Sarmand Hameed
31 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2022
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن دەرەنجامی سەردانەکەی بۆ ئێران لەگەڵ هاوتا سعوودیەکەی، فەیسەڵ بن فەرحان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حوسێن و فەیسەڵ بن فەرحان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی سعوودیە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەل و حکوومەتی عێراق دووپات کردووەتەوە لە بارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکە و رایگەیاندووە ریاز ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر پشتیوانییەک کە ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی عێراق و گەلەکەی لە هەر دابەشبوون ململانێیەکی ناوخۆی و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا باسیان لە دەرەنجامەکانی سەردانی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئێران کرد و باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ریاز و تاران کرد.
رۆژی رابردوو، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، هاوکات لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، عەلی شەمخانی، کۆبووەوە.
جێی ئاماژەیە، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکی نێوان تاران و ریاز، تا ئێستا عێراق میوانداریی چەند گەڕێکی دانوستانی لەنێوان ئێران و سعوودیەدا کردووە.