Dildar Baykan Atalay
11 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2022
واشنتۆن - AA
لە پەیوەندی تەلەفۆنیی نێوان گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سوڵیڤان دا کۆمەڵێک بابەتی دووقۆڵی و هەرێمایەتیی تاوتوێ کران، بەتایبەتی ئۆکراینا.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئیمیلی هۆرن لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوێنێ کاڵن و سوڵیڤان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
هۆرن باسی لەوە کرد کە کاڵن و سوڵیڤان بابەتی کەمکردنەوەی گرژییەکانیان تاوتوێ کردووە بە رێگای دیپلۆماسیی و هەوڵەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ناتۆ بۆ بەرگرتن لە شەڕەنگێزی زیاتری رووسیا دژبە ئۆکراینا و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە لەبارەی زۆر بابەتی هەرێمیی لەنێویشیاندا پێشهاتەکانی کازاخستان.
گوتیشی: "کاڵن و سوڵیڤان هاوڕابوون لەسەر بەردەوامی دان بە سەقامگیریی و یەکڕیزیی لە بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا و پێکەوە کارکردن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئاساییبوونەوە دۆخی قەوقاز، هەروەها سوڵیڤان جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی کردەوە بۆ کۆتاییهێنانی بە پێکدادانەکانی ئەسیوپیا".
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان و پەرەپێدانی هاریکارییە بەرگرییەکان کراوە.