Dildar Baykan Atalay
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2022
واشنتۆن -AA
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە رووسیا لە رێگەی نووسراوێکەوە وەڵامی پێشنازەکانی واشنتۆنی سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە قەیرانی ئۆکراینا-رووسیا، داوەتەوە.
بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا کە رووسیا وەڵامی پێشنیازەکانی واشنتۆنی سەبارەت بە پرسی ئۆکراینا داوەتەوە.
بەرپرسە باڵاکە گوتی: "دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە وەڵامێکی نووسراومان لەلایەن رووسیاوە بەدەست گەیشتووە. تاوتوێکردنی وردەکاریی وەڵامەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا بۆ رای گشتی بێ سوود دەبێت، ھەربۆیە قسەکردن لەسەر وەڵامەکە بۆ رووسیا بەجێدەھێڵین".
بەرپرسەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەمڕۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجام دەدەن و گوتی: "ئێمە بەردەوامی بە پەیوەستبوونی خۆمان بە دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین، بەردەوام دەبین لە پەیوەندیی نزیک لەگەڵ ھاوبەش و ھاوپەیمانەکانمان بە ئۆکرایناشەوە".
- ئەمریکا، ھەفتەی رابردوو وەڵامی پێشنیازە ئەمنییەکانی رووسیا-ی دابوویەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە ٢٦ی کانوونی دووەمی رابردوودا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە، رایگەیاندبوو کە لە رێگەی نووسراوێکەوە وەڵامی پێشنیازە ئەمنییەکانی رووسیا سەبارەت رۆژھەڵاتی ئەورووپا داوەتەوە.