شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ڕژێم و گرووپەکانی نەیاری ڕژێم لە گەڕەکەکانی دەرەوەی حەلەب
دانیشتوانی ناوچەکانی حەلەب و ناوەندی شارەکە بەرەو دیمەشقی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێم هەڵدێن.
Halab
ئیدلب - AA
لە کاتێکدا لە گەڕەکەکانی دەرەوەی حەلەب لە باکووری سووریا شەڕ و پێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی نەیاری ڕژێم و هێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەردەوامە، دانیشتوانی ناوچەکانی حەلەب و ناوەندی شارەکە بەرەو دیمەشقی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێم هەڵدێن.
شەڕ و پێکدادانەکان کە سەرەتا لە بەرەبەیانی ٢٧ی تشرینی دووەم لە گوندەواری ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب دەستیپێکرد، بەدرێژایی ڕۆژەکە بەردەوام بوو.
گرووپە چەکدارەکانی نەیاری ڕژێم کە لە ٢٧-٢٨ی تشرینی دووەمدا لە گوندەواری ڕۆژئاوای حەلەبەوە بەرەو ڕۆژهەڵات بە خێرایی پێشڕەویان کرد، تێکڕا ٥٦ گوند و خاڵیان کۆنترۆڵ کردووە.
دوێنێ بەیانیش لە ناوچەی سەراقیب لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، شەڕ و پێكدادانی چڕ ڕوویدا.
گرووپە چەکدارەکانی نەیاری ڕژێم، دوێنێ و ئەمڕۆ لە هێڵی پێشەوەی شەڕ لە ئیدلب دەستیان بەسەر ١٢ گوندی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمەکەی ئەسەدا گرت.
هەروەها ئەو گرووپانە لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب تێکڕا دەستیان گرتووە بەسەر ١٤ گوند و خاڵی دیکەدا. بەو شێوەیەش لە ماوەی سێ ڕۆژدا لەو دوو پارێزگایەدا دەستیان بەسەر ٧٠ ناوچەی نیشتەجێبوون و خاڵدا گرتووە.
هاوکات شەڕ و پێکدادانەکان لە نەرایب و سەراقیب کە پێگەی ستراتیجیان هەیە بەردەوامە.
لە بەیانی ئەمڕۆوە شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شاری حەلەب دەگوزەرێت.
لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکەکانی دەرەوەی حەلەب چڕبوونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لە حەلەبەوە بەرەو شام دەستیان بە کۆچ کردووە.
گرووپە چەکدارەکانی نەیاری ڕژیم لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دەرەوەی حەلەب دەستیان بەسەر ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستیی سەربە ڕژیمدا گرتووە کە بەمەبەستی سەربازی بەکارهێندراوە و، دەگوترێت چەکی گرنگی وەک بۆمبی بەرمیلی و گولە تۆپی تێدا بەرهەمدەهێندرێت.
هاوکات گرووپەکان دەستیان بەسەر گەورەترین ناوچەی نیشتەجێبوونی سەربە حەلەبدا گرت.
گرووپەکانی نەیاری ڕژێم تا بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب، ڕووبەرێکی ٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان کۆنترۆڵ کردووە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن