Ferdi Türkten
31 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "سوورم لەسەر ئەوەی بەڕێز پوتین و بەڕێز زێلێنسکی بەیەکەوە کۆببنەوە، بە هەردووکیان دەڵێین 'ئیدی ئامانجمان ئەوەیە بەزووترین کات ئێوە پێکەوە کۆبکەینەوە'".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ ئۆزبەکستان، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لە رۆژەڤە گرنگەکانی ناوچەکە کرد.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە دوای چوار ساڵ توانیویەتی جارێکی دیکە سەردانی ئۆزبەکستان بکات و لەگەڵ هاوتا ئۆزبەکەکەی چەند کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار ساز بکات، ئەوەشی دووپات کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئۆزبەکستان بۆ ئاستی "هاوپەیمانی ستراتیجیی فراوان" بەرزبووەتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە لە میانی ئەم سەردانەدا، ١٠ رێککەوتننامە لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کراوە و لەسەر ئەوەش رێککەوتوون کە قەبارەی بازرگانی نێوانیان لە ٣،٥ ملیار دۆلارەوە بۆ پێنج ملیار دۆلار بەرز بکەنەوە.
ئەردۆغان لە بارەی کەرتی گەشتوگوزاریشەوە گوتی: "ساڵی رابردوو ٢٧٠ هەزار خوشک و برای ئۆزبەکی سەردانی وڵاتەکەمانیان کردووە، هیوادارین ئەمساڵ لەگەڵ کەمبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ژمارەی گەشتیارەکان زیاترببێت و بگاتە ٥٠٠ هەزار".
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد کە لە ئۆزبەکستان سەردانی شاری مێژوویی هیڤەی کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، وەک پایتەختی فەرهەنگی جیهانیی تورکی ناسێندراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و ئەگەری پێکەوە کۆبوونەوەی پوتین و زێلێنسکی، رایگەیاند "سوورم لەسەر ئەوەی بەڕێز پوتین و بەڕێز زێلێنسکی بەیەکەوە کۆببنەوە، بە هەردووکیان دەڵێین 'ئیدی ئامانجمان ئەوەیە بەزووترین کات ئێوە پێکەوە کۆبکەینەوە'".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی هەڵوێستی تورکیاش لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا گوتی: "دوای ئەو رۆڵە گرنگەی تورکیا بۆ هێنانەکایەی ئاشتەوایی گێڕای، ئەوە دەبینرێت کە هەڵوێستی یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا بەرامبەر بە وڵاتەکەمان گۆڕاوە. تورکیا لە کۆتاییدا بووە خانەخوێ و ئیدی هەوڵی میوانداریکردنی شاندە دانوستانکارەکان دەدات".