Zana Natık Kerem
29 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2016
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی قوربانیانی ئەو تەقیینەوە خۆكوژییە كە ئەمڕۆ لە باشووری یەمەن روویدا، بۆ زیاتر لە 100 كوژراو و بریندار بەرزبووەتەوە.
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی پزیشكانی بێ سنوور لە یەمەن رایگەیاند، بەپێی دوایین ئامار كە لە بەردەستیان دایە، ژمارەی قوربانیانی ئەو تەقیینەوە خۆكوژییە كە بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای عەدەنی باشووری یەمەن روویدا، بەرزبووەتەوە بۆ 45 کوژراو و 60 بریندار.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە گەڕەكی شێخ عوسمان لە پارێزگای عەدەن لە باشووری یەمەن كەسێكی خۆكوژ لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو، خۆی بە بارەگایەكی هێزەكانی بەرگری گەل دا تەقاندەوە و لە ئامارە سەرەتاییەكاندا راگەیەنرا كە بەهۆی ئەو کردەوە خۆکوژییەوە 15 كەس كوژران و 10ی دیكەش بریندار بوون.
پێشتریش سەرچاوەیەك لە هێزی بەرگری گەل بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، بەهۆی سەختی برینی بریندارەکان پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراوەكان دەكرێت.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ماڵپەڕی ئەعماق کە سەر بەو رێکخراوەیە، بەرپرسیاریەتی ئەو تەقیینەوە خۆکوژییەی گرتە ئەستۆ.