Zana Natık Kerem
26 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
لە بەغدا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بەھای دراوی دیناری عێراقی ئەنجامدرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکاندا، دابەزینی زیاتر تۆمارکرد، بەجۆرێک ١٠٠ دۆلار بە سەرووی ١٥٥ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەرزبوونەوەی دۆلار بەرامبەر بە دینار، ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەری لە بەغدا ھێنایە سەر شەقام و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکەیان لە بەردەم باڵەخانەی بانکی ناوەندیی عێراق گردبوونەوە.
ھەروەھا خۆپیشاندەران داوایان لە حکوومەت کرد، رێوشوێنی پێویست بۆ دابەزینی بەھای دینار بەرامبەربە دۆلار بگرێتەبەر و وەک خۆیان رایگەیاند، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەربە دۆلار کاریگەری زۆری لەسەر بژێوی ژیانیان دروست کردووە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە لە شەشی تشرینی دووەی ساڵی ٢٠٢٢وە تا ئێستا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردنی بە دۆلار لە ١٨ بانکی عێراق قەدەغە کردووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو بانکانەی عێراق کە بەھۆی ئەوەی مامەڵەکردنی بە دۆلاری لێ قەدەغەکردوون، چونکە دۆلاریان بە قاچاغ، بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە لەلایەن واشنتۆنەوە سزایان بەسەردا سەپێدراوە.
سەرەڕای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق تا ئێستا، زنجیرەیەک رێوشوێنی بە ئامانجی جێگیرکردنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی گرتووەتەبەر، بەڵام ھێشتا نرخی دۆلار بەرامبەربە دینار روو لە بەرزبوونەوە.
ئابوورییناسان ئاماژە بەوەدەکەن ئەگەر رەوشەکە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزا بەسەر بانکی ناوەندیی عێراقیشدا بسەپێنێت کە ئەو کات دیناری عێراقی بەھاکەی زیاتر بەرامبەر بە دۆلار لەدەستدەدات.