Abdullah Shukur
16 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2017
پاریس - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئێمانوێل ماکرۆن رایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە کە لە چەند مانگێکی داھاتوودا ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو رێککەوتنامەی ژینگەی پاریس دەدات.
ماکرۆن لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی Journal le Dimancheی فەڕەنسی ھەڵسەنگاندنی لەبارەی بۆچوونی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر رێککەوتنامەی ژینگەی پاریس کرد.
ماکرۆن گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ھەوڵدەدات چارەسەرێک لەبارەی رێککەوتنامەی ژینگەی پاریس لە چەند مانگێکی داھاتوو بدۆزێتەوە. هاوکات تاوتوێمان لەسەر وردەکارییەکانی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو ئەو رێککەوتنامەیە کرد".
ماکرۆن ئاشکراشی کرد کە ئەو دەیەوێت ئەمریکا لە نێو ئەو رێککەوتنامەیەدا بمێنێتەوە و بەشداربێت لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری ژینگەیی.
ترەمپ لە مانگی حوزەیرانی رابردوو کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنامەی ژینگەی پاریس راگەیاندبوو. لە کاتێکدا ٢٠٠ وڵات لە ساڵی ٢٠١٥ ئەو رێککەوتنەیان پەسند کردبوو.