Hamdi Yıldız
12 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2022
قودس- AA
فەڵەستینییەکانی شارە جیاوازەکانی ئیسرائیل، خۆپیشاندانیان دژی کوژرانی رۆژنامەنووسی کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە ئەنجام دا.
بەگوتەی ئەو شایەتحاڵانەی کە لێدوانیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو داوە لە شاری حەیفا باکووری ئیسرائیل، سەدان کەس لە دوو خاڵی جیاوازدا خۆپیشاندانیان ساز کردووە.
خۆپیشاندەران ئاڵای فەڵەستین و چەندین دروشمی وەک "لە حەیفاوە سڵاو بۆ شیرینی بەشەرەف" و "کوشتنی رۆژنامەنووس ئەبو عاقلە تاوانە"یان بەرز کردبووەوە.
هەروەها ماڵپەڕی عەرەب ٤٨ لە هەواڵێکدا ئەوەی بڵاوکردەوە کە لە شارەکانی ناسیرە و شەفا عامر، سەدان هاووڵاتی خۆپیشاندانیان ساز کردوە و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی خۆپیشاندانەکانیان لێئەنجامدراوە، رێوشێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتووەتەبەر.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، خانمە پەیامنێر شیرین ئەبو عاقلە-ی تەمەن ٥١ ساڵ لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل کە گولـلەی راستەقینەیان بەکارهێناوە، سەری بە سەختی بریندار بووە و پاشان گیانی لەدەستداوە.
شیرین ئەبو عاقلە رووماڵی ئەو هەڵمەتەی دەکرد کە دوێنێ سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جەنین ئەنجامی دا.
شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری قودس لە دایکبووبوو و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پەیامنێری کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئەلجەزیرەی قەتەری بوو لە کەناری خۆرئاوای داگیرکراو.