Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
09 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە میانی ئێوارە خوانێکدا لە واشنتۆن، پەیامی هاریکاریی بنیاتنەرانەی دوولایەنەیان دا.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی کە رۆژی دووشەممە دەستی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ئەمریکا کرد لە ئێوارە خوانێکدا کە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤن منوچین میوانداریی دەکرد، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوویەوە.
لە میانی گوتەیەکدا کە لە خوانەکەدا پێشکەشیکرد، ترەمپ بە ستایشەوە باسی لەو وەبەرهێنانانە کرد کە قەتەر لە ئەمریکا کردوویەتی و جەختی لەوەشكردەوە کە وەبەرهێنانی نوێ لە رێگادایە و ئەوان ئێجگار بەمە خۆشحاڵن.
ترەمپ تیشکی خستەسەر ئەوەش کە رۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ ئال سانی کۆدەبنەوە و رایگەیاند "دەزانم کە هەموو شتێک (لە نێوان هەردوو وڵاتدا) زۆر باش دەبێت. ئێوە هاوپەیمانێکی زۆر بەنرخن و لەبارەی بنکەیەکی سەربازیی گەورە و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی، زۆر هاوکاری ئێمە بوون".
لای خۆیشییەوە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئاماژەی بە زۆریی بوارەکانی هاریکاریی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد و گوتی: "ئەم سەردانەم جەختکردنەوەیە لەو نموونەییبوونە هاوبەشەی کە لە نێوانماندا هەیە. ئەمڕۆ لێرەدا هاوبەشیی بەهێزی ئابوورییمان پیرۆزدەکەین".
میری قەتەر گوتیشی: "بەداخەوە لە ناوچەکەماندا کەسانێک هەن کە هاوڕانیین لەگەڵمان. لەدونیای ئەمڕۆماندا پەیوەندیی هاوپەیمانیی لە رێگەی هاوبەشیی دیارییکراوەوە ئەنجامدەدرێت و هەندێک هاوپەیمانی دیارییکراو بەڕاستی دۆست نیین، بەڵام ئەمریکا و قەتەر، هاوبەش، هاوپەیمان و دۆستن".