خۆپیشاندانی خوێندکاران لە سلێمانی و دەورووبەری بەردەوامی هەیە و چەندین شەقام داخراون
خۆپیشاندانی بەرفراوانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی سەربە پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای هەڵەبجە بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامی هەیە.
As Sulaymaniyah
سلێمانی-AA
خۆپیشاندانی بەرفراوانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی سەربە پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای هەڵەبجە بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامی هەیە و خوێندکاران چەندین رێگای سەرەکییان بەڕووی هاتوچۆدا داخستووە.
ئەمڕۆ بۆ رۆژی سێیەم، خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی دەرماڵەی مانگانە لە شارەکانی سلێمانی، کەلار، هەڵەبجە بەردەوامی هەیە و خوێندکاران چەندین رێگایان بەڕووی هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلدا داخستووە.
کاتژمێر٩:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ، خوێندکاران لەنێو زانکۆی سلێمانی گردبوونەوە و بە رێپێوان چوونە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی و لەئێستادا رێگای سەرەکی سلێمانی-کەرکووک-هەولێریان گرتووە.
لە هەڵەبجەی تازەش خوێندکارانی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، شەقامێکی سەرەکییان گرتووە و لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەش، خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە، رێگای سەرەکی چوونە نێو شارەکەیان گرتووە و داوای خەرجکردنی دەرماڵە دەکەن.
خۆپیشاندانەکانی رۆژی سێیەمی خوێندکاران لە کاتێکدایە کە لە دوینێ لە کەمپی نوێ و تازەی زانکۆی سلێمانی دوای ئەوەی هێزەکانی بەرگریی فریاکەوتن رێگرییان لە خوێندکاران کرد بچنە سەر شەقام، گرژی و ئاڵۆزی لەناو حەرەمی زانکۆدا دروست بوو، بەهۆیەوە دوو خوێندکار و چەند کارمەندێکی ئەمنی برینداربوون.
ماوەی چەند ساڵێکە دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە هەرێمی کوردستان بڕاوە و ئێستاش خوێندکاران بەمەبەستی پێدانی ئەو دەرماڵانەیان کە بە بڕی جیاواز دەبەخشرایە خوێندکارانی ناوخۆ و دەرەوەی شارەکان کە لە پەیمانگا و زانکۆکانی هەرێم دەوامیان دەکرد، زۆرێک لە خوێندکارانی پەیمانگاکان و زانکۆکان لە هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان رۆژانە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن و هەندێک جار شەقامە سەرەکییەکانی شارەکان دەگرن و بەڕووی هاتوچۆدا دایدەخەن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن