى سێ ساڵەى دوورى نەوەکەى لە دڵ دەردەکرد.

دواى ماچکردن و باوەشێکى گەرم داپیرى کچە رزگار بووەکە لێى پرسى ئایا دەمناسییەوە؟ لە وەڵامدا کچە رزگار بووەکە بە سەر هەژاندێک ئاماژەى بەوەدا کە دەیناسێتەوە، دواتر مام و خاڵەکانى لە ئامێزى خۆیان گرت فرمێسکى خۆشحاڵى بە چاوى یەک بە یەکیان دەهاتە خوار.

دواى شادبوونەوەى ئەو کچە کوردە ئێزدییە تەمەن دە ساڵە بەرپرسى نووسینگەى رزگارکردنى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش، حوسێن کۆرۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "ئەو کچەیش هاوشێوەى رزگاربووانى دیکە لە لایەن نووسینگەى رزگارکردنى رفێنراوانى ژێر دەستى داعش رزگار کراوە، ئەمەیش لە سایەى هەماهەنگییەکانى نووسینگەکەمان لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە و ئاسایشى هەرێمى کوردستان رزگار کراوە، پەنا بە خوا ژمارەیەکى دیکەش ماون لە ئایندەیەکى نزیکدا مژدەى رزگارکردنى کچ و ژنى زیاتر بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنین".

دەشڵێت "ئەو کچەى ئەمڕۆ رزگارمان کردووە تەمەنى دە سألە و لە تەمەنى حەوت ساڵى کەوتووەتە دەست داعش. لە ماوەى سێ ساڵى ژیانى ژێر دەستى داعش هەموو جۆرە نەخۆشییەکى بینیوە و لە ئێستادا بارى دەروونى ناجێگرە، داعش زمانى عەرەبى بەسەردا سەپاندوون و ئەو کچە رزگار بووەش نموونەیەکە بۆ قسەکانمان چونکە کوردى لەبیر کردووە تەنها بە عەرەبى قسە دەکات، ئەو کارەى داعش درێژە پێدەرى دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانى حکوومەتى عێراق بووە بەرامبەر کوردانى ئێزدى بە تایبەتى و هەرێمى کوردستان بە گشتى".

کۆرۆ ئاشکراى دەکات کە تا ئێستا بەو کچەى ئەمڕۆ رزگار کراوە ٣ هەزار و ١١ کەس لەژێر زوڵم و ستەمى داعش رزگار کراون و کەمتر لە ٣ هەزار ٤٠٠ کوردى ئێزدى لە دەست داعش ماون، هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبێت بۆ رزگارکردنى هەموو دیلەکانى ژێر دەستى داعش جا چ لە عێراق بێت یان لە سووریا.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın