Mahmut Geldi
13 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2022
کەرتی غەززە - AA
بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی "حەماس" رایگەیاند کە گەشتەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی دۆزی فەڵەستین، خزمەت بە ئیسرائیل دەکات.
گوتەبێژی حەماس، حازم قاسم لە لێدوانێکی نووسراودا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە دیدار و کۆبوونەوە چەند رۆژییەکەی جۆ بایدن کرد کە لە ئیسرائیل، فەڵەستین و سعوودیە ئەنجامی دەدات و رایگەیاند ''رەنگە لە پێناو پاراستنی پڕۆژەی زایۆنیستیدا سەردانەکە، دابەشکارییە ناوچەییەکان قووڵتر بکاتەوە''.
حازم قاسم باسی لەوە کرد کە ئامانجی هەموو ئەو سەردانانەی تا ئەمڕۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە ئەنجامیانداوە خزمەتکردن بووە بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و رایگەیاند ''سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بایدن، جگە لە خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی دۆزی فەڵەستین، هیچی دیکە نییە''.
گوتەبێژی حەماس، حازم قاسم داوای یەکڕیزی لە گرووپە بەرگرییکارەکان کرد دژبە سیاسەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و رایگەیاند ''دامەزراندنی هاوپەیمانیی سەربازیی کە ئیسرائیلیشی لەنێودایە و فراوانکردنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل-عەرەب لە میانی سەردانەکەی بایدن-دا، مەترسییەکی ستراتیجییە بۆ دۆزی فەڵەستین، هەروەها دژبە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە''.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە رۆژانی ١٣-١٦ی تەمووزدا، سەردانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە ئیسرائیل، کەناری خۆرئاوا و سعوودیە دەگرێتەوە.