Tuğba Altun,Can Efesoy
26 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان سەبارەت بە کارەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا ڕایگەیاند: "تورکیا وڵاتێکی بەهێز و گرنگی ناوچەکەیە. بەدڵنیاییەوە دەوری گرنگ دەگێڕێت لە جێبەجێ کردن و بەردەوامی ئاشتیی و پاراستنی ئاگربەستدا".
فیدان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی جۆرجیا، ماکا بۆتجۆریشڤیلی لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
هاکان فیدان باسی لەوە کرد کە گەورەترین بەربەست لە بەردەم ئاشتیی و سەقامگیریی ناوچەکەدا شەڕانگێزیی ئیسرائیلە لە ئاستیی هەرێمییدا، لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی لە فەڵەستین ڕوو دەدەن و، ڕایگەیاند: "گوتەکانی (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین) ناتانیاهو لە بارەی سووریا بە ئاشکرا نیشانی دەدات لەگەڵ ئاشتیی نییە. دەبێت ئیسرائیل کۆتایی بەفراوانخوازی ناوچەیی بهێنێت کە لەژێر پەردەی دامەزراندنی ئاسایشدا درێژەی پێدەدات".

سەبارەت بە سووریا فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا هەردەم بەرگریی لەوە دەکات کە پێویستە داهاتووی سووریا لەلایەن گەلی سووریاوە دیاریبکرێت و ڕایگەیاند: "ڕێکخستنی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی وەک بەشێکی گرنگیی هەوڵی گەلی سووریای دەبینین بۆ داهاتووی. پێمانوایە ئەم کۆنفرانسە هاوکار دەبێت لە درێژەدان بە پرۆسەی ڕاگوزەر لە سووریا بە شێوەیەکی گشتگیر و دامەزراندنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە هەستی یەکگرتوویی و ئایندەی خۆشگوزەرانی هاوبەشی گەلی سووریا. چاوەڕوانین هەنگاوەکانی پاش قۆناغی ڕاگوزەری سیاسیی گشتگیر بن و بەشێوەیەک بن ڕێگە بە بزوتنەوە جوداخوازییەکان نەدەن".
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، هاکان فیدان ڕایگەیاند: "تورکیا وڵاتێکی بەهێز و گرنگی ناوچەکەیە. بەدڵنیاییەوە دەوری گرنگ دەگێڕێت لە جێبەجێ کردن و بەردەوامی ئاشتیی و پاراستنی ئاگربەستدا. لەو ڕووەشەوە تورکیا توانایەکی گەورەی هەیە".
