Zana Natık Kerem
16 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
ئینگیبجۆرک سۆلروون گیسلادۆتیری ئایسلاندی وەک جێگری نوێی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ھەڵبژاردن لە عێراق دەستنیشانکرا.
بەپێی راگەیەنراوێکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێریس رایگەیاندووە کە ئینگیبجۆرک سۆلروون گیسلادۆتیری وەک جێگری نوێی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و پرسی ھەڵبژاردن لە عێراق دەستنیشانکراوە.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئینگیبجۆرک سۆلروون شوێنی ئالیس وۆلپۆلی بەریتانی دەگرێتەوە کە کارەکەی لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢١ کۆتایی دێت. لای خۆشیەوە، ئەنتۆنیۆ گوتێریس سوپاسی ئالیس وۆلپۆلی کردووە لە بەرامبەر ئەو حزمەتەی کە لە ساڵی ٢٠١٧وە لە عێراق ئەنجامی داوە.
باس لەوەشکراوە کە ئینگیبجۆرک سۆلروون ئەزموونێکی باسی لە دیپڵۆماسی و سیاسەت ھەیە و پێشتر بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیمانگا دیموکراتییەکان و مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی ئاسایش و ھاریکاری لە ئەورووپا بووە و دواتریش وەک سەرۆکی نێردەی چاودێریکردنی ھەڵبژاردن لە ئۆکراینا خزمەتی کردووە.
ھەروەھا ئینگیبجۆرک سۆلروون بەڕێوەبەری ھەرێمایەتیی ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە لە ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاستدا، جگە لەویش نوێنەری ئایسلاند بووە لە تورکیا و ئەفغانستان و لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٧ و ٢٠٠٩ وەزیری دەرەوەی ئایسلاند بووە و بۆ ماوەی حەوت ساڵیش ئەندام پەرلەمان بووە، ئەو ھەروەھا ئەندامی تۆڕی میانگیریی ژنانی ئەسکەندەنافیاش بووە. ئینگیبجۆرک ماستەری لە زانکۆی ئایسلاند لە مێژوو و ئەدەبدا ھەیە وبەم دوایانەیش لە زانکۆی کۆپنهاگن لە بواری مێژوودا پەرەی بە خوێندن داوە.